چواردە چرا

لە کتێبی:
مێرگی زام مێرگی هەتاو
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 4 خولەک  621 بینین
:1.
چیرۆکی پیاوێ
فەرش چنێ
هەتاکوو مرد
فەرشی چنی و گوڵی چنی.
بەڵام ئاکام:
نە فەرشێکی هەبوو بۆ خۆی
نە کەسێکیش
گوڵێکی خستە سەر قەبری!
2.
سواڵ
لەبەر قاپیی کتێبدا من
هەموو ڕۆژێ
سواڵکەرێکم
بۆ وشەیەک و دوان و سێ
سواڵکەرێکم بەردەرگانەی
ئەم پرشنگانە بەرنادەم
هەژارێکم
خێری ڕووناکی و بیری نوێ
هەتا مردن
بە من ئەشێ!
3.
ئارامی
لەوێ زەمین زۆر ئارامە.
لەوێ هەوا زۆر ئارامە.
لەوێ هەتاو زۆر ئارامە
لەوێ هەور زۆر ئارامە
بۆیە نە گڵ ژان ئەیگرێ و
نە گەواڵە هەور ئەزێ و
نە بەستەڵەک ئەتوێتەوە و
نە شیعریش ئەتەقێتەوە!
4.
ئەفسەرێکی ئاسایی!
کە یەکەم ئەستێرەی وەرگرت
ئەستێرەیەکی کوشتبوو.
کە بوون بە دوان،
هەردوو دەستی بوون بە پەتی سێدارەکان
کە بوون بە سیان و بە تاج و بەرەو ژوورتر
بەیانییەک
وەختێ مێژوو لە خەو هەستا
وڵات بووبوو بە وڵاتی بێوەژنان!
5.
بەهرە
ئەی خواوەندی بەهرەی گەورە!
تۆ «بیتهۆڤن»ێکی کەڕ و
یەک «دستۆیفسکی» فێدار و
«ئەبولعەلا»یەکی کوێرم
پێ ببەخشە و
ئیتر هەموو بەهرە ساغە نیوە ناچڵ و گچکەکان
بۆ دیوانی خۆت ببەوە!.
6.
ڕوانین
لەو کەلەوە
جوانوویەکی سپیی دەرکەوت
لە شاخ زا یان
لە بەفر و یان لە کازیوە؟
من نەمزانی.
لەو کەلەوە
هەڵۆیەکی سوور هەڵفڕی
لە ئاگر زا یان لە خوێنی خۆرنشین یان
لە نیشتمانی هەڵاڵە؟
من نەمزانی
لەو کەلەوە
باڵای نیوە سپی و نیوە ئەرخەوانیی
دوکتۆر «قاسملوو» بەدەرکەوت
ئەوەی زانیم:
ئەو لە بەفر و
ئەو لە خوێن و
ئەو لە شاخ زا
ئەوەی زانیم!.
7.
ئەوینت
لە جیاتی چاوت دوو گوڵی
بە جریوەی ڕەشم بینی.
لە جیاتی باڵات – پرشنگێ.
لە جیاتی دەمت –زنەیەک.
لە جیاتی قژت – گزنگێ
لە جیاتی دەنگت – چرپەی ئاو.
لە جیاتی بۆنت – بۆنی خاک
لە جیاتی ڕەنگت – خەونێکی
سەوزم بینی
بەڵام لە جیاتی ئەوینت
من هیچ شتێکم نەبینی!.
8.
مەرج
لە هەڵبژاردنی یاردا
شیعر گوێ ناداتە تەمەن
عومری «ڕامبۆ»ی هەبێ یاخود
عومری «دانتی»
شووی پێ ئەکا!
بەڵام بۆ خۆی
شیعر ئەو جوانە ژنەیە
یەک مەرجی ئەزەلیی هەیە و
زەمان - زەمان
هەر دووبارەی ئەکاتەوە:
کامە قەڵەم
پیری ناکا و
لە بیر جوانیی ناباتەوە؟!
9.
یادداشت
کاتی یادداشت نووسینەوەم
خەریکە نزیک بێتەوە
وەختی گێڕانەوەی خەون و پەندەکانم
کاتی خۆ بەدەستەوەدانی نەهێنی و
گشت گوناهە جوانەکانم.
کاتی یادداشت نووسینەوەم خەریکە نزیک بێتەوە
ئای خودایە! چەند ستەمە
بۆ قەڵەمێ
بەرەو دوا بگەڕێتەوە و
لە بەراییی بەردەمیشدا
ئەوەی مابێ
ڕێگایەکی تەماوی بێ
بەرەو مردن!
10.
فڕۆکە
فڕۆکەکە لە ئاسماندا خولی ئەخوارد
لە خەیاڵی منداڵێکدا
وەکوو یاری لەگەڵ «با»دا بکا وا بوو
وەکوو گاڵتە لەگەڵ هەورا بکا وا بوو
بەڵام-
فڕۆکەکە یاریی نەکرد
کە دانەوی و هەستایەوە:
هەبوو - نەبوو
شارێک بوو مرد!
11.
کراس
ئەو تەمە سوورە کراسی ئاودامانە و
بۆ فرۆشتن
بە جامخانەی ئەو شاخەوە هەڵواسراوە
تۆزێکی تر
بالیسانێ، سێوسێنانێ، وەسانانێ
یەکێکیان هەر پەیدا ئەبێ
دەستی لەرزۆک بە گیرفانی برینی قوڵدا بگێڕێ و
بە دوو هەزار گەڵا ئاخ و -
یان تۆ بڵێ:
بە سێ هەزار کسپەی تەڕ تەڕ
کراس بکڕێ و
هەر لێرەدا و بەدەم ڕێوە بیکاتە بەر!.
12.
ئەلیزابیت وای وت
پەردەیەک هەیە لەنێوان
من و تۆدا
نە لە بەرد دروست کراوە و
نە لە خشت دروست کراوە و
نە لە قوماش
نە لە ئاسن.
پەردەیەکە ئێجگار تەنک
بەڵام نە بە دەست ئەبڕدرێ و
نە بە پاچ و
نە بە گوللە
پەردەی نێوان دوو ئاوەزە
کە سەدان ساڵ دوورن لەیەک!
13.
پێکەنین
گزنگ ئەیدا لە ڕووبارێ
بەستێن وتی: لەم پێکەنینە جوانترم
قەت نەدیوە.
زەردە ئەیدا لە باخچەیەک
مەلیش وتی: لەم پێکەنینە جوانترم
قەت نەدیوە.
تریفە دای لە بەفری سەر هەڵەمووتێ
شاخیش وتی: لەم پێکەنینە جوانترم
قەت نەدیوە
کە شیعریشم دای لە شەوی
ئەو چاوانە
ژیان وتی:
لە گشت پێکەنینێ جوانتر
پێکەنینی دڵدارانە!.
14.
نوور
ئەوەندە تەماشای نوورم کرد
چاوانم نوور بردی
نووری تۆ چارشێو بوو، پەردە بوو
لەمپەر بوو
نەیئەهێشت ڕۆچم و
قوڵاییی نەهێنیت ببینم
من ئێستا بە ڕووکەش کوێرێکم
وا دەستم ئەگیرێ و
وەکی تر
بە چاوی «باگینم»
لە جاران جوانتر و چڕتر و
قوڵترت ئەبینم!