سیانە

لە کتێبی:
مێرگی زام مێرگی هەتاو
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  549 بینین
زەریا و سێ کەس
لەو شەپۆلانە پەستتر و تووڕەترم
کە سەر ئەکێشن بە ڕۆخی بەردەڵاندا
شەو و سێ کەس
لەو کورسییانەیش تەنیا ترم
کە کەس ناچێ بە لایاندا.
مێزێک، سێ کەس
لەم بەرەوە پەرداخێکم سەرەونخون
لەو بەرەوە بە جووت یەکتری نۆش ئەکەن
زەریا و سێ کەس
شەو و سێ کەس
ڕقم لە سیانە و سێگۆشە و
سێ ڕیان و
هەموو ژمارە سێیەکە!
«بێ ئەوەی مۆڵەت وەرگرم»
منی تاک و منی زیادە و
منی دووکەڵ
هەستام ڕۆیشتم!