خەم و خەم

لە کتێبی:
مێرگی زام مێرگی هەتاو
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  728 بینین
- بەیانیت باش بەفری هاوڕێ!
بۆ تەنیاییم چیت هێناوە؟!
- خەمێکی سپی!
- نیوەڕۆت باش نمەی بارانی غەریبی!
بۆ تەنیاییم چیت هێناوە؟!
- خەمێکی تەڕ.
ئێوارەت باش بای بێداڵدە!
بۆ تەنیاییم چیت هێناوە؟!
خەمێکی تیژ.
- شەو باش باڵندەی تاریکی!
بۆ تەنیاییم چیت هێناوە؟!
- خەونێ، نە بەفری تیا ئەنوێ و
نە باران و نە با و
نە تەنیایی و
نە چاوەکانی شاعیرێ!