لە گۆڕستانێکدا

لە کتێبی:
مێرگی زام مێرگی هەتاو
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  359 بینین
لە ژوور سەری گۆڕەکاندا
یەکە یەکە مۆمەکانیان کوژاندەوە
ژنەکانیش وەکوو پۆلە پەڕەسێلکە
بەرەو دامێن و ڕووەوشار شۆڕ بوونەوە.
ئێستە گۆڕستان خامۆشە
بە تەنها مۆمێک و دایکێک
لە نێوان دوو بەردە کێڵدا
بە یەکەوە ئەسووتێن و
پێکیشەوە ماونەتەوە.
دایکێک بەهەشتیش ناتوانێ
ڕۆحی شاد کات.
دایکێک نامۆی ناو دایکانە و
غەریبی زامی خۆیەتی..
دایکێک ئەزانێ کوڕەکەی
لە ناو تانکێکدا کوژراوە
کە ئەژدیها و.. جەهەننەمی
بەعسیانی لەگەڵ خۆیدا
بۆ ئەم مەڵبەندە هێناوە!!