جگەرخوێن

لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 5 خولەک  1742 بینین

بۆ یەکەم جار کە چوومە قامیشلیشوێن، زۆر بە تاسەوە چوومە دیدەنی «جگەرخوێنکەس». ڕەئیسی فەرعیی حیزبی کۆمۆنیستی جزیرە - کە ناوی «ڕەمۆ» بوو - لە لای بوو. سەیدا جگەرخوێن فەرمووی: ئەمڕۆ زۆر تاریخییە؛ هەژار و جگەرخوێن یەکتر دەبینن. ڕووی کردە ڕەمۆ: هەواڵ هەژاریش لە خۆمانە و لە سەر فکری منە. گوتم: ئیوا هەیە خۆی لە بیر دەچێتەوە لە ڕێگەی کۆمۆنیستدا. من بۆیە کۆمۆنیستم خۆش دەوێ کە قازانجی بۆ کورد ببێ. جا نازانم فکرمان یەکە یا لێک جودایە؟... لەو ساوە دەگەڵ جگەرخوێن تەواو بووینە ئاشنا.

جگەرخوێن خەڵکی گوندێک بە ناوی «هەسار»ی بەردەستی تورکان و تا گەورە بووە هەر شوان و نەخوێندەوار بووە. بە گەورەیی چۆتە ناو فەقێیان؛ بۆتە مەلای مزگەوت. لە مەلایەتیی بێزارە؛ جبە و شاشکی فڕێ داوە و ملی لە کوردایەتی ناوە. شیعری لە «روناهی» و «هاوار»دا چاپ کراوە و بۆتە خۆشەویستی کوردانی تینووی ئازادی لە سووریە و تورکیەدا. دیوانی - کە بۆ یەکەم جار چاپ کراوە - وا نادر بووە لە دێهاتی ناو کورداندا، دێیەک دیوانێکی بەر کەوتووە. پەڕ پەڕ بەشیان کردووە و بۆ پیرۆزی وەک نوشتە لە سەری منداڵانیان درووە. کەمکەم لە کوردایەتی پاشەکشەی کردووە، بۆتە هەواڵی کۆمۆنیستان و شیعرەکانی سوور هەڵگەڕاون! من کە دیتم، هاوکاریی لێژنەی ناوچەی شیووعی قامیشلی دەکرد؛ بەڵام بە ئەندام قبووڵ نەکرابوو. لە ژیانیدا زۆری چەرمەسەری دیبوو؛ چەند جار حەبس کرابوو؛ جەزرەبە درابوو. منداڵی زۆر و نانی کەم، لەوپەڕی نەداریدا دەژیا. خۆراکی خۆی و منداڵی ئاغڵەب نانی وشک و چا بوو. جاری وا بوو چاش نەبوو...

ڕەمۆی ڕەئیسی لێژنە، کەچە سیواتێکی هەبوو. هاوکارێکی هەبوو ناوەکەیم لە بیر نەماوە (پێم وایە ناوی برۆ بوو)؛ ڕەش و سپی لێک نەدەکردەوە؛ بەڵام زۆر وشک و دووئاتەشە بوو. هەر دەیگوت: من بە دەلیلی عیلمی پێتان ئیسپات دەکەم! ڕۆژێکی جومعە داوی نوێژ، گەلە سۆفییەکی ڕیشدار، تەسبیح بە دەستەوە، بە دوعا خوێندن دەچنە ماڵە ڕەمۆ. دایکی ڕەمۆ دەڵێ: لە ماڵ نییە؛ کارتان چییە؟

- خودێ، خوها مە، ئەم شوعینە! هاتینە جەم ڕەمۆ، ژمە را بێژێ!

- ئای بەڵام بەم لەو سەر و سەکوتانە! لە نوێژی جومعەوە هاتوونە شیووعی فێر بوون؟

ڕیش سەگ! ڕەمۆی من هەزار جنێو بە خودا دەدا!

کاتێ کە لە قامیشلی دەژیام، زۆر کەس دەهاتنە لام. کوردی زۆر تۆخ، کۆمۆنیست، مەلا، حاجی و هەموو بابەتێک؛ مەجلیسی ئێوارانمان خۆش بوو. جارێک یەکێکی زۆر گەرم لە کوردایەتیدا - کە ناوی «عەبدێ تێلۆ» بوو - گوتی: هەر کوێ دەنێوان دەجلە و فوراتدایە لە سەر کوردستان حیسابە و داگیر کراوە. سەیدا جگەرخوێن فەرمووی: نەخێر! ئەم جزیرەش ماڵی عەرەبە و ئێمە بە ناڕەوا تیا دەژین. عەبدێ چاوی پەڕیە پشتی سەری، کراواتەکەی گرت و بەر مست و زللەی دا. هەی نەکەن! سەیدامان لە دەست دەرێنا و بە عەبدێم گوت جارێکی تر نایەوە دیدەنیم؛ دەرمکرد. پاش ئەوە بە ماوەیەک، کوردێکی دەوڵەمەندی حەسەکەیی بە ناوی سەعید، بە ماشێنی خۆی سەیدا و منی بردە گەڕان بۆ ناو عەشایری عەرەبی شەممەڕ. شەوێک میوانی شێخ عوبێد ناو بووین کە شێخی بەرەبابێکی شەممەڕ بوو. ڕەشماڵ و قەسری لە سەحرا و چەندین کادیلاکی لە دەوری ڕەشماڵ بوو. شێخ دڵخۆشی دەدامەوە کە سکرتێری بم، ژنم بۆ بێنێ و دەوڵەمەندم کا؛ دیارە نەمدەکرد. شەو تووتنم پێ نەما، بەو شەوە ناردی لە شارۆکەیەکی تورکیای نزیک سنوور، هەموو جۆرە جغارە و تووتن و پەڕیان بۆ هێنام. عەرەبێکی شارستانی لەوێ بوو قەدرێک لە قامیشلی حاکم و ئێستاش لە حەسەکە مەرکەزی ئەستانی جزیرە دەبێتە «موددەعیلعام»، گوتی منیش دەگەڵتان دێم. باران و لەنگێزە بوو. شەوێک لە سەحرا ماینەوە. ڕۆژی دوایی میوانی ڕەشماڵی شێخێکی عەرەبی کۆنە کورد بە ناوی شێخ محەممەد بووین. زمانی بەدەویانە بوو؛ دەیگوت؛ کوردم؛ لە پەستاش جنێوی بە نەسڵی عەرەب دەدا. لە بەر پیرییان هەر چنگێکی لێ مابۆوە. بۆی گێڕاینەوە: ژەنەراڵی فەڕانسی هاتە حەسەکە، لە عەشایری گێڕاوە: هەر سەرۆکێک نەسەبی عەسڵە عەرەب بێ، حقووقی بۆ دەبڕێتەوە. نۆرەم هات، چوومە ژوور، خەنجەرەکەم لەسەر مێز دانا، گوتم: ئەوە نەسەبمە و خەنجەری کورد ناوی باپیرمە. حقووقی زیاتری بۆ بڕیمەوە. وا دیار بوو عەشایری جیرانی زۆری لێ دەترسان.

لە دەوری چیای عەبدولعەزیز میوانی عەشایرێک بووین، عەرەبی سەحرانشین. دیانگوت: ئێمە ئەکراد بەگگاڕەین (یانی کوردی گاوانی). ببوونە عەرەب و ببوونە سەحرانشین. کابرای شامیی هاوڕێمان زۆر پیاوێکی ڕووخۆش، زمانخۆش و لەسەرخۆ بوو. لەم سەفەرەدا لە هەر کوێ باین، دەیگوت منیش کوردم. زۆری هۆگر ببووین. دوامین ڕۆژی سەفەرمان بوو؛ لەناو ماشێندا گوتی: ئوستاد جگەرخوێن! دەزانم تۆ شاعیرێکی گەورەی کوردی. حەز دەکەم شیعرێکی خۆت بخوێنیەوە. سەیدا سروودێکی خوێندەوە: «بێ دەجلە، بێ فورات، ئەم چنۆ، کوردنۆ»ی تێدابوو. کابرا پێکەنی، گوتی: ئەگەر من پیاوێکی بەدفەڕ بوومایە، ئێستا بە ئیعدامکردنم دەدای. تۆ عەرزی سووریا هەموو بە ماڵی کوردان دەزانی! عەرزی سەیدام کرد: بە ناشکوری نەبێ تۆ کونی دوعات ون کردووە! ئەگەر ئەمەت بە عەبدێ تێلۆ بگوتایە و قسەی بەوت گوت بە موددەعی عامی عەرەبت بفەرمویایە، هەردووک ئافەریمیان لێ دەکردی!

دەگەڵ شێخی هەرە گەورەی عەشایری شەممەڕ: «دەهام ئەلهادی» ببوومە ئاشنا. لە چەند جار هاتوچۆ کردنیدا زۆر باش شارەزای دام و دەستووری عەشایری عەرەب ببووم.