ناکرێ بۆ کەس عەزیزم سەیقەل و پەرداخی دڵ

لە کتێبی:
هەوارگەی دڵان
بەرهەمی:
سەید تاهیر هاشمی (1915-1991)
 1 خولەک  1034 بینین
ناکرێ بۆ کەس عەزیزم سەیقەل و پەرداخی دڵ
تا لە دەس دڵبەر نەچێژێ ڕۆژێ سەدجار داخی دڵ
دەردی دووری باخەوان دۆچ و هەرێز بیری ویسال
تا نەکەی بێڵباخی سا چۆن بەردەبەخشێ باخی دڵ
تا نەگەییە سەرپلەی ئەووەڵ لە ڕندی و عاشقی
کەی بە دڵبەر ڕادەگا هاوار و ناڵە و ئاخی دڵ
جێی شنەی شەوبای هەناسەی خۆشی ڕازی یار نییە
تا گوڵ و شەوبۆی تیا بەرهەم نەیێ سەرشاخی دڵ
سینەیی پێویستە وەک ئاوێنە ساف و بێ گرێژ
تاکوو بێ بیانوو بڕی منداڵەکەی گوستاخی دڵ
لەشکری: بوخڵ و حەسەد، کینە و تەمەع، کیبر و ڕیا
تار و مار و ون دەبن تا هەڵکرا بەیداخی دڵ
ڕامی کەس نابێ لە مەیدانی سەفا ئەسپی هەوا
بێ تەکەڵتوو تەنگ و ئاوزەنگی و بەرەو قەڵتاخی دڵ
گەر زمانم لاڵە بۆ عەرزی دروود و ئیشتیاق
پڕ لە دەرد و داخی هیجرانی ئەتۆیە ناخی دڵ
زوو بە تاهیرناسناوی ئەدەبی ئاب و جاڕوو کە بە فرمێسک و بژانگ
بۆ نزوولی عیشقی ئەو دڵ پیکەرە یاتاخی دڵ