دوور و نزیک

لە کتێبی:
مێرگی زام مێرگی هەتاو
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  451 بینین
هەر ئێستە لێرەوە بەرەو ژوور باڵ ئەگرم
ئەو هەورە ڕیش لۆکە، ماندووە، ڕائەگرم
پێی ئەڵێم: ببوورە چاوەکەم! تۆ نامەی
بارانێ یان بەفرێ یان بۆنی ئێوارانی غەمناکی
شارەکەی (بێکەس)ت پێ نییە؟. بمدەیتێ و
لەباتی ئەو ئەرکەیش
سەد ماچی پەڕو باڵ سوتاوی
غەریبێ، وەرگری!
هەر ئێستە لێرەوە، من ئەبمە، باپووسکە و
ئەگەمە ئەو مانگی سەر کەلە و
پێی ئەڵێم: ببوورە گیانەکەم! تۆ شیعری چاوڕەش و
خەرمانەی تەنیایی کچێکت پێ نییە؟
ڕاسپێر، لەگەڵ خۆت
بۆ منت هێنابێ و
لەباتی مژدانەیش
سەد گوڵی کوژراوی
دووچاوم وەرگری!
هەرئێستە خۆم ئەکەم، بە ماسی باڵدار و
ئەو ئاسکی شەپۆلەی پێشەوە ڕائەگرم
پێی ئەڵێم: گیانەکەم ببوورە!.. تۆ لەگەڵ هەناسەی پرژەتا
تۆ لەگەڵ زایەڵە و گریانی هاژەتا
لە چۆمی چریکەی (دیلان) و
ڕووباری شیوەنی دایکانی شارەکەم
دوا ناڵە و کڕووزەی
بەهاری خوێناویی ئەم کوردەت پێ نییە
بمدەیتێ و
لەبری ئەو ئەرکەیش
هەرئێستە: هەزار ئاخ
هەزار ئۆف
هەزار داخ
لە ڕۆحی بێزاری، شاعیرێ
وەرگری!