کورتیلە چیرۆکە شیعرێ

لە کتێبی:
مێرگی زام مێرگی هەتاو
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  605 بینین
هات ڕاوەستا
تەریک لە ژێر
دار نارنجێکدا ڕاوەستا
سەبەتەی پووشی پڕ گوڵیش
لە باوەشدا
تەنها سەیری ڕۆژهەڵات و
سەعاتەکەی دەستی ئەکرد..
هەتا شەمەندەفەر گەیشت.
هەموو پیاوەکان دابەزین
هەموو ژنەکان دابەزین
هەموو منداڵان دابەزین
تا شۆفێرەکەیش دابەزی
ئەوەی دیار نەبوو هەر «ئەو» بوو!
غەمگین.. غەمگین
تەماشای گوڵەکانی کرد.
بۆ هاتنی نۆرەی دووەم شەمەندەفەر
یەکێکیتر هات ڕاوەستا
ئەویش بەتەنها هەر سەیری ڕۆژهەڵات و
سەعاتەکەی دەستی ئەکرد
ئەوسا ئەم چووە لایەوە
بەبێدەنگی سەبەتەکەی دایە دەستی و
ئینجا ڕۆیشت!