تەماشا

لە کتێبی:
مێرگی زام مێرگی هەتاو
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  478 بینین
ماوەیەکە من خۆم فێری
زمانی زەریاکان ئەکەم
هەتا ڕۆژنامەی شەپۆل و
گۆڤاری تەم بخوێنمەوە و
لە گفتوگۆی: نێوان هاژە و
کەنار بگەم!.
ماوەیەکە من خۆم فێری
نۆتەکانی باران ئەکەم
تا گیتاری با بژەنم و
پیانۆی ڕێژنە لێدەم و
لە کۆنسێرتی جۆگەکان و
لە کۆڕاڵی ڕووبار بگەم!.
ماوەیەکە من خۆم فێری
مەلەی ناو بێدەنگی ئەکەم
هەتا گێژەنی پرسیارم قووڵ بێتەوە و
بچمە ژێر وشەکانەوە و
دەستبەم لە بنی نەهێنی و
لە گومان و
لە مردن و
لە خوا بگەم.
ماوەیەکە من خۆم فێری
هەڵگەڕان ئەکەم بەشەودا
هەتا چاوی ناو مەترسیم تیژ بێتەوە و
بچمە سەر دوندی تەنیایی و
لەوبەرزەوە
سەیری جیهانی خەم بکەم.