حەمباڵی بەر ئوتێلان

لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 1 خولەک  947 بینین

دەستم کرد بە حەمباڵی کردن؛ بەڵام حەمباڵییەکی لۆکس. دەچووم لەبەر ئوتێلی گەورە ڕادەوەستام، گارسۆن بانگیان دەکردم، چەمەدانی میوانان کە دەڕۆیشتن بەرمە دەر و بۆیان بار کەم. خۆیان و خودایان شتێکیان دەخستە مشتمەوە. شەوانەش لەبەر هەیوانی دیوەخانی نەقیب لێی وەردەکەوتم.

سەید عاسم مرد. ئامۆزایەکی پیری ئەویان کە ناوی سەید برایم بوو کەردە نەقیبی غەوس. مام حوسێن لای نەقیبی تازە بە نۆکەری دایمەزراندم کە مانگی چوار دینار و نان و پێخۆرم بداتێ. گەسک لێدان و کاشی ماڵینم نەما. حاجی حەسەنێکی ئەفغانی، حاجی کەرامەت ناوێکی پاکستانی، ئەحمەد ناوێکی هیندی کارە گرانەکانیان دەکرد. کاری من ئەوە بوو نەهار و شام سینی بۆ سەید برایم بەرم و لە ماستاو دروست کردنی من زۆر کەیفی دەهات.