دوو جار

لە کتێبی:
مێرگی زام مێرگی هەتاو
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  482 بینین
پەڵە هەورێ دائەبەزێ و
پەڵە هەورێ سەر ئەکەوێ و
"سەفین: ئیستگەی پۆستی بارانی ڕەوەندە و
مۆزەخانەی گژوگیایە و
نامەخانەی مانگەشەوە و
ئارشیفی بەردەو، پەناگەی عاشقانی بەفرو بایە.
پەڵە هەورێ دائەبەزێ و
پەڵە هەورێ سەر ئەکەوێ و
منیش سەرم: باڵۆنی خەم، گۆمی هەتاو
زەنگی دەستی دارستان و
دەفتەری بوومەلەرزەیە و
چەمی هەستاو
لەلای منیش:
وشەیەکم هەڵئەفڕێت و
وشەیەکم هەڵئەکوڕمێ و
لەم بەینەدا، من دڵنیام، ئەمشەو شیعرم
دووجار ئەزێ
جارێک لەگەڵ پەڵە هەوری سەر «سەفین»دا و
جارێکی دی
کە خۆم تەنیا ئەمێنمەوە و
«سەفین» ئەنوێ!