دەمێکی هەستە پێ، قوربان، جەماڵت عالەم ئاراکە

لە کتێبی:
دیوانی وەفایی
بەرهەمی:
وەفایی (1844-1902)
 2 خولەک  1094 بینین
دەمێکی هەستە پێ، قوربان، جەماڵت عالەم ئاراکە
بزانن نەخلی تووبا، باغی جەننەت، خار و خاشاکە
ئەگەر ڕەنجیدە بووی، قوربان، لە وێرانەی دڵی تەنگم
وەرە سەر مەنزەرەی چاوم تەماشای مەوجی دەریاکە
بە ئەمری چاوی بیمارت کە هەر خوێنخوارییە کاری
مەگەر تاری سەری زونناری زولفت ماری زەححاکە؟
لە عەینی ئاهـ و سۆز و گریە زولفت هاتە تاراجم
شەوی پڕ بەرق و بارش ڕۆژی هیندووی دوزدی ناپاکە
شەهیدی چاوی بازی پڕ لە نازی شاسوارێکم
کە گۆی چەوگانی زولفی دائیرەی خورشیدی ئەفلاکە
دڵم شێواوی چاو و زولفتە بەو زارە چارەی کە
کە ئەو بیمارە مارانگەستەیە دەرمانی تریاکە
لە ڕووی تۆ دانەما، پەروای شەهیدانی نەبوو چاوت
لە ڕۆژی حەشرێ ناترسێ، عەجەب تورکێکی بێباکە!
بە یادی ڕووم دەڵێ بگری، بڵا چاوم لە گریەت بێ
بەهاران نم نمی باران بە مەیخواران تەرەبناکە
لە فەهمی جەوهەری خەندەی دەمت عومرم چوو نەمزانی
کە سیڕڕی حاڵی ویجدانی وەرایی فەهم و ئیدراکە
لە قەتڵی عالەمی دڵ بۆوە خاڵی ڕووت، بڵا بەس بێ
سوهەیلی کارەوانکوژ چی دەوێ بەو ڕۆژە ڕووناکە؟
دەمی هێنا، دڵم کردە نیساری پێکەنی و فەرمووی
کە زەڕڕێکیش بێ ون نابێ وەفاییناسناوی ئەدەبی! چاکە هەر چاکە