ڕووخۆش بە و زوو هەڵمەچۆ

لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 2 خولەک  1712 بینین

هەمیشە زمان و ڕووخۆش بە! فێری جوێندانی پیس و بازاڕی مەبە! بە ڕووی خۆش و زمانی خۆش دوژمنیش دەکەیتە دۆست. ئەگەر تۆ ڕاست بی و ناڕاستان قسەت بۆ دروست کەن و غەیبەتت بکەن، زوو هەڵمەچۆ! ڕاستی و بێگوناهی بۆ خۆی دەردەکەوێ و قسەهەڵبەست شەرمەسار دەبێ. حەوسەلە و خوێنساردی لە ژیاندا بناغەیەکی زۆر پتەوە. من لام وایە پشوو و لەسەرخۆیی و کەم تووڕەبوون و لە پێست دەرنەچوون و پەلە نەکردن، نیوەی ژیانی خۆشە و بگرە زیاتریش. وەک دەڵێن «پیاوی بە حەوسەلە کەروێشک لە عەڕابە دەگرێ».

لە قسە دەگەڵ خەڵک کردندا شەرم مەکە؛ بەڵام قسەی ناسک و بە ئەدەب هەڵبژێرە! کە داوای یاریدە و کار پێکهاتن لە هەواڵ و ناسیاوت دەکەی، تۆ قەرزێکت لە سەری نییە؛ کە وا بێ دەبێ زۆر پشوو لە سەر خۆ بی. ئەگەر لە دە کار یەکیشت بۆ پێک بێنێ، دیسان شوکری خوای دەوێ. ئیتر هەرچی گوتت و پێکی نەهێنا، نابێ نێوانی دەگەڵ ناخۆش کەی و لە لای خەڵک غەیبەتی بکەی. «بە زمانی نەرم و خۆ مار کون دێتە دەر». ئەمجار کارێکت بۆ ناکا؛ بەڵام لە چەند جار، جارێک فایدەیەکی هەر لێ دەبینی. لەوانەشە تووشی هەواڵی وا ببی کە بە پێی توانا بە دڵ یاریدەت بدا.

بە کەلیمەی خزمتم و لە تاریفت کردن، فریو مەخۆ، ئەخلاقی کابرای کە خۆت لێ نزیک دەکاتەوە بێنە بەر چاو. من لەوەدا زۆرم زەرەر کرد ...

دەگەڵ برا و عایلەی خۆت تا باش بی کەمە. خوێنی خۆتن، قەت با ماڵی دنیا لێکتان نەکا. برایەتی من و «سادق» و «عەبدوڵڵا» دەگەڵ «زێنەب»ی خوشکم بۆ من زۆر خۆش ڕابراوە؛ بەڵام دیسان هەموو برایەک ناکرێ وا بن. زۆر برای وا هەیە لە دوژمن خراپترە. زۆر دۆستی وا هەیە لە دوژمن خراپترە. زۆر دۆستی واش هەیە لە برای دایک و بابی چاکترە. ئەوانە تەجرەبەی ژیان بۆت دەردەخا.