هەڵبژاردن

لە کتێبی:
مێرگی زام مێرگی هەتاو
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  537 بینین
لەنێو هەموو کتێبخانەی شەودا
من یەک کتێبم هەڵبژارد:
ئەویش یادداشتی تەنیاییی
ئەستێرەیەکی غەریب بوو!.
لەنێو هەموو گۆرانییەکانی چیادا
من یەک گۆرانیم هەڵبژارد
ئەویش گۆرانیی ئازادیی
داربەڕوویەکی شەهید بوو.
لەنێو هەموو خەونەکانی یادگاردا
من یەک خەونیانم هەڵبژارد
ئەویش خەونی زەرد و سووری
منداڵیی بوو.
بەڵام من خۆم
نە ئەوینی خاکوخۆڵی
کوردستانم هەڵبژارد و
نە ئەوینی چاوی دایکم
کەچی هەردوو، لە گشت ئەوینێکی دیکەی
دنیای گیانم
ڕووناکتر و
گەرمتر و
گەورەتر بوون!