دڵی دێوانە لەسەر زولفی لە عالەم بەرییە
لە کتێبی:
دیوانی وەفایی
بەرهەمی:
وەفایی (1844-1902)
1 خولەک
749 بینین
دڵی دێوانە لەسەر زولفی لە عالەم بەرییە
قەد ڕەهایی نییە لەو داوە کە بەستەی پەرییە
بە وەفا بە کە دەشمکوژی بە میهرم وەرە سەر
دا نەڵێن عاشقی بێمیهر و وەفا سەرسەرییە
چت لە دڵ داوە عەزیزم وەرە نێو دیدەیی من
دڵ هەموو ئاورە، چاو مەنزەرەیی دوودەرییە
چاوی بیماری تەبیبی هەموو دەردی دڵمە
غەمزە دەرمانییە، پەیکانی موژە نەشتەرییە
قامەتی تۆ کە گوڵ و بەی بەری بێ، بێ بەری بێ
بۆچ دەڵێن ئیدی سنەوبەر بەری بێ بێبەرییە؟
بۆیە سووتاوم ئەمن عاشقی بەدناوم ئەمن
دڵەکەم غەمزەدەیی غەمزە و نازی پەرییە
ڕوو بە ئەبرۆتە ئەگەر بۆ چی دڵ ئازارە موژەت؟
ئەهلی قیبلە عەجەبا وا ڕەوشی کافەرییە
سەروی گوڵزاری وەفاییناسناوی ئەدەبییە کە گوڵزاری جەمال
خەندەگوڵ، گوڵ بەرییە، هەم گوڵە هەم گوڵپەرییە