تابلۆی چوارەم

لە کتێبی:
ئاسک
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 14 خولەک  909 بینین
«شانۆ ڕووناک ئەکرێتەوە، کۆرس ئامادەیە»
کۆرس:
ئەو تۆزە دەرفەتەی تاریکی
دای بە ژوور بۆ دڵدار
نەیداوە هەزاران قوتیلکە و نەیداوە،
هەتاوی زۆر ڕۆژگار
لە ماڵی کوێخادا
هەتاکوو بەربەیان پرچی خۆی شانە کرد
کچ و کوڕ نیگایان وەکوو مۆم
لەبەر دڵ ڕائەگرت
تاک لەناو کۆرسەوە:
ئەو شەوە شەوێ بوو بۆ دڵخواز
ئەبێتە خەیاڵێ کە زۆر جار
پێش مردن بە سەردان بیکاتە هەوارێ
بۆ ئاخی یادگار
کۆرس:
ئەی شەوی کۆتاییی پاییزی
گرمۆڵەی بەر سەرما
با گڕی عەشقەکەی
پیرۆت و خاوەرت پیا بدەین
بەر لەوەی کە بمری
- تاریکی -
«ڕووناکی، حیکایەتخوان دێتەوە سەر شانۆ»
حیکایەتخوان:
خەریکە بەسەر چێ عومری وەرز
درەختی تێک ڕژاو
وا دەستیان لێک بەردا
بارانە پاییزەی کەم دەوام
بە بۆنی خۆڵەوە دڵۆپی درشتی
وەک گوڵاو هەڵپرژا
باڵندەی کێویلە لە کونی شاخەوە
گوێی ترسی بۆ هاژەی
چەمی خوڕ هەڵئەخا
دوو چاوی بچکۆلەی
لە ئاستی با و بژا
ئەترووکێ و ئەنووقێ و سەری خۆی
لە پەڕی ناو باڵدا ون ئەکا
- وچان -
ئێستاکە جێ کۆڕی هەرەوەز خاڵییە،
چۆڵە وەک سەر سەکۆی بەر ماڵان
گەڵاکان سەمایان لەسەر ئاو
سڵاوی دوا کۆچە
کە ئەیکا لە خەڵکی دێی خەزان
- وچان -
ئاسکەکەی خەزانیش بە بازی ئەم بەرد و بەردی
سەر چیای، ڕاوکەری وێڵ ئەکرد
بە لەرەی ناو باڕەی
هەتاکوو ئێستەکەش ئەو بانگی
ئازیز و دڵداری خێڵ ئەکا
ملوانکەی بەر سنگی زۆرترن لە دوێنێ
ماچکەری خاڵی سەر تەوێڵی تاکوو بێ
لە ڕیزی چڕتردا
ئەڕۆن و ئەچنە پێش
بۆ ئەوەی خوێن بەن و،
ماچێکیان بەر کەوێ
- وچان -
تا دوێنێ وا ئەڕۆیی ئاسایی ژیانی دێی خەزان
وا ئەمڕۆش هەواڵێ وەک بوومەلەرزەیەک
ئەم گوندەی لەبەر یەک هەڵتەکان
هەواڵێ دەروونی خەڵکی دێی
لە بنج و بێخەوە ڕاچەنان
- تاریکی -
«شانۆ ڕووناک ئەکرێتەوە، دیمەن ناو ئاوایییە، پیرۆت بەپڕتاو و شپرزەیییەکی زۆرەوە خۆی ئەکا بە ناو گوندا و، هاوار ئەکات».
پیرۆت:
هۆ، هۆ، هۆ ئاوایی
هۆ کوێخا، مام وسوو
پیا بگەن، پیا بگەن
زوو، زوو، زوو
«لەبەر خۆیەوە و بە دەنگێکی نزمی پڕ لە داخ و گریاناوی».
ستەمە، ستەمە و جەخاریش
چۆن وا بوو؟! سەرەتای زستانێ دیاری دا
ئەو دڵەی گوڵێکی تیا ڕوابێ
بەبێ ئەو ناتوانێ هەڵبکا
ستەمە و نازانم چۆن چۆنی گەیشتە
ئەو جێیە؟! نازانم، نازانم
- وچان -
گەلێ جار، چاوی ئەو مەڕانەم بینیوە
کە چەقۆ ئەبینن، قەت بە قەد
چاوی ئەم کڵپەم وا تیا نەدین
خوایە گیان، قودرەتت بخە کار، قودرەتت
ناتوانێ، ناتوانێ، ناتوانێ
- وچان، هاوار ئەکاتەوە -
هۆ کوێخا، مام وسوو
هۆ سوارە، وان لە کوێ
وان لە کوێ؟!
«کوێخا و مام وسوو کۆمەڵە خەڵکێ بەپەلە دێن و ئەگەنە لای»
کوێخا:
«بە پەشۆکاوییەوە»
خێرە، خێر! چی بووە؟! چی بووە؟!
چی ڕوویدا؟!
مام وسوو:
«بە شپرزەیییەکی زۆرەوە»
خوا هاوار، خێر بێ خێر، چی بووە
پیرۆت:
«بە نائومێدییەوە»
چی نەبێ!
وسوو:
بۆ، بۆ؟!
پیرۆت:
فریای کەوین، فریای ئاسکە موبارەک
فریای کەوین، فریا...
هەموویان بە یەک دەنگ:
بۆچی، بۆ؟!
پیرۆت:
وا لەسەر ترۆپکی ڕەوەزدا
عاسییە و گیر، گیری خواردووە
ئەی گوێتان لە باڕە و ناڵینی ئەو نییە؟!
چۆن گوێتان لێ نییە؟!
کوێخا:
ترۆپکی کام ڕەوەز؟!
کام ڕەوەز؟!
پیرۆت:
ترۆپکی ڕەوەزی قەلەڕەش
هەموویان بە یەک دەنگ:
ترۆپکی ڕەوەزی قەلەڕەش
«کۆمەڵە خەڵکەکە بڵاو ئەبنەوە بۆ هەواڵ گەیاندن»
وسوو:
دەک کوێر بم! لەویانە؟!
لە هەر جێ گیر بوایە و،
ترۆپکی ڕەوەزی قەلەڕەش نەبووایە،
هەر ئەوێ نەبووایە
کوێخا:
هەر ئەوێ نەبووایە
قسەی هەر لێ ئەکرا
هەوڵێکی بۆ ئەدرا
هەر ئەوێ نەبووایە
پیرۆت:
ستەمە، ستەمە و جەخاریش
دوور بە دوور هەتاکوو درەنگان
هەر چاوم تێ بڕی و نیزام کرد
باڕژنی بەرد ئەکا بە ئاو و
چاوانی بوونەتە دوو کڵپە ئەسووتێن
ئا، ئا، ئا، ئەسووتێن
لە تاوا خەریکە باڵ بگرێ
بەڵام چۆن باڵ ئەگرێ، بێ باڵە، بێ باڵە
وسوو:
دەک کوێر بم بەتەنیا باڵندە
ئەتوانێ لەو جێیە قوتار بێ
بەتەنیا باڵندە، ئەی داخی گرانم
کوێخا:
«بێ بایەخانە و بە ساردییەکەوە»
پێش سێ ساڵ بزنێکم ڕێی کەوتە
هەمان شوێن ڕەوەزی قەلەڕەش
پیرۆت:
«قسەکەی پێ ئەبڕێ»
ئێ، ئێ، ئەی ئەنجامی، ئەی دوایی؟!
کوێخا:
چی ئەکەیت؟ دەسەڵات کە نەبێ
هەڵدێرە و بۆ خەرەند کەوتە خوار
پیرۆت:
ستەمە، ستەمە مام وسوو
بەڵام ئەم ئاسکە و ئاسکە موبارەک
ئەم بەڵا لادەری گشت دێیە
وسوو:
ئەو نەبێ، ئاوایی چۆن بژی؟!
کوێخا:
تۆ نەتوت چۆنت دی؟
چۆن زانیت؟!
پیرۆت:
چۆن زانیم؟! من لەپاڵ گابەردە شینەدا
کە دوایین بژوێنی ئەمساڵە
ترووشکەم کردبوو، ڕانەمەڕ لەو لاوە
لەوەڕگەی بۆ خۆش بوو، مڕ بووبوون
لە ناکاو باڕژنی ئاسکەکە هاتە گوێم
داچڵەکیم
باڕژنێ لە باڕەی جارانی نەئەچوو
باڕژنێ لە قیژە و زریکەی ژن ئەچوو
کە چووم و دوور بە دوور سەیرم کرد
زانیم چی قەوماوە، مامەوە، مامەوە
بێهوودە، ئەویش هەر زریکەی لێ ئەدا
«سوارە بە شڵەژاوییەوە دێتە ژوورەوە»
سوارە:
داخ، داخ، داخ
چۆن ڕاستە؟! ترۆپکی ڕەوەزی قەلەڕەش؟!
لە کوێی تر گیربوایە و هەر ئەوێ نەبووایە
هەواڵی وەها شووم قەت خەزان بیستوێتی؟!
کوێخا:
ئەو وەهای لە چارە نووسراوە
دەسەڵات کە نەبوو
وسوو:
«قسەکەی پێ ئەبڕێ»
ئەو نەبێ چۆن بژین
بیناییم خەریکە لێڵ ئەبێ
بەر پێی خۆم نابینم
مەرگی خۆم ئەوێت و،
مەرگی ئەو نەبینم!
سوارە:
«وەک شتێکی بیر بکەوێتەوە»
بۆ لێرە ئەبڵەق بووین؟
با بچین بیبینین
با بچین بزانین
کوێخا:
ئارەزووی خۆتانە!
وسوو:
نەء، ئەچین
پیرۆت:
ئا، سوارە ڕاست ئەکات
با بڕۆین، با بڕۆین
بیبینین.
- ئەچنە دەرەوە، تاریکی -
«ڕووناکی، حیکایەتخوان دێتەوە سەر شانۆ»
حیکایەتخوان:
بینیتان و گوێتان لێ بوو
هەواڵەکە نەک وەک بەردێ
وەک کەندەڵانێ بڕووخێ و،
بکەوێتە گۆمی ناخی خەزانەوە
ئاوەها بوو
کارەساتی ئەم هەواڵە
ماڵ بە ماڵی ناو خەزانی
هەژان و، دێ
دایگرت تەمێ
- وچان -
بۆ ئەوەی بزانن ترۆپکی ڕەوەزی قەلەڕەش
چەند تووشە و کام ترسی چارەنووس
چاوەڕێی ئاسکی پیرۆزی گیرخواردووی ئەوێیە
کارەسات چەند گەورە و دژوارە
با گوێمان لە قسەی پیرترین مرۆڤی خەزان بێ
چی ئەڵێ، چۆن ئەدوێ دەربارەی
ئەو خەم و ئازارە
- ئەڕوات، تاریکی -
«شانۆ ڕووناک ئەبێتەوە، جێگە ژوورێکی گوندی ئەو سەردەمەیە، باپیرە، کە پیرەمێردێکی ئێجگار بەساڵاچووە لەگەڵ هەردوو کوڕەزاکەیدا دانیشتوون، خەمبارن»
مەمەند، مناڵی یەکەم:
باپیرە تۆ دیوتە؟ تۆ چوویتە
سەر لووتکەی ڕەوەزی قەلەڕەش؟!
باپیر:
مەمەند باوکەکەم
دووربەدوور من دیوومە
بەڵام چون
کوڕەکەم، هیچ کەسێ ناتوانێ بچێتە سەر لووتکەی
زۆر گران، بشگەنە نزیکی
ترۆپکی ڕەوەزی قەلەڕەش
هەر باڵدار ئەتوانێ هەر باڵدار
زۆراب، مناڵی دووەم:
«قسەکەی پێ ئەبڕێ»
باپیرە ئەی ئاسکە موبارەک
چۆن چووە؟!
باپیر:
زۆرابە کوڕەکەم
باڵندە ئەچێت و دێشتەوە
هاتنەوە، گرنگە هاتنەوە
بەرانە کێوییەکان، ئاسکەکان
کام ڕێگە باریکە پیا ئەڕۆن
ئەتوانن بگەنە سەر هەموو ترۆپکێ
بەڵام کە
«کۆکەیەک ئەیگرێ»
مەمەند:
باپیرە بەڵام چی؟!
باپیر:
بەرخەکەم، مەمەند گیان
ڕەوەزیش تا ڕەوەز کەوتووە
ترۆپکی ڕەوەزی وا هەیە
وەک سەری قەلەڕەش
ئەیگەنێ، بەڵام بۆ هاتنەوە
ناتوانن بێنەوە
گیر ئەخۆن وەک ئاسکە موبارەک
گیر ئەخۆن، داخەکەم.
زۆراب:
ئاخر بۆ باپیرە؟!
باپیر:
کوڕەکەم، باوکەکەم، لەم سەریان
کە ئەچن بە قەدەر یەک جێ سم
ڕێ هەیە پیا ئەڕۆن
- حاڵی بووی بەرخەکەم -
لەو سەریان گەر ڕەوەز تەواو بوو
بواری تیا نەما وەرچەرخێن، بسووڕێن
ئەوساکە گیر ئەخۆن
وەرچەرخان بۆ جێ سم لەو سەریان
ئەی نابێ هیچ نەبێ لە سمێک
بواری زیاتر بات، هەتاکوو بسووڕێ و بێشتەوە
وا نییە باوکەکەم؟!
مەمەند:
باپیرە دوای ئەوەی
نەیتوانی وەرچەرخێ
دوای ئەوە؟!
باپیر:
دوای ئەوە لە هەڵدێرەوە بۆ خوارێ
بۆ خەرەند
هەتا چاو بیبینێ قووڵ قووڵ و تاریکە
بیرێکە لەنێوان دوو شاخا
گەر بڕۆن ئەکەونە خوارەوە!
وەرچەرخێن دیسان هەر
ئەکەونە خوارەوە!
زۆراب:
ئەی چی بکەن؟! باپیرە
ئەی چی بکەن؟!
باپیر:
لە جێگەی خۆیاندا ئەوەستن، نابزوێن
تەنیا هەر باڕەباڕ ئەکەن و هیچی تر
حاڵی بوون؟!
مەمەند:
حاڵی بووین، باپیرە حاڵی بووین
بەڵام بۆ باپیرە ئەچنە سەر
لووتکەی وا
هەموو جار هەر ئەچن؟!
زۆراب:
لەبەرچی باپیرە؟! خۆ ئاسکە موبارەک
لەوەو پێش نەچۆتە شوێنێکی وا عاسی
ئەی ئێستە بۆ چووە؟!
باپیر:
باوانم، هەموو جار هەر ناچن
تووش ئەبن، تووش ئەبن
هەردووکیان بەیەک دەنگ:
لەبەر چی؟
باپیر:
کە کاتێ پاییزان
داروبار ڕووت ئەبن
بەردی شاخوداخ
ئەکەونە بەر چاوان سەر تا بن
پەرژینی سروشتی حەشار و لانەکان
بە جارێ ئەوەرێن
جانەوەر، دەعباکان زۆر ئەبن
بۆ نێچیر ئەگەڕێن
ئەو کاتە کە ئاسکێ کەوتە بەر
تەماشای دڕندە
دڕندە بۆی ئەچێ و ئەو هەڵدێ
ناچارە و هەر هەڵدێ
ئەوساکە لەتاوا ڕێیەکی وا ئەگرێ
کە تا سەر دڕندە نەتوانێ
دووی کەوێ.
حاڵی بوون؟
- وچان -
مەمەند:
ئەی باشە باپیرە لە ترسا
وا ئەدا لە باڕژن
ئەترسێ؟
باپیر:
ئا کوڕم ئەترسێ و هاوارمان بۆ دێنێ
زۆراب:
چی ئەڵێ؟
باپیر:
بانگ ئەکا
لەم جێیەم قوتار کەن
لەم جێیە خەڵکینە.
- وچان، تاریکی -
«شانۆ ڕووناک ئەبێتەوە، شوێن ناو ئاوایییە، کوێخا و مام سوو و پیرۆت و سوارە هەموویان بەکۆمەڵ دەگەڕێنەوە و ئەم جارەیان پیرباڵیشیان لەگەڵە»
سوارە:
هەر ئەبێ دڕندە، سا ئیتر چۆن بووە
دیارە هەر ویستوێتی کە بیخوا
بەم دەردەی بردووە
جا ئیتر گیانی خۆی لێ بۆتە تەوقێک و،
خستوێتیە سەر ڕەوەز
ئاخ ئاسکە موبارەک
داخی تۆ چەند گەورە و گرانە
کوێخا:
«بە ساردوسڕییەوە»
قودرەتی تەنیا خوا ئەتوانێ
ئەو ئاسکە قوتار کا
ئەگینا مەحاڵە بینیتان لە کوێیە!
پیرۆت:
کە باڕژن لێ ئەدا وەختە من
لە جێی خۆم گڕ بگرم
ڕوانیتان چاوی چۆن بڕیبووە نێو چاومان
لەتاوا زمانی گرتووە
پیرباڵ:
چۆن سەری ئاوەها لێ تێک چوو؟!
پرسێکە وەک چەقۆ
چەقیوە لە دڵم
وسوو:
مام پیرباڵ تۆ دنیادیدەیت و ئەزانی
کە دەعبای ئەم وەختە چەند برسین
چەند دڕ بن هێندەی تر دڕ ئەبن
نە جێگەی لەوەڕە و نە جێگەی هیچ شتێ
بەتەنیا هەر جێگەی ترس و بیم
ناچاری و بێکەسی، پیرباڵ گیان
سوارە:
ڕۆژێکە ئێجگار شووم
ئاخ خۆزگە کوێرێتیم ئەبینی و
نەمدیایە ئەم وەختە
نەمدیایە کە ئاسکە موبارەک
وای لێ دێ
نەتوانێ ببزوێ
کوێخا:
«بە گومانەوە»
مام وسوو، هەر ئەبێ دڕندە
بەم دەردەی بردبێ؟!
وسوو:
قسەی سەیر
چ ملە و ڕێگەیەک تەنانەت هیچ بەردێ
نییە ئەو شارەزای نەبووبێ
قسەی وا هەر نەکرێ باشترە
پیرۆت:
بزنەکان ئەزانن ڕێی ڕەوەز
کامەیە و نایگرن
ئەی چۆن، چۆن ئاسکە موبارەک
ئەیگرێ
ئەو کاتە قسەی وا ڕاست ئەبوو
بە چیا نوێ بووایە و ئەو کاتە ئەمان وت
ڕەنگ وایە
کە سەری لە ڕێگە دەرکردن شێوابێ
سوارە:
کارەکە هەر کاری دەعبایە و هیچی تر
ئێستاکەش بە ئێمە چی ئەکرێ؟!
وسوو:
ئەزانن، هەمووتان ئەزانن
کە ئاسکە موبارەک دێرینە و،
دەمێکە لە سای ئەوەوە
خەڵک و خوای ئەم دێیە
هەر خێریان بە سەرا باریوە
لە چاوی ئەوەوە دەروونیان بە خەڵکی
دوای خەزان ناسیوە
کێ هەیە نکووڵی لێ بکا؟
پیرباڵ:
کێ هەیە؟! ئاشکرا
وەکوو خۆر شتێکە لەبەرچاو
پیرۆت:
کە ئاسکە موبارەک دڵتەنگ بوو
دێکەمان دڵتەنگە
تەنگانەی کە تووش هات
تەنگانە ئەبینین
کوێخا:
شتەکە هەر لە دەس خوادایە
بە ئێمە چی ئەکرێ!
وسوو:
کارەسات ئەوەیە، کە ئاسکە موبارەک
نەمێنێ هیچ شتێ نامێنێ
ئەو تەنیا یەکێکە و قەت نابێ بە دوو
لەدوای ئەو خەزان و ئەم خەڵکە
وەک نەبن وەهایە
هەر تەنیا بارکردن ئەمێنێ و هیچی تر
بار کردن لە خەزان
یان شەیتان داڵدەدان
پیرباڵ:
مەلای دێ ئەڵێ چی!
دیار نەبوو، نایبینم
کوێخا:
لە لای بووم کەوتووە و نەخۆشە
ئەفەرموێ شتەکە هەر لە دەس خوادایە
لێگەڕێن باشترە!
پیرۆت:
چۆن چۆنی لێی گەڕێین؟!
وسوو:
هەر تەنیا بارکردن ئەمێنێ و هیچی تر
پیرۆت:
ئەی چی بکەین؟!
سوارە:
ئەی هەر وا بوەستین هیچ نەکەین
باڕژنی نابیسن
وا کێوی کرد بە ئاو
کوێخا:
چی ئەکەیت؟! ئەتەوێ چی بکەیت
باڵ ئەگری یان ئەفڕی!
پیرۆت:
شتێ بێ هەر شتێ کە بکرێ
پیرباڵ:
هیچ ئەکرێ؟!
وسوو:
چۆن ناکرێ!
وا بارە و هاتووە و لەم ڕۆژە
تەنگانەی تاریکتر کوا بووە
ئێستاکەش هەمووتان وا لێرەن
زانیمان کە ئاسکە موبارەک عاسییە،
ترۆپکی ڕەوەزی قەلەڕەش جێیەتی
زانیشمان هەر ئەبێ دڕندە
بەم دەردەی بردبێ
بەڵام ئەی نەجووڵێین!
کوێخا:
مام وسوو، لە ڕێی خوا بەرەو کوێ
ئەجوڵێی، باڵندە ئەگاتە ئەو جێیە
باڵندەی؟!
چی ئەکەی چار نییە
پیرۆت:
بمرم و نەبینم بار ئەکەم لە خەزان
ئەو مەرگە و نەک ڕۆشتن
پیرباڵ:
بارکردن، ستەمە
وسوو:
زۆر ڕاستە
هەموو شت لە دەستی خوادایە
بەڵام خواش تا ئیستە
دڵتەنگە
کە ئاسکە موبارەک عاسییە
تا ئەویش دڵتەنگە
- وچان -
(باپیری خەمە)شم بینیوە،
پرس و ڕام بەویش کرد
ئەویش هەر تاووتووی بە کێشەی گران کرد
گوێ بگرن:
دڵنیام کەس نییە بگاتە ترۆپکی ڕەوەزی قەلەڕەش
گوێ بگرن، شاخەوان، چاونەترس
ئەوانەی کە ڕۆحیان ئەخەنە ناو مشت و سەر دەستیان
ئەتوانن بە قۆناغ دوای ئەوەی قولاپە
لە کاڵە و پێتاوی تایبەتی گیر ئەکەن
دوای ئەوەی کە دەستیان
بە ئەڵقەی گوریس بۆ هاویشتن ڕام ئەکەن
سووک سووکە ئەتوانن بچنە پێش
بگەنە نزیکی
لەوێوە ئەڵقەکە بهاون بیخەنە ناو ملی
ئەو شوێنەی من ئەیڵێم شاخەوان بیگاتێ
گەر بگات، هەر گوریس هاوێژێ دوورە لێی
ئەمەشیان هەر وەها ئاسان و سووک نییە
گرانە و زۆر گران
- وچان -
«هەموو مات ئەبن»
کوێخا:
لە ڕێی خوا، مام وسوو چی ئەڵێی
بۆ خەڵک بە کوشت چێ
ئەمەی تۆ باست کرد لە وزەی کێدایە
هەر پێیەک بترازێ
مەرگە، مەرگ
کێ ئەوەی پێ ئەکرێ
ئەم خەتەی تۆ کێشات
مەگەر شێت ڕووی تێ کات
یان ئەوەی بە دەوری مردندا گڕ ئەخوات
وسوو:
ئا، کوێخا، ئا، ئەبێ بۆ ئاسکە موبارەک
ئەوانە بێنە پێش
بە دەوری مردندا گڕ ئەخۆن
پیرباڵ:
ئەمەشیان ستەمە
پیرۆت:
ستەمە، بەڵام ئەی نازانن
کە ژیان دوای ئاسک
ئەویشیان مردنە.
سوارە:
بەڕاستی مردنە
پیرباڵ:
مام وسوو، ئەو پیاوە لە کوێوە بهێنین
بۆ ئەوەی ئەمەی تۆ ئەفەرمووی
بیکات و هەناسەی ڕەحەتیی هەڵکێشین
وسوو:
کەس نایە، پیرباڵ گیان کەس نایە
ئەو پیاوە هەر ئێمەین
کردمان وا ئەیکەین و نەشمانکرد
چاوەڕێی کەس مەکەن
کەس نایە
- وچان، لەسەر قسەکردن بەردەوامە -
مەگەڕێن بۆ ڕێی تر
ڕێگەکە تەنیا هەر یەک ڕێیە
جێگەکەش یەک جێیە
وا ئێمە لێرەین و ئەویشە لەوێیە
نە ئێمە باڵ ئەگرین، نە ئەویش
هەتا زووش بە فریای بکەوین
درەنگە، چی ئەڵێن؟
- وچان -
«هەموو بێدەنگ ئەبن، لەم کاتەدا یەکێک خۆی ئەکا بە ژووردا و ڕوو ئەکاتە هەموویان»
وا دیارە ئاگاتان لێ نییە
پێش تۆزێ
مەلای دێ
ئێوە خۆش.
«هەموو تەماشای یەکتری ئەکەن، تاریکی».