داری ژاڵە

لە کتێبی:
مێرگی زام مێرگی هەتاو
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  513 بینین
هەر ئەڵێی داری ژاڵەیە
بە کراسێکی سوورەوە
لە سووچێکدا ڕاوەستاوە.
ئەمڕۆ ئێرە
سەراپای ئەم «ئەنقەرە»یە
بۆنی چەکمە
بۆنی قەمە
بۆنی ئەتاتورکی لێ دێ!
من سەر بەرەو ژوور بوومەوە
چارەکێک و گەڕامەوە
کراسی سوور
داری ژاڵە
چاوەڕوانیی
دیار نەمابوون
لە جێگەی ئەو، ڕۆژنامەکە
لەناو خوێنێکی تازەدا
با پەڕەی هەڵ ئەدایەوە و
لە پەناوە
چاوی من و شەقامی چۆڵ
ئەیخوێندەوە!.