چەند ئاشنای ئەو سەردەمە

لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 10 خولەک  1818 بینین

لەو ڕۆژگارەدا باو باوی «خولەپیزە» بوو. ئازایەتییەکەی ببووە دڵخۆشکەرەی داخ لە دڵان و بێچاران. لە ترسی سەربازی ڕایکردبوو؛ لە دەوڵەتی عێراق یاغی ببوو. خەڵکی شارباژێر بە دزییەوە یاریدەیان دەدا. عەلیاغا ناوێک هەبوو لە گوندی (ئەحمەداوا)، زۆر زمانلووس و بە چاپ و گوپ؛ دەشیگوت دێبۆکریم، لە سلێمانی پێنجسەد دیناری لە ئەستاندار ئەستاندبوو کە خولەپیزەی بۆ بکوژێ. عەلیاغا بە شات و شووت ئەو قسەی درکاندبوو. بەیانییەک خەبەریان هێنا کە شەو لە جێدا سەری ئاغا بڕاوە و کەس تا بەیانی درەنگ نەیزانیوە. خولەپیزە لەو یاخی بوونەیدا دووسەد و هەشتا پۆلیس و پتر لە سەد جاشی دەوڵەتی کوشت. لە ئاخریدا بە دەستی هاوکارێکی خۆفرۆش لە خەودا کوژرا. ئێستاش باسی ئازایەتی ئەو، چیرۆکی شەوانەی شارباژێریانە و بۆتە زاپاتایەک.

لەگەڵ شێخ هاتینەوە شار و ئاشناکانمان بەسەر کردنەوە و زۆریش دۆست و ئاشنای تازەمان بۆ پەیدا بوون. جگە لە میرزا و ڕەحمان، ئەو کەسانەی ببوونە ناسیاومان و شیاوی باسن ئەمانەن:

١- ڕەفیق چالاک:

ڕەفیق چالاک موعەللیم، ئاهەنگساز، دەنگخۆش، ئەدیب، هونەرپیشە و نومایشنامەنووس بوو. زۆر خۆشمان دەگەڵ ڕادەبوارد. لە ئاخریدا لە حیزبی کۆمۆنیست پلەی بەرز بۆوە و کرا بە ڕەئیسی حیزب و گیرا و بوو بە جاسووسی دەوڵەت و لە شۆڕشی بارزانیدا هاتە شۆڕش و لە ڕادیۆ کاری دەکرد و بە نەخۆشی دڵ مرد.

٢- مەحموود ئەحمەد:

مەحموود ئەحمەد موعەللیم و هەمەکارەی شێخ لەتیف و خۆشەویستی شێخ مەحموود بوو. لە لایەن شێخ لەتیفەوە ناردرابووە باکۆیە؛ هاتبووە سابڵاغ. دەگەڵ حەمەحوسێن خان قسەی تێک گیرابوو؛ دەرکرابو. هاتبۆوە سلێمانی و گیرابوو. دایکی شێخ لەتیف (ئایشەخان)چووبووە تکایە کە بەری دەن و سوێندی خواردبوو کە مەحموود لە عێراق دەرنەکەوتووە و لەسەر موڵکی ئێمە بووە، ئەستاندار گوتبووی:

خانم فەرمایشتت لەسەر سەران؛ بەڵام مەحموود دوو شاهدی وا عادڵی دەگەڵ خۆی هێناوە کە ڕەد ناکرێنەوە.

- ئەیڕۆ شایەتی چی؟ بەخوا درۆ دەکەن.

جووتێک چەکمەی لبادی فشوفۆڵی ساڵداتی ڕووسان و کڵاوێکی کەوڵە بەرفی بە ئەستێرەی سوورەوە هێنابووە بەردەمی کە: «بابە ئەگەر ئەوە نیشانەی چوونە ڕووسیا نەبن لەکوێ دەس دەکەون؟!». بەو حاڵەش بەریان دابوو.

٣- قانیع:

هەر لە بۆکان بووم کە قانیع هاتبووە موکریان و بۆ یەکەم جار لە (قەرەگوێز)چاوم پێی کەوت. ماوەیەک پێکەوە بووین. گەڕاوە عێراق. لە زەمانی دەسەڵاتی کۆمەڵەدا هاتەوە سابڵاغ و دەگەڵ عەبدولقادر دەباغی ژوورێکیان لە کاروانسەرای سەید عەلی گرتبوو. حەولی کاری دەدا و جوابیان دەکردەوە.

چوومە لای پێشەوا، داوای کارم بۆ قانیع کرد. فەرمووی: «دەڵێن جاسووسی ئینگلیسە».

گوتم: «ئەم کابرایە پتر لە شێست ساڵی عومرە، کەس نەیبیستووە تێری زگی نانی خواردبێ، ئاخر ئەو بەخششی جاسووسییەی بۆ کەنگێیە؟! بابە من دەبمە زامن. ئەگەر خەیانەتی کرد من ئیعدام کەن».

پێشەوا فەرمووی: «تۆ ڕاست دەکەی؛ بەڵام ها بخوێنەوە»: پتر لە سەد گوزارشی عێراقییەکانی ناو شۆڕش هاتبوو کە قانیع پیاو خراپە!! فەرمووی: خۆیان پێکەوە خراپن...».

ڕۆژێک نامەیەکی شاندام کە بۆ «عەلی مەدهۆش» ناوێکی، هەم خەیات و هەم شاعیری نوسیبوو: «کاکە ئێرە زۆر خۆشە، لایەکی ڕیشت لە سلێمانی تاشیبێ لایەکەی بێنە سابڵاغ. چاوەڕێتم».

- قانیع ئەوە یانی چی؟

- ئەو حیزبانە هاتە بن کڵیشەمەوە، وتی تۆ بچۆ؛ ئەگەر خۆشت لێ گوزەرا خەبەر بنێرە منیش دێم. دەمەوێ ئەویش بە دەردی من بچێ و کاری دەس نەکەوێ!

ئێوارەیەک دەگەڵ قانیع چوومە مەنزڵەکەی. لە دوورەوە بانگی کرد:

- عەولقادر ژوورەکە چاکەت دە.

- یانی چی؟

- گزکمان نییە بە چاکەت ئەیماڵین!

قانیع کرا بە موعەللیم لە (باڵانیش)، پاشان لە (کەلبەڕەزاخان). کە لێیان دەپرسی چ کارەی؟ دەیگوت: هام لە (سەگی پێشەوا)! ئەم گوندە ناوی (کەلبەڕەزاخان) بووە، (کەلب) سەگە و ڕەزاخانیش نەماوە.

ماڵ و منداڵیشی هێنا و ماوەیەک لە بۆکان ژیا. لەگەڵ تێکچوونی شۆڕش بەرەو عێراق ڕایکردبوو. کوڕێکی لە ڕێگە لێ ون ببوو، پاش ماوەیەک بۆیان هێنابۆوە.

لەم بەینەدا کە لە ئێران بوو، دیوانی شیعری کە ناوی ڕاستی «دایکی کتێب» و ناوی ڕواڵەتی «باڵە کۆلارە» بوو، لای من دانابوو، دەگەڵ شیعرەکانی ئاشنا ببووم. قانیع لە سیدەکانی (چۆڕ)بوو. باوکی شێخ بوو، کە باوکی مردووە لە فەقێیەتییەوە هێناویانەتەوە لە جێگەی باوکیان داناوە کە هیچ زەوقی لەسەر نەبووە. شەوانە، شێخانە زیکر و تالیلەی بۆ مریدان دامەزراندووە و هەر کە چاویان نووقاندووە بێهەست بەجێی هێشتوون و چۆتەوە ماڵ و ملی لە چایی خواردنەوە ناوە و تاو تاوە هاتووە زیکری بۆ تازە کردوونەوە و گەڕاوەتەوە و بە ئەقڵی دەروێشەکانی پێکەنیوە. دەروێش بەمەیان زانیوە و دەریان کردووە. لە کار گەڕاوە، بۆتە پۆلیس، بۆتە جەنگەڵبان، کراوەتە موعەللیمی دیانەت. زەمانێک لە ماڵی شێخ مەحموود ژیاوە و کاربەدەست بووە. هەرگیز لە عومریدا نان و دۆی نەگەیونە یەک و هەمیشە شڕ و وڕ ژیاوە، بەڵام ئەوەندەی ئەو گاڵتەی بە خەڵک کردووە و ئەوەندەی ئەو لە عومری خۆیدا پێکەنیوە، باوەڕ ناکەم بۆ هیچ شازادەیەکی بێکار ئەوە لوابێ. مەجلیسی لە شیعری خۆشتر بوو. شیعریشی کە زۆر بە زمانێکی سادە و شارەزووریانە بوو، یەکجار کاری کردبووە سەر چینی نەخوێندەوار و پتر لە هەر شاعیرێک کوردایەتی بڵاو کردۆتەوە. شیعرەکانی زۆربەیان خەمبارانە و داخ و ئاخ بۆ حاڵی بندەستی و پەرێشانی کوردستانە؛ بەڵام قسەکانی ئەوەندە قدیلکەدەر بوون مردوویان دەخستە پێکەنین. شێخ و مەلا، ئاغا و خان، دەسەڵاتدار و دەولەمەند لای ئەو گاڵتەجاڕ بوون و زمانەکەی لێ ببووە بەڵا و لە هیچ کوێ دانەدەمەزرا. نەویستانی بە کافریان دەزانی و بەم تۆمەتەش پێکەنینی دەهات.

چەند نوکتەیەک لە قانیع دەگێڕمەوە کە دەزانم لە دیوانەکەی چاپ ناکرێن:

* شێخ مەحموود لە سیتەک میوانی شێخ لەتیفە. زۆر کەس لە بەغدا و شارەکانی ترەوە هاتوونە لای. شەو دەبێ بە فڕان فڕانی لێفە و زۆردار لە دەست بێزۆری دەڕفێنێ. ئەفەندییەکی زۆر بە شەرم و حەیا کە لای شێخ دانیشتووە و دەبینێ قانیع هەڵدەسووڕێ، بە سرتە دەڵێ:

- شێخ قانیع دەستم دامانت. منت لە بیر نەچێ.

- ئەفەندی ڕازیت تۆش وەک خۆم بی؟

- زۆرت مەمنوونم.

شەو درەنگێک لە کەلێنی درگاوە بە قامک ئیشارەتی بۆ دەکا. دەچنە بەر هەیوانی مزگەوت دوو حەسیری بوریای درێژی لێیە، قانیع لەسەر یەکیان ڕادەکشێ.

- دەی ئەفەندی لوولم دە!

ئەفەندی لوولی دەدا تا ئەو سەر، لاق و مل بە دەرەوە و حەسیر دەزگ پێچراوە.

- تۆش ڕاوەستە بەڵکوو یەکێک بێتە میز کردن، بێژە لوولت بدات!

* جەنگەڵ بانە، گوتوویانە هەرکەس گوێ بەرازێک بەرێ بۆ دەوڵەت دووسەد فلسی دەدەنێ. قانیع شەش بەراز دەکوژێ، دوازدە گوێ دەباتە ئیدارەی فەرمانداری لە چوارتا.

- قوربان بفەرموو دوو دینار و چوارسەد فلسم بەنێ.

- کاورا هەروا گۆترەیە؟ بە چیت کوشتوون؟ کوا پاسی تفەنگەکەت؟ فیشەکت لەکوێ هێنا؟

- قوربان مودیر بەگ، کوشتنی چی و تفەنگی چی و پاسی چی؟ من مەلادێم و ئەم گوێ بەرازانەیان بە زەکات و سەرفترە داومەتێ! خوا خێریان بنووسێ!

پۆلیسێک بەسەرا دێت و دەڵێ: شێخ قانیع ماندوو نەبی.

مودیر دەڵێ: تۆ کە قانیعی بۆ دەنگ ناکەی؟

- جەنابی مودیر خەریک بووی گوێ بەرازەکانم بخۆی!

* کاورایەک هاوار بۆ شێخ مەحموود دێنێ:

- قوربان مار وە کوڕمییەوە داوە؛ نان بجاوە با خاسی کاتەوە.

قانیع هەڵدەداتێ:

- باوەحیز نوشتەی ماری ئەوێ و نانی خۆشی نەهاوردووە شێخ بۆی بجاوێ؛ ئەشێ لە نانی خۆی کەم کاتەوە!

* ڕۆژێک شێخ مەحموود لای ئاغاوەتی میوانی باسی تاژییەک دەکا کە نازانم دەشگاتە کەروێشک، بۆچی نایگرێ. قانیع دەڵێ: «قوربان ئەمر بکە کەروێشکێکی ساغت بۆ بێنن، نانێکی لە پشت بەستە؛ ئەو تاژییەی بەردە، بە هەوای نان دەیگرێ و ئیتر هەر کەروێشکێکی دیت وادەزانێ نانی بەسەر پشتەوەیە و ڕزگاری ناکا!». شێخ لەسەر ئەوە دەری دەکا.

* قانیع و فەقێیەک لە مزگەوتی دێیەکن. حاجییەک تۆپێک خام بۆ بەرماڵی مزگەوت دەکڕێ. قانیع دەرفەت دێنێ و بە فەقێ دەڵێ: ئەم مزگەوتە چەند ساڵە بنیات نراوە؟

- سەد ساڵ.

- چەند ساڵە ڕووخاوە و بە مردوو حەساوە؟

- چوزانم، پەنجا ساڵە.

- خاسە، پازدە ساڵ مناڵ و ناباڵغ بووە، ئەمێنێتەوە سی و پەنج ساڵ، خۆ ئیسقاتی بۆ نەکراوە!

بەرماڵ دەپێچێتەوە و سی و پێنج جار دەڵێ: «ئەم بەرماڵەم دا بە تۆ لە کەفارەتی ئەو تڕ و تسانە و درۆیانەی لادێی لەم مزگەوتەدا کەندوویانە و کردوویانە. بڵێ قبووڵم کرد و دامەوە بە خۆت!» بەرماڵ لەت دەکەن و دەیکەنە کراس و دەرپێ. لەسەر ئەمەش لە دێ دەری دەکەن.

* مامۆستای دینە لە گوندێک. بە مناڵان دەڵێ: «کوڕم، ئەگەر بازڕەس هات و باسی دروست بوونی خەڵکی سەرزەوی پرسی، بڵێن ئادەم لە قوڕ دروست کراوە، دارە سیواکێکی لە کوونگی خراوە تا کونەکەی وێک نەکەوێتەوە. کاتێ وشک بۆتەوە داریان ڕاکێشاوە، دار گیر نەبووە چۆتە لای خودا بۆ شکایەت: خوایە بۆ کردووتمە گاڵتەجاڕی داران؟ خوا فەرموویە: خەم مەخۆ، وا دەکەم موسولمانان ڕۆژی پێنج جار بتخەنە دەمیانەوە!». بازڕەس کە گوێی لەم جوابە دەبێ دەڵێ:

- ئەوە لە کام کتێب دایە؟

قانیع دەڵێ: قوربان (قصص الانبیاء) نووسیویە.

- کە وابێ گاڵتە بە دەوڵەت دەکەی؛ یاڵڵا بۆ دەرەوە!

* کە لە سابڵاغ گەڕابۆوە؛ کابرایەک نیوەئاشێکی دابوویە؛ ببووە ئاشەوان. لەسەر جادەی گشتی تابڵۆی نوسیبوو: (بۆ ئاشی قانیع). تابڵۆی بە داری دەوری ئاشدا چەسپاندبوو: (ئاشێر لێرە دادەنیشن)، (کەرەکان لەم بن دارە مۆڵ دەخۆن). شێخ حەمەدەمینی خاوەن ئاش ڕۆژێک دەچێتە سەردانی قانیع و چاوەنۆڕە بیبینێ. قانیع لە ئاش دێتە دەر و لە قاقا دەدا.

- بۆ پێدەکەنی؟

- یا شێخ خۆ تۆ خوێندەواری، لە جێی کەران مۆڵت خواردووە!

- بەخوا کەسێک هەواڵی قانیع بێ هەر مۆڵگەی کەری ڕەوایە!

نیوەئاشی لێ سێندرایەوە!

* شۆڕشی کوردی عێراق دەستی پێ کردبوو. ڕۆژێک قانیع دەچێتە سەیری خۆپیشاندانێکی گەورە لە سلێمانی. وتاربێژێک دەنەڕێنێ:

- بە شانازییەوە ئەم شۆڕشە لەسەر شانی ڕانندە و کۆمەگ ڕانندە پێک هاتووە.

قانیع دەست بڵیند دەکا:

- مامۆستا کە وابێ مەکتەبی سیاسی ها لە گاراجی عەبدە!

لەسەر ئەوە برایم ئەحمەد لە عێراقی دەرکرد و لە مەریوان گرتیان و بردیانە تاران و تا درەنگ نەهاتەوە عێراق.