بۆ دوو میوان

لە کتێبی:
مێرگی زام مێرگی هەتاو
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  496 بینین
لەسەر بەردێ
بەیان پرچی بارانێکی ئەهۆنیەوە.
لە دەفتەری مێرگێکیشدا
بارانیش جۆگە شیعرێکی ئەنووسیەوە.
لە جۆلانەی شەپۆلیشدا
شیعریش بەدەم سەمای وشە و درەختەوە
بۆ دوو دڵداری میوانی
دیوانی باران و کەژ و
خەونی بەرد و
ئاسمانێکی ئەخوێندەوە.