من لە دەس هیجرانی دڵبەر سەرکز و داماوە خۆم

لە کتێبی:
هەوارگەی دڵان
بەرهەمی:
سەید تاهیر هاشمی (1915-1991)
 1 خولەک  997 بینین
من لە دەس هیجرانی دڵبەر سەرکز و داماوە خۆم
عەیش تەیش و گەنج ڕەنج و مەی وەکوو زووخاوە خۆم
دانەدانەی خاڵەکەت مورغێکی دی خستە تەما
ئەو بە ناکام هەڵفڕی و من گیری پێچی داوە خۆم
بێ ئەوەی وا شەعشەعەی شەمسی حەقیقەت بێتە دڵ
دڵ بە تاو و چاو پڕ ئاو، لێو وشک هەڵقرچاوە خۆم
وەک سەری زوڵفەینی تۆ دەستی حەوادیس بام دەدا
گاهـ کورت گەهـ درێژ، گەهـ لوول و گاهێ خاوە خۆم
مەستی چاوی مەست و پەستی کیبر و ئیستغنای ڕەقیب
تێشکاو، هەستی نەماو و بێبەش و بێناوە خۆم
بۆ نیگاهی شوێن هەواری ئەو بوتەی لەیلیوەشە
وەک چیای مەجنوون چنیو و حەیران و ڕاوەستاوە خۆم
هەر وەکوو پەروانە خۆش دێ بۆپڕووزی باڵەکەم
تاکوو من وەک شەم تواوە و لاشە هەڵگیرساوە خۆم
گەر نەکا هیممەت شەهەنشاهی گورۆهی ئەولیا
بێگومان تاهیرناسناوی ئەدەبی غەریقی مەینەت و گێژاوە خۆم