بەرد

لە کتێبی:
مێرگی زام مێرگی هەتاو
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  965 بینین
لەسەر تەوقە سەری ئەزمڕ
وەختێ زەردە.
لەو ئاستەدا کە شار وەکوو باخی نارنج
یان ئەستێرکی کەڵە پشکۆ، دەرئەکەوێ!.
لەو ئاستەدا بەردێک هەیە
وەکوو مێژووم تاق و تەنیا.
وەک مەزاری (نەجم الدین)ی کەشتییەکەی نووح
تاق و تەنیا.
بەردێ جێ پەنجەی حەزرەتی نالی و سیمای ئەوی لەسەر
نەخشە
بەردێ وەکوو جەستەی شیعری (فایەق بێکەس)
هەمووی ڕێ ڕێ.
بەردێ تەنها چەند مانگێکە
دوا تەڵزمی کۆستێکی نوێ
لە دەستەکانی بۆتەوە و
ئێستە مەرگ و ئێستە شەو و ئێستە خوێنی
لەسەر ئەڕوێ.
بەردێ، بەردێ کە بینیتان لائەدەن و
دەوری ئەگرن
یەکە یەکە یان بە کۆمەڵ ئەچنە سەری و
بۆ یادگار لەگەڵ شاخ و لەگەڵ هەور و
لەگەڵ خەم و لەگەڵ یەکدا
وێنە ئەگرن!..
بەردێ..بەردێ
ئازیزینە! خۆم گۆڕیوە خۆ دەرناخەم
من لەسەر دەم پاڵ کەوتووم و
سەرم دێشێ و پشتم دێشێ و
دەنگیش ناکەم
ئەو بەردە
منم
من!