ماڵ ئاوا

لە کتێبی:
زەوی سەخت و ئاسمان دوور
بەرهەمی:
مارف ئاغایی (1966-1998)
 5 خولەک  1334 بینین

=(١)

چەند ڕۆژە کە دوای تەواوبوونی کاتی ئیدارە، بەم گەرمای نیوەڕۆیە لێرە دێیتە خوارێ و نزیک بە سەعاتێک لە دەوری ئەم مەیدانە خۆت دەخافڵێنی. دەتەوێ تا کەی وا بکەی؟ کوا ئەوە ڕێگایەتی؟ بەڵکوو ماڵەکەی لێرە گوێستبێتەوە، بەڵکوو لەسەر سەفەر بێ. هەر نەبێ بچۆ بەر سێبەرەکە، سووتام ئەوندە لەبەر ئەم خۆرەتاوە لەگەڵت ڕاوستام، لەوێشەوە سەری کۆڵانەکەیان دیارە.

مەترسێ، ئەو تۆ نابینێ. ئاخ من دەبێ نووسەرێکی چەند کڵۆڵ بم کە تووشی قارەمانێکی وەک تۆ هاتووم. تۆ پێت وایە ئەو کڵۆڵی نییە کە من تا ئێستا تەنانەت یەک قارەمانیشم نەبووە، کە کۆک و پۆشتە و تێر و تەسەل بێ. نووسەرە دەر و دراوسێکان، هەموو قارەمانەکانیان لە کابارە و مەیخانە و پارک و گوڵزارەکاندا خەریکی کەیف و نەهەنگن، بەڵام ئەمن ڕۆژ هەتا ئێوارێ دەبێ یا لەژێر سێدارە دەرتانبێنم، یا لە زیندان فکری هەڵاتنتان بۆ بکەم، یا لە نەخۆشخانە بتانلاوێنمەوە، یا ئەوەتا دە ڕۆژان لەبەر ئەو سوورەتاوەی بە زگی برسی لەگەڵتان ڕاوەستم. چی؟ خەتای منە؟ من ئێوەم تووشی ئەم چارەنووسە کردووە؟

هەقتە وام پێ بڵێی، ئەگەر نەبوایەم، ئێوە پەناتان بۆ کێ دەبرد! من ڕۆژێ سەدان کەسی وەک ئێوە دەبینم کە برسی بێ پەنا بە کۆڵانەکاندا دەخولێنەوە و خەریکن خۆیان دەخۆنەوە. چی بکەم؟ ناتوانم خۆمیان لێ نەبان کەم.

باشە، با لەو قسانە گەڕێین، بۆ لە جیاتی ئەو چاوەڕوانییە، ڕاستەو ڕاست ناچی پێی بڵێی پارەکەت بداتەوە؟! خۆ دەزانی کوێی بدۆزییەوە. شەرمێ دەکەی؟ دەتەوێ کاتێک سەعات سێی دوای نیوەڕۆ دەچێتەوە ماڵێ، بە شێوەیەک لە دەوری مەیدان خۆتی نیشان بدەی، کە ئەو پێی وابێ بەڕێکەوت تووشی هاتووی، جا ئەودەم ئەو قەرزەکەی وەبیر بێتەوە و بتداتەوە؟! چەند کارێکی مناڵانەیە، ڕەنگە ئێستا خوێنەر پێی وابێ ئەم پارەیە چەندە کە تۆی ئاوا هەڵوەدا کردووە. بە کەس نەڵێم؟ من زگم عەمباری کەس نییە، دەیڵێم و چی دیکەشیان لە چاوەڕوانیدا ناهێڵمەوە. هەمووی چوارهزار تمەنە کاکی خوێنەر! ئەگەر تۆ پێت وابوو ڕووداوێکی چەند میلیۆن تمەنی دەخوێنیەوە، هەر لێرەوە لە خۆت حاڵی بە. دەتەوەێ لێی بپرسی کە بەوەندە پارەیە دەیەوێ چی بکا؟ باشە تۆ پرسیارەکەی خۆت لەبیر نەچێ، ڕەنگە بە وڵامێک بگەی.

بە قسەم بکە، ئێوارێ بچۆ بەر دەرگای ماڵەکەی، ئەمنیش لەگەڵت بێم؟ جا تۆ چیت لە من داوە؟ با ئەمنیش لە ڕووم هەڵنەیە تۆ بۆ خۆت بچۆ، دوایی کە هاتیەوە بۆم بگێڕەوە چیت کردووە. تۆ نابێ بە ئاوری منەوە بسووتێی، من هەر لەسەرەتاوە مردەلۆخە و شەرمێون بووم، هێشتا تۆ لە من باشتری، حەوتووی پێشوو توانیت سێ هەزار تمەن قەرز بکەی،با، با، ئاگام لێت بوو کە چۆن لەشەرمان ئارەقت دەردەدا. لە لای خێزانت باسی ئەو قەرزەت هەر نەکردووە، هیچ لەبیرتە کە دەبێ بەیانی پارەکەی بدەیەوە. من بیدەمەوە؟ ئەگەر تۆ نەتبێ، من لە کوێی بێنم؟ تۆ لە هەر شوێنێک پێت خۆشە پەیدای بکە، دانەوەکەی ئەستۆی من. هەر کەس لە فکری خوێدایە، تۆ دەتەوێ بە هەر شێوەیەک بێ، من قەرزەکەت لە جیاتی بدەمەوە، نازانی کە ئەگەر ئەمن هەر لە خۆوە ئەوە بدەمەوە، هەزار ڕەخنەم لێدەگرن. دەزانم تۆ چارەیەکت نییە، بەڵام نابێ چاوەڕوانیی کاری ئاواشت لە من هەبێ. ئەوە دامنا قەرزەکەشتم داوە، ئەدی پرتە و بۆڵەی خێزانت چ لێ دەکەی؟! هاواریەتی و دەڵێ هیچمان لە ماڵیدا نییە ؟ باشە مەگری، گریان هیچ دەردێک دەرمان ناکا، ها ئەو دەسرەیەم لێ وەرگرە و فرمێسکەکانت پاک کەوە، من چی دیکە دڵم بەرەدایە نادا لەلات بمێنمەوە. تازە نیوەڕۆیان لەگەڵت دانابەزم، تۆش وەرە با بڕۆین. نایەی؟ لێرە دەمێنیەوە؟ باشە. من قسەیەکم نییە، لێرە بە، ڕۆیشتم ماڵئاوا.

 

=(۲)

 

تۆ بۆچی خۆت لەو پەنایە مات کردووە، تا کەی دەتەوەی خۆتی لێ بشاریەوە. ئەو ڕۆژەی مناڵەکەت نەخۆش بوو، ئەگەر ئەو پارەکەی نەدابایەی، بەچی نوسخەکەت دەکڕی؟ لەبیرتە کاتێک نوسخەپێچەکە پێی کوتی دەکاتە چوار هەزار وچوارسەد تمەن، چۆن لەجێوە ویشک بووی. تا ئەو کاتە دەستی چەپت بە نایلۆنی دەرمانەکانەوە و دەستی ڕاستیشت لەنێو گیرفانتدا خەریکی دەرهێنانی پارە بوو. کاتێک ئەوەت بیست، دەستی چەپت شل بۆوە و نوسخەکەت لەسەر میزەکە دانا. دەستەکەی دیکەشت بە بەتاڵی دەرهێنا. دڵنیا بووی کە لە شەشسەد تمەن زیاترت پێ نییە. بە داماوی کەوتیە شەقام، پێوان و چاوگێڕان. بۆ چاڕەڕەشی، ئەم کەسەی لەبەر ئەو سوورەتاوەی دەوری مەیدانەکە ڕاوەستاوە، تووشت بوو. یەکترتان باش دەناسی. ڕووداوەکەت بۆ گێڕاوە، دەستی برد بۆ باغەڵی و بە جوامیرییەکی پڕ لە دڕدۆنگییەوە پارەکەی بۆ ژماردی. تۆ هیچ دەزانی ئەو پارەیەی بۆچی پێ بوو؟ پێت ناڵێم، با چی دیکە برینت نەکولێتەوە. ئێستا هەرچی بووە تەواو بوو، زووکە بڕۆ لای، خەریکە لەو گەرمایەدا دەپیشێ. بڕۆ هەر نەبێ، لەو چاوەڕوانییە تاڵەی دەربخە. بڵێ نیمە و هەرکاتێک هەمبوو دەتدەمەوە. چی دڵێی؟ من بیدەمەوە؟ من ئەگەر پارەیەکم شک بردبا، قەرزەکەی ئەوم پێ دەداوە. بەڵام تۆ پێم بڵێ ئەدی ئەو پارەیەی سەری مانگ وەرتگرت، چت لێکرد؟ بەشی زۆریت دا بە کرێی ماڵ؟ من کرێ ماڵەکەت بۆ کەم کەمەوە؟ باشە ئەوە من بۆ تۆم کەم کردەوە، ئەی چ لەو هەزاران کەسە بێ داهاتانەی دیکە بکەم؟ مەگری. گریان هیچ دەردێک دەرمان ناکا. ها ئەو دەسرەیەم لێ وەرگرە. فرمێسکەکانت پاک کەوە. ئەگەر ناچی بۆلای کەیفی خۆتە. تۆ هەر لێرە دەمێنیەوە؟ باشە. من قسەیەکم نییە، لێرە بە، من ڕۆیشتم، ماڵئاوا.