لە دەردی جەور و غەم هانامە هانا

لە کتێبی:
هەوارگەی دڵان
بەرهەمی:
سەید تاهیر هاشمی (1915-1991)
 1 خولەک  1233 بینین
لە دەردی جەور و غەم هانامە هانا
لە هیجری دڵبەری بێ تامە هانا
نیهالی ئارەزووم بێ ئاوە هاوار
بە وشکی کاتی هەڵکەنیامە هانا
لە دنیادا ئەتۆ بووی شادمانیم
لە داخی مەینەتی دنیامە هانا
چواردە ساڵە هیوای وەسڵی باڵات
خەیاڵ و وێردی تا ئێستامە هانا
ئیدی کەڵکی نەما عومری درێژم
ئەوا دەستی لە تۆ کۆتامە هانا
جوابی مەرگی خۆم بیست و نەلەخشام
حەیاتی وەسڵەکەت هیوامە هانا
ئەتۆ کەی لایقی بەزمی خەسان بووی
قسووری بەختی نازێبامە هانا
ئەتۆ خۆ ئاسکەکەی هەردەی دڵم بووی
چلۆن پێت گیری حەڵقەی دامە هانا
ئیدی بۆ من ویساڵت ئەی عەزیزم
تەمای پووچ و خەیاڵی خامە هانا
ئەتۆ شیرین و من فەرهادی مەحزوون
لە تیشەی جەورەکەت فریامە هانا
وەکوو تاهیرناسناوی ئەدەبی بە تیری تەعنی ناکەس
دڵم ڕێش و دەروونم زامە هانا