شەڕ مەفرۆشە و خوێڕیش مەبە!
لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
1 خولەک
1779 بینین
ترس و ئازاییش دوو جۆرن: تۆ کە هەر شەڕ بکەی و گێچەڵ دە خەڵک هاڵێنی، ئەوە ئازایەتی نییە؛ بێئەخلاقییە. بەڵام کەسێک بە ئاشکرا زوڵمت لێ دەکا؛ ئەویش یەکێکە وەک تۆ. ئەگەر لە بەری دانەوێنی و دیفاع لە خۆت نەکەی، ترسەنۆکی و بە خوێڕیت دەزانن. چیرۆکێک لە «الاغاني»دا هەیە: کابرایەکیان دەبرد لە تۆڵەی پیاوێکا کە کوشتبووی بیکوژنەوە؛ دۆستێکی لێی پرسی: «بۆ ئەو کارەت کرد؟»، گوتی: «من بێخەتا بووم، ئەو کابرایە زوڵمی لێ دەکردم. گوتیان دوعای لێ بکە و شکایەت لە خوا بکە. دیتم خوا پێم دەڵێ: من ئەویشم وەک تۆ دروست کردووە. شەرم ناکەی بۆ خۆت دیفاع لە خۆت ناکەی و هاوار بۆ من دێنی؟ ...». خولاسە شەڕی خەڵک مەکە هی خۆت؛ بەڵام واش خوێڕی مەبە لەسەر خۆت وە جواب نەیەی. حەول بدە بە شکایەتی قانوون، بە یاریدەی دۆستانت زوڵم لە سەر خۆت لا بەرە.