دز

لە کتێبی:
مێرگی زام مێرگی هەتاو
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  372 بینین
هەر بەیانییەک هەڵ ئەسم
لەم ماڵەدا، شتێ، ئەندامێکی لەشم
دیار نەماوە:
پەردەی ژووری گوێچکەیەکم
سیمی دەمارێکی دڵم.
کڵاوزەڕی ئەژنۆیەکم.
ڕادیۆی قوڕگم.
پەنجەرەی ناو باڵاخانەی سییەکانم.
بەردی مەڕمەڕی ددانم.
تەلی ڕیخۆڵە باریکەم.
دارتەلێکی قاچەکانم.
تا دواجاریش مرواریی چاوێکیان دزیم.
هەر بەیانییەک هەڵئەسم
لە م ماڵەدا، شتێ، ئەندامێکی لەشم
دیار نەماوە
کێ ئەیانبا و بۆ کوێوە چوون؟!
ئەمڕۆ شەبەقیی دزم گرت
لەسەر چرپاکەم گرتمن
دزەکانیش، وای کارەسات، دزەکانیش
هەر دە پەنجەی دەسم دەرچوون!.