بارانێکی ڕەش

لە کتێبی:
گەشەی ئەوین
بەرهەمی:
ژیلا حسەینی (1964-1996)
 1 خولەک  865 بینین
ڕەنگە ئێستا، خۆشەویستیی منت لەلا
وەکوو خەوێک بێتە بەرچاو
وەکوو مۆمێ کە چەند شەوێ
لە ژوورێکی بچکۆلەدا، داتئەگیرساند
بۆ ماوەیەکی کەم خایەن
تابلۆی ژیانی داهاتووت پێ ئەنەخشاند
دیارە ئەوینی من لەلات
وەک جگەرە هاتە بەرچاو، لەدوای کێشان
سووتووی عومرم، لەژێر پێتا
پێشێڵ کرا...!
یان وەک پەڵە هەوری بەهار
سوارکارێ بووم
بۆ ماوەیەکی کەم خایەن دام لە بواری ئاسمانت
لە دواییدا لە ئاسۆتا سوور هەڵگەڕام
بووم بە پەڵە و
بەسەر سیمای خۆشەویستی و عەشقەکەتدا
دیاری کرام!
وا ڕۆیشتی بێ ناونیشان!