ئێوارەیەک

لە کتێبی:
مێرگی زام مێرگی هەتاو
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  593 بینین
هەزار ڕێکەوت، بوون بە هەزار
شەوی مقەست
باڵیان کردم.
هەزار ڕێکەوت، بوون بە هەزار
دەستی کۆست و
قفڵیان کردم
هەزار ڕێکەوت، بوون بە هەزار
دارە مەیت و
هەڵیان گرتم.
بەڵام تاقە ڕێکەوتەکەی تۆ بوو
ئێوارەیەک
بوو بە ئاسمان
بوو بە کلیل
بوو بە لانکە و
بووم بە شیعرێکی نوێ تر و
دەم بە گۆرانیی هاتمەوە!