شەست قوربانی

لە کتێبی:
مێرگی زام مێرگی هەتاو
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  259 بینین
لەم مانگەدا
لە باڵەییان لەبەر دەمی هەر ماڵێکدا
گوڵێک ئەڕوێ.. گوڵی وا سەیر نەبینراوە!
شەست چاوی کەسکی پێوەیە و
شەست خاڵ وا بە ڕوخسارییەوە و
شەست ملوانکەی لە ملدایە
لە ڕەنگی خۆر.
لەم مانگەدا
لە باڵەییان لەناو حەوشەی هەر ماڵێکدا
دارێک ئەڕوێ.. داری وا سەیر نەبینراوە:
شەست دەستی سووری پێوەیە و
شەست گەردن و
شەست پرچی مۆر.
لەم مانگەدا لە باڵەییان
لەو دۆڵەدا زەماوەندە:
شەست ئەستێرە هەڵئەپەڕن و
شەست دەغڵ نان ئەکەن و
شەست کانی ئاو ئەگێڕن و
شەست لوتکە تەقە ئەکەن و
شەست مەل گۆرانی ئەڵێن و
شەست باخ میوە ئەبەخشنەوە
لە کۆتایی ئەم مانگەیشدا
لە پێدەشتەکەی سۆراندا
باڵەییان و بالیسانم پێک ئەگەن و
هەر شەست بە شەست
بووکی خوێنیان ئەگۆڕنەوە!