نۆکەریی سەیید برایمی نەقیب

لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 9 خولەک  1262 بینین

سەید برایم پێنجسەد خانووبەرەی عەرەسەی گەڕەکی ئەرمەنیانی هەبوو؛ پتر لە دووسەد دووکان و خانووی تری لە بەغدا بەکرێ دابوو، دەیانگوت پێنج ملیۆن دیناری لە بانکدایە؛ بەڵام دیسان چاوی لە فلس و دوو فلسی زیارەتکەرانی هیندی و کورد بوو. جینگنێک بوو هەمیشە دەتگوت دڕووی وەبن کلکی دراوە، بەڕاستی شێتێکی تەواو بوو. باغێکی خورمای هەبوو بە دوازدە هەزار دینار بە ئیجارە چووبوو. شەوێک دەگەڵ ئیجارەداری باغەکەی لەسەر ناوی جۆرە خورمایان بوو بە هەرایان. دایە بەر جنێودان و وەهای دەنەڕاند کە هەموو نووستووی حەساری غەوسی لە خەو ڕاپەڕاند:

- سەگباب چۆن من دەڵێم ئەو خورمایە ناوی سوورە کێویلەیە و تۆ دەڵێی نەخێر قامکی بووکە؟!

ڕۆژێک دیتی ڕۆژنامە دەخوێنمەوە، کردییە هەرا:

- مەمنووعە ڕۆژنامە بخوێنییەوە؛ مێشکت تێک دەدا، تۆ نۆکەری منی نابێ کاری وا خراپ بکەی!

بۆ نەگبەتی خۆی لای وابوو فارسی دەزانێ؛ شتهایەکی کاوێژ دەکرد نەمدەزانی چ زمانێکە.

ڕۆژێک وێرام بڵێم: «ئەفەندی ئەوە فارسی نییە؛ من شتێک لە فارسی دەزانم»، سەیر بوو کە تووڕە نەبوو؛ گوتی: باشە فێرم کە. نازیرەکێک بوو لام وابوو خوا مێشکی نەخستۆتە سەرییەوە. خولاسە ببوومە ئاجوودانی نەقیب. دەگەڵی دەچوومە باغەکەی. خانوویەکی خۆشی لێ دروست کردبوو.

جارێک ئیجارەداری باغ بە من و شۆفێرەکەی گوت: «سەر و دەسرەم بدەنێ خورماتان بۆ تێدەکەم؛ بەڵام ئەفەندی نەزانێ. هەرچەند من ئیجارەدارم و ئەو حەقی بەسەر بەریەوە نییە و من لە ماڵی خۆم بەشی ماڵەوەێ دەدەم و دبێتە میوانم؛ بەڵام بیبینێ من خورما بە ئێوە دەبەخشم، هەردووک چاوی کوێر دەبێ لە خەسیسیان».

ژنی نەبوو؛ کوڕێکی هەبوو بە ناوی «شەمسەددین». لە قەسرێکی دووردا دەژیا. کابانی ماڵی ئەو نووریە بوو کە باسی کرا، سفرەچیش من بووم. ئەفەندی زۆر موسڵمانێکی بە نوێژ و ڕۆژوو بوو؛ هەمیشە ورتەی دەهات؛ دوعای دەخوێند. زەکاتی پووڵ و خورمای نەدەدا؛ بەڵام ڕۆژانی جومعە دووسەد تاق فلسی دەکردە کیسەیەکەوە بە سواڵکەرانی بەر دەرگای بارەگای غەوسەوە دەگەڕا، فلسێک و دوو فلسی بە هەر یەکێکیان دەدا. ناوبانگی بە خێرەومەند ڕۆیشتبوو. لەو خێر بەخشینەوەدا مەلایەکی بە ناوی غەززالی لە دواوە دەڕۆیشت. ڕۆژێکی جومعە پەنجا فلسییەکی دامێ، گوتی: بچۆ بیدە بە فەقیران و بڵێ هی فڵان کەسە. لەبەر دەرگا ژنێکی کوێرم دیت پەنجا فلسییەکەم دایە و گوتم سەید برایم ناردوویە و گورجێ هاتمەوە خزمەتی. سرتەیەکی دەگەڵ مەلا کرد. مەلا گوتی: پووڵەکەت چ لێ کرد؟

- بردمە لای ژنە کوێرەکە.

لێی پرسی: «کەس پەنجا فلسی داویەی؟»، ژنەکە پووڵەکەی هەر لە دەستیدا بوو، نیشانی دا، گوتی: سەید برایم بۆی ناردم. ئەفەندی کە دڵی خاترجەم بوو نەمدزیوە گوتی: «تۆ کوڕێکی ئەمینی؛ بەڵام دەبوایە بیدەی بە پەنجا سواڵکەر!»

- ئەفەندی جاڕێکی تر من خێری تۆ نابخشمەوە؛ با مەلا ئەو کارە بکا.

شەوێک لە خزمەتیدا دەچوومەوە ماڵ، لە پلەکان فەرمووی وەپێشم کەوە. لە سەرکەوتنا دووپشکێکم دیت؛ پێم ڕێ خست. گوتی: ئەوە چ بوو؟

- دووپشک بوو کوشتم.

بە پلەکانێکی دیکەدا سەرکەوت و ئێستاش نەیوێرا لەو پلەکانەوە سەرکەوێ. لە لای هەموو میوانانی تاریف تاریفی پاڵەوانەتی و نەترسانی من بوو کە توانیومە دووپشک بە پێلەقە بکوژم!

ڕۆژێک لە حەوشەی دیوەخان گوێم لە زیقە و هەرای ژنان بوو؛ ڕام کرد، دیتم توولەمارێکی باریکیان دیوە. کلکی مارم گرت و لە کون دەرمکێشا و بۆم کوشتن. ئیدی کار لەوەدا نەما. هەموو ڕۆژ دەیانگوت ئەفەندی تۆی دەوێ. نیشانی میوانانی دەدام: «بڕوانن! ئەو کوردەیە کە ماریش لە کون دەردێنێ و دووپشکیش دەکوژێ!». ئاخری وای وەڕەز کردم. دەینارد لەدووم نەدەچووم.

«حاجی کەرامەت» چل و پێنج ساڵ بوو لە بەغدا دەژیا؛ قەت چوار کەلیمەی عەرەبی بە باشی فێر نەببوو. باشی لەبیر بوو کە ساڵێک ڕووس هاتوونە خانەقین و چونکە وەک شوومن، قاتی و گرانیان بەپێوە هاتووە و هەر نانی وشکی بە ئاو خواردووە و شوکری خوای کردووە. ڕۆژێک بەیانی چووبوو نانی گەرم بکڕێ، گووم بوو نەهاتەوە. ئەفەندی شێوا؛ تەلەفۆنی بۆ هەموو پۆست و بیمارستانان کرد، سۆراغ نەبوو. دەستمان لێ شوشت. پاش یازدە ڕۆژ، بەیانی بە باوەشێک نانی گەرمەوە لێمان وەژوور کەت.

- حاجی چت بەسەر هات؟

- وەڵڵا گوێم لێ بوو شۆفیران بە گۆرانی دەیانگوت: «هەرچی نەچێتە زیارەتی سەلمان، عومری بەزایە چووە». وەبیرم هاتەوە زۆر لەمێژە نەچوومە ئەو زیارەتە. بە پێ ملم لێ نا. بە دوو ڕۆژ گەیمە سەلمان پاک. حەو ڕۆژ لەوێ بووم و بە پێ هاتمەوە و نانم کڕی!

جا وەرە زاری ئەفەندی بکرێتەوە و جنێو داببارن!

ئەفەندی نەخۆش کەوت. ئەحمەدی هیندی و من بووینە دەکەوان کە هەرکەس دێتە لای، بێ پرسی ئەو ڕێگە نەدەین.

لەو بێکاری دەرکەوانییەدا مرخم خۆش کرد، عارەبی کتێب فێر بم. مونجدێکی چکۆڵەی دانشجویان (کە فەرهەنگی عەرەبی بە عەرەبی و هاسانە) پەیدا کرد. ژمارەیەکی مەجللەی هیلالی میسری کە دەربارەی ئەحمەد شەوقی بوو دەستم کەوت. هەر وشەیەکی نایزانم لە فەرهەنگ دەیدۆزمەوە و بە میداد دەبن وشەکەی دەدەم. وادیار بوو هیچم هەر لێ نەزانیبوو؛ چونکە مەجەللەکە وەک سەر و بەر تەرجەمە کرابێ وابوو، بە میدادی من سەر تا پای بۆر هەڵگەڕابوو. لەو زەحمەت کێشانە بێوچانەمدا، کە هەمیشە جگە لە وەختی کار دەمخوێندەوە، تا ئەندازەیەکی باش خۆم لە عارەبی ڕاهێنا.

ڕۆژێک دەروێشێکی کوردی سەیدی پارسانی هات؛ گوتمان ڕێت نییە بیبینی.

- کوڕە ئەوە دەڵێن چی؟ دێو دەتوانێ پێشم پێ بگرێ؟! بڕۆن پێی بێژن من چوومە گەیلان زیارەتی مووسا جەنگی دۆستی باوکی غەوسم کردووە؛ سڵاوی ئەوم بۆ غەوسی کوڕی هێناوە. بەخوا تا مخارجی گەڕانەوەم پێ نەدا لەگرە نابزووم و چاویشی دەرتێرم!

چوومە ژوور بۆ ئەفەندیم گێڕاوە. زۆری جنێو دا، ئەوەندەشی گوت: «ئەوە کوردە و خزمی خۆتە بۆیەت ڕێ داوە».

- جا دەفەرمووی چی؟ لێی دەم؟

- نا نا دوعام لێ دەکا دەمرم! بچۆ ڕازی بکە؛ بەڵام تا دەتوانی کەمی بدەیە!

بە هەزار چەق و تەف دەروێش بە نیو دینار ڕازی کرا و شڵتاغی بە ئەفەندی نەما. ئەفەندی تا دوو ڕۆژان جنێوی بە مووسا جەنگی باپیری دا بۆ دیارییەکی بۆی ناردووە!

کاری من و ئەحمەدی هیندی جگە لە تەشریفاتی بەر دەرگا، دەبوایە ئەگەر ئەفەندی کاری ئاودەستی بوایە، بە چوار دەستان بە تەختەوە هەڵیگرین و لەبەر دەرکی ئاودەستی دانێین و پاشان ئاوا بیهێنینەوە شوێنەکەی خۆی کە لە حەسار بوو.

لای مام حوسێن درکاندم کە خواردنەکەمان تێرمان ناکا، چی بکەین؟ چووبوو گوتبووی فڵان کەس لە لات دەڕوا. تووڕە ببوو: «چۆن دەڕوا؟ ئەدی کێ ماستاوم بۆ دروست کا؟! بە پۆلیس دەڵێم بیگرن؛ سەربازی نەکردووە». حوسێن بە گژیدا هاتبوو؛ شەش دیناری لێ ساندبوو. گوتی: «نابێ لای ئەو خوێڕیە بی، نانێکم هەر دەبێ تۆ بیخۆی، بۆ کاریش خوا کەریمە».

هەر لەو دەرکەوانییەدا جارێک «جەلال تاڵەبانی» کە تازە خەتی سمێڵی دەدا هاتە لام و بوو بە ئاشنام. کوڕێکیش بە ناوی «عوسمان مەجیدی کۆیی» دیتمی و گوتی:

- حەز دەکەی لە فەلسەفەی مارکسی شارەزا بی؟

- چۆن حەز ناکەم؟

چەند نامیلکەیەکی دامێ: « بیخوێنەوە...». جارێکی تر هات گوتی: «مامۆستایەکمان بۆ دیاری کردووی زۆر زانایە؛ بچۆ لە فڵان قاوەخانە بیبینە، باشت فێر دەکا».

لاوێکی سمێڵ زەردی، سەر چکۆڵەی، چاوشین و عارەب، بەر لەوە دەرسێک بڵێ فەرمووی:

- کارت چییە؟

نۆکەری کابرایەکی عەرەبی دەوڵەمەندم.

- مەڵێ عەرەب، ئەوە بیری شۆڤینییە!

- کابرایەکی بەغدایی؟

- مەڵێ بەغدایی، ئەوە سیاسەتی ئیقلیمییە!

- عێراقییە و بە زمانی من قسە ناکا.

- ئەوەش مەڵێ، دنیا یەکێکە و ئیستعمار کردوویەتە چەند بەش!

خولاسە وەک بەیتی مێشوولەی لێ هات: «هەر من بڵێم، ئەو بڵێ مەڵێ!». وەختی دەرس بەسەر چوو؛ بەجێم هێشت و هەر لەبەر خۆمەوە دەمگوت: «مەڵێ! مەڵێ!». عوسمانم دیتەوە:

- ها؟ مامۆستاکەت چۆن بوو؟

- چ لەوە باشتر دەبێ؟ مەڵێ «مامۆستا» ئەوە سیاسەتی تەبەقییە!

کە بۆم گێڕاوە لە قاقای پێکەنینی دا:

- بەخوا نەمدەزانی کەری ئاواش هەیە!

ڕۆژی دوایی هاتەوە. کۆمۆنیستەکانی باڵا زۆر لەو سمێڵ زەردە تووڕە بوون:

- قەرارە مامۆستایەکی زۆر زانا لە خۆیان بنێرن؛ ئێوارە دێتە لات.

مامۆستای نوێ ناوی «ئەحمەد بانی خێلانی» بوو. چووینە قاوەخانەیەک، گوتی:

- ئیتر نامیلکە و مامیلکەت پێ ناوێ، هەرچی مارکسیەتە وا لە سینگم دا؛ هەمووت لەبەر پێ دەڵێم!

ملی نا لە باسی کۆمۆنیستی بنیادەمی بەر لە تاریخ کە لە نامیلکۆکێکدا خوێندبوومەوە. بەر لە قسە کردنیش گوتی:

- دەزانی دیالەکتیک چییە؟

- نەخێر.

- مانای وەرام و پرسیاری دەم بە دەم تا گرێ کوێرە نەمێنێ.

لەسەر قسەکانی ڕۆیشت:

- لە ژیانی سەرەتاییدا هێندێک فێڵبازی تەنبەڵ پەیدا بوون، گوتوویانە ئێمە ڕاسپاردەی خوداین و عاسمان ئێمەی کردۆتە گەورەتان. بەو فێڵە چەوساندوویاننەوە و بۆخۆیان خۆش ژیاون...

- مامۆستا ئیجازە هەیە قسە بکەم؟

- ئەی دیالەکتیک بۆ چییە؟ بڵێ!

- لەم بارەوە ئەوا گوتمان مووسا خۆی کردۆتە سەرۆکی جوولەکە و محەممەد دەوڵەتی بۆ عەرەب دامەزراندووە؛ بەڵام بۆ مەسیح دەڵێی چی کە هەتا کوژراوە نانی شەوی نەبووە و بە پێخواسی و بە سواری کەر گەڕاوە؟ چەوساندنەوەی خەڵکی لە کوێدایە؟!

گوتی: ها کابرایەک تماشامان دەکا؛ نەوەکا جاسووس بێ، با بڕۆین دوایە جوابت دەدەمەوە!

ئێستا و ئێستاش مامۆستا نەهاتەوە! عوسمان گوتی گوزارشی داوە کە ئەم کوڕە لە دەردی کۆنەپەریستیدا خنکاوە و چارەی بە کەس نایە!! پاش چەند ساڵێک دەگەڵ چەند هەواڵێک تووشمان بوو بە تووشییەوە، گوتی: «دڵخۆشم کە من مامۆستات بووم؛ لەبیرتە؟»

- بەڵێ، بەڵام ئێستاش پرسیارەکەم بێ جوابە!

ئێستێ کە ئەم باسە دەنووسم، ئەو پیاوە لە مامۆستا هەرە پایەبەرزەکانی حیزبی کۆمۆنیستی عێراقە!...