مەپرسن لە هیچ لایێ ناو و نیشانم

اقتباس لە غەزەلی - محتشم
لە کتێبی:
هەوارگەی دڵان
بەرهەمی:
سەید تاهیر هاشمی (1915-1991)
 1 خولەک  1160 بینین
مەپرسن لە هیچ لایێ ناو و نیشانم
کە من مەحوی دەرد و غەمی دڵستانم
بە گیانت کە تا گیان لە لاشەم بمێنێ
ئەتۆی ڕاحەتی ڕۆح و ئارامی گیانم
لەبەر پێت ئەخەم گیانی شیرین بە سەد دڵ
ئەگەر ببیە میوانم ئەی یاری جوانم
لەلای من چەمەن جێگەیی دڕکوداڵە
بەبێ قامەتی تازە سەروی ڕەوانم
بە سووکی ئەگەر پێم لەسەر نێی عەزیزم
هەموو دڕکی تۆیە وەکوو گوڵستانم
لەژێر باری خەم گەرچی باڵام کەمانە
بە گیان تینووی تیری ئەبرۆکەمانم
دەری ماڵەکەی دڵبەرە قیبلەگاهم
مەزانە کە من قەت لە بیری جیهانم
شەوەزەنگە دڵ هەروەکوو پێچی زوڵفت
وەکوو ئاوی حەیوان لەوێدا نیهانم
دڵم هەروەکوو شەم دەسووتێ لە داخت
بە قرچەی دڵا عەینی پەروانەکانم
لەتاو دۆزەخی دووریەکەت بوومە قاڵاو
کە هاوڕەنگی تاووسی باغی جینانم
بە سەبر و توانا وەکوو بەحری قووڵم
وەدەر ناکەوێ ئەوپەڕی بێ گومانم
بە شیعر و ئەدەب تاهیراناسناوی ئەدەبی کێو و دەشتم
بە فەزڵ و هونەر کات و وەخت و زەمانم
بەڵام تۆ کە ناکەی بە هیچ شت حەسێبم
ئەمن ئێستە بێ نرخ و بێ خان و مانم