بە کورتی حاڵ و باڵی خەڵک

لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 5 خولەک  1037 بینین

دیارە من ناتوانم وەک پێویستە باسی حاڵ خۆشی و ناخۆشی خەڵکی ئەو دەوڵەتە گەورەیە بکەم. جا مەگەر درۆ دروست کەم؛ یان بێخەبەر وەک شیووعییەکانی عێراق مل لە فڕ و فیشاڵ نێم و کێچ بکەم بە گا؛ یان وەک ئامریکا پەرستەکان بە باشەکەشیان بڵێم خراپ. تەنیا نیازم وایە من ئەو ڕۆژە کە دەبێتە بیست و پێنج ساڵ لەمەوبەر (کە ساڵی ١٩٥٩)، ئەو کەمەی دیومە باسی بکەم. حەزیش دەکەم وەک کابرا نەبین کە دەیگوت: «لە وڵاتی کۆمۆنیستی هەموو هەفتە باران بۆ تووتن دەبارێ»، یان لامان وابێ هەر ئێعلانی دەوڵەتی کۆمۆنیستی کرا، دەس بەجێ شیر و هەنگوین لە عاسمان ڕۆدەڕژێ. دەبێ بزانین وڵاتێکی فەقیر کە ڕژیمی گۆڕا، دەبێ ئەو فەقیرانە زۆر ماندوو بن، وردە وردە حاڵی خۆیان خۆش کەن. «کەس لە پڕێ نابێتە کوڕێ»...

مەلا مستەفا کە تازە لە ڕووسیا هاتبۆوە، دەربارەی ژیانی وڵاتی ڕووسیان لێ دەپرسی. جارێک گوتی: «حاڵی گوندنشینەکانی دەشتی هەولێر لە حاڵی گوندنشینەکانی ڕووسیە خۆشترە». دیار بوو نەیدەویست درۆ بکا. شیووعی و پارتی لیچیان هەڵدەقرچاند و دەیانگوت هەڕەی لە بڕە نەکردۆتەوە؛ هیچی لێ تێناگا.

بزنەگەلێکی کەم و گاڕانێکی زۆر لە کەڵخۆزەوە دەردەچوو. بۆیان گێڕامەوە کە هەر گوندییەک بیەوێ مانگا ڕاگرێ دەبێ لە دەوڵەت وەرگرێ؛ ڕۆژێ ئەوەندە شیر، ئەوەندە ڕۆن بدا. مانگا و گوێلک ساغ بن، ئەگەر بمرن دەبێ شایەتی دوکتوریان لەسەر بێ کە بە فڵان نەخۆشی فەوتاون. دەبێ ساڵێ ئەوەندەش گۆشت بدا. ئەگەر مانگا و گوێلک سەر نەبڕێ، گۆشت لە چی بدا؟ دەبێ لە بازاڕ بیکڕێ و بیدا بە کاربەدەستی کەڵخۆز. ئەم قسانەم لە غەیر بیست؛ ڕاست یان درۆ وەباڵ بەستۆیان. بەڵام خۆم ڕۆژێک لەسەر گۆلاوێک شەش مراویم دیت، پیاوێکیان بە دیارەوە بوو. گوتم: «تۆ کاسب نیت، مراوی هیچ زەحمەتی نییە. ئەگەر زۆرترت ڕاگرتبا باشتر بوو». سەرێکی لێ ڕاوەشاندم: «برا، بە دەست ئەوانەش پێوە بووم. ئەوەندە هێلکەی لێم دەستێنن هیچم بۆ نامێنێ». جا ئەگەر ئەو شتانە ڕوو بدەن، دیارە حاڵی ئەوانەی لە کوردستان حەیوان بە دۆخە وەردەگرن، خۆشترە. دووکانێک لە نزیک دەروازەی ئاسایشگا بوو؛ خەڵکی کەڵخۆزەکە دەهاتن، سەفیان دەکێشا، تا ماشین لە مۆسکۆوە نانی دەهێنا؛ ئەسا بە نۆرە نانی خۆیان دەکڕی. دیار بوو خەڵکی گوند بۆخۆیان ئارد ناکەنە نان. ڕۆژێک لە یەکێکم پرسی: «زەوی ئەگەر تەڕی و قوڕی بێ، لەوانەیە ماشین بچەقێ. ئەو خەڵکە بۆ نان چ دەکەن؟» گوتی: «قەت ماشین ناچەقێ و نان هەر دێت!».

ڕۆژنامەم لە بەغداوە بۆ هاتبوون. لە (اتحادالشعب) ئۆرگانی حیزبی کۆمۆنیستی عێراقدا لە شوێنێکدا نووسرابوو: «خانەوادەی وەرزێڕان لە زەحمەتی چێشت و نان کردن و قاپ شتن ڕزگار بوون. هەموو شت ئۆتۆماتیکە: زەنگێک لێ دەدا، فڵان خواردن بنێرە، سفرەیەک دێتە سەر مێز ڕادەخرێ، قاپە شێوەکان بە شوێن یەکدا ڕیز دەبن. پاش نان خواردن، زەنگ لێ دەدرێتەوە، سفرە و زەرف سەربەخۆ دەچنەوە مدبەقی مەرکەزی گوند، لەوێ دەشۆرێن». باوەڕ کە لەو دەمەدا کە ئەمەم دەخوێندەوە، سەفی نان کڕان سەدان میتر لە دیاری دووکان وێستابوون؛ تا ماشێن دێت و نان دەکڕن!!

ڕۆژێک دەگەڵ کیژێکدا «ناتاشا» ناو، لە دەری جەنگەڵ لەبەر هەتاو لە شوێنێک دانیشتبووین، ئەو ڕووسی فێر دەکردم؛ من ئازەربایجانیم بەو دەگوت. کابرایەک هات، وەک جەریمەی موخالەفەی ماشێن بنووسێ، دەفتەرێکی دەرێنا:

- ناوت؟

ناتاشا زۆر ترسا، ناوێکی تری گوت.

- لە کوێ دەژی؟

شوێنێکی نەناسراوی گوت.

ڕووی کردە من.

- ناوم هەژار، خەڵکی عێراق، لە گێرتسنم.

- ئێرە کەمپی منداڵانە، نازانن مەمنووعە زەلامی بێنێ؟

- نەمانزانیوە.

کابرا ڕۆیشت. ناتاشا هەر دەیگوت: «لەوانەیە لە ئاسایشگا دەرمکەن. تۆ بۆ جێگە و ناوی خۆت گوت؟» ئێوارەی ئەو ڕۆژە، خانم دوکتو لێی پرسیم: کێت دەگەڵ بوو؟

- نامەوێ درۆت بۆ بکەم؛ بەڵام پێت ناڵێم.

- پێم بڵێ، شەرتە هیچ ناڵێم.

- ناتاشا بوو.

- چونکە تۆ دیارە پیاوێکی ڕاست بێژی، ئەوا ئەویشم بەخشی.

ڕۆژێک خانم دوکتور گوتی:

- یۆنانی زمانێکی قوبروسی هاتووە، کەس تێی ناگا. حەولم داوە، فەرهەنگی ڕووسی یۆنانیش نییە. وەرە بزانە دەڵێ چی؟

- خانم، من و یۆنانی؟ بەو هەموو چەرمەسەرە ئەو دەنکە ڕووسییە فێر بووم؛ ئەویش دڵێی ئەرمەنیم عارەبی داخێوم!

- تە هەر وەرە...

فکرم کردەوە لەوانەیە لە تورکی سەری دەرچێ. بەڵێ ئەلحەملای ترکییە کێویلکەیەکی دەزانی، وەک مەلای خۆمان کە فارسی دەڵێن وابوو. دوکتور گوتی: «من دەمزانی تۆ هەموو شتێک دەزانی!». ئیتر زۆری عاقیدە بە من پەیدا کردبوو، حورمەتی زۆر دەگرتم. کابرایەکی لە قیر ڕەشتر، ددان و چاو زەرد، باریک و درێژ، سەرنووسەری ڕۆژنامەیەکی (کولکوتە) بە زمانی بەنگاڵی، «نیپال» ناو، هاتە وەتاغی تەنیشتم. زۆر ڕووح سووک و خوێن شیرین بوو. زۆر باش هۆگری یەکتر بووین. ئینگلیسی بە لەهجەی هیندیانە دەزانی؛ خودئامووزی ڕووسیشی هەمیشە بە دەستەوە بوو. پێکەوە دەگەڕاین؛ شەو تا دەمی خەو لە لای یەکتر بووین. جغارەکێشێکی لەزەبر بوو؛ لێی مەنع کرابوو. ڕۆژێک لە خانم دوکتوری پرسی:

- من هەقم هەیە دەگەڵ کچان بچمە گەڕان؟

- نەک هەقت هەیە، زۆریش باشە. بە کەیفی خۆت بگەڕێ.

- دەسا دوکتور من عاشقی شازادە خانم نیکۆتینم؛ با دەگەڵیا ڕابوێرم!

- شازادە لە ڕووسیا جێگەی نییە. نابێ بکێشی!