خۆشم دەوێی، لێشت تووڕەم

بۆ دۆستی شاعیرم جەلالی مەلەکشا
لە کتێبی:
زەوی سەخت و ئاسمان دوور
بەرهەمی:
مارف ئاغایی (1966-1998)
 2 خولەک  2018 بینین
١
دیسان دووکەڵێکی ڕەش و هەناسەی تۆ،
دیسان کۆڵانی غەریبی و سێبەری تۆ،
دیسان جانتای ئاوارەیی و سەرشانی تۆ،
دیسان، دیسان
زاری کراوەی کەلەبچە و
دەستانی تۆ.
 
تۆ چەندە بارێکی قورسی
بەسەر لاشانی غەمەوە.
چەمۆڵەیەکی چەند مۆنی
بە نێو چاوانی تەمەوە.
 

هەور وەک تۆ
بە گریان ئاشنا نییە.
ژان وەکوو تۆ
بە ناخی هیچ برینێکدا ڕۆنەچووە.
هیچ بێشەیەک
لە خەزانی تەمەنیدا
 
نیو ‌هێندی تۆ
گەڵا و لک و پۆی ئازاری
نەوەریوە.
 
تۆ چەندە بارێکی قورسی
بەسەر لاشانی غەمەوە
چەمۆڵەیەکی چەند مۆنی بە نێو چاوانی تەمەوە.
 

ئاویەر نەیتوانی ‌‌‌غەمی تۆ لە کۆڵ بنێ،
ناردی بۆ سەر شانی دمدم.
زرێبار لە دەستی نەهات
تۆزی غەمی سەر سیمای ونبووی تۆ بشوا،
لە نێو زەریاچەی ورمێی خست.
لەو کاتەوە
من ئاوارەم
بە شوێن چیا و دەریایەکی ئەفسانەیی!
 

چۆن کۆڵەکەی ساوای بەژنم
ئەم ئاسمانەی غەمی تۆی پێ ڕادەگیرێ؟
کوا بە کانیاوی چاوانم
دەریای فرمێسکی غەمی تۆ
هەڵدەگیرێ؟
 

لەنێو لەتی ئاوێنەی چارەنووستدا
خۆت لێ ون بووە،
بیر و هەنگاوی تۆ، هەرگیز
یەکتریان پێ نەدۆزراوە،
ڕێگا لەگەڵ
ڕێبواری ساڵانی پێشووی
ئاشت نەکراوە.
 

ناتوانم دەست لە دەستت نێم:
پۆلوویەکی گەشاوەیە، دەمسووتێنێ.
ناتوانم نا، نزیکت بم،
ئەم هەناسەت
تەنوورێکی قانگدراوە
دەمخنکێنێ.
خۆشم دەوێی، لێشت تووڕەم.
خۆشەویستیم دەریایەکە
تووڕەییم: دڵۆپ.
زۆرجار دڵۆپ،
ئەم دەریایە هەڵدەلووشێ.
 
خۆشەویستیم: ئاسمانێکە
تووڕەییم: ئاسمانێکە
تووڕەییم: پەڵەیەک هەور.
زۆرجار هەور،
ئەم ئاسمانە دادەپۆشێ.
 

تا کەنگێ مێروولەی لەشت
باری قورسی سەرت لەسەر شان دابنێ و
لە ئاوارەیی بۆ زیندان
لە زیندان بۆ ئاوارەیی
بتلێتەوە؟
کەی چاوانی بێتاوانی کۆرپەکانت
دەرگای پێڵوو
لەسەر نیگای باوکانەی تۆ بکەنەوە؟
ئیزن مەدە
لەوە زیاتر ئاوری ڕۆژگار
دووکەڵەکەی لە هەناوتا جێ کاتەوە.
گۆشەی زیندان
بۆشایییەکەی
بە لەشی تۆ پڕ کاتەوە.
 

ئەوە چەند جار
خۆشەویستیم کرد بە هەتاو،
دووکەڵێک بوو بە سێبەرت؟
با ئەو جارەی سێبەری خەستی تووڕەیی
بەسەر باڵای تۆدا بکشێ!
ڕەشەبای شیعرێکی سەرکێش
بۆ نێو هەناسەی تۆ بخوشێ.