تابلۆی هەشتەم
لە کتێبی:
کاوەی ئاسنگەر
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
16 خولەک
1248 بینین
«جێگا دووکانەکەی کاوەی ئاسنگەرە، کات بەیانییەکی زووە، «پشتکۆ»ی هاوڕێی گوردۆ لە دوای گرتنی گوردۆ بۆتە شاگردی کاوە، تازە دووکانەکەی کردۆتەوە و خەریکی ڕێکخستنی کەرەسەی ئیشە، پاش ماوەیەک بێدەنگی بە دەنگی بەرز لەبەر خۆیەوە ئەڵێت:»
لەگەڵ دڵی شێت و وێڵما
هەرد و دۆڵ و لووتکە نەما
نەیپێوم و پیا نەگەڕێم
تا دەوەن و دارێ نەما
نەمناسن و نەزانن کێم!
هەتا ئەژنۆ شل بوو گەڕام
تا سنوورێک خەیاڵ ئەیدی
گەڕام، ڕۆشتم
بەڵام ئەنجام، نەگەیشتم
بەو دنیایەی کە من ویستم
- پشوویەک -
سەردەمێکی تر هات و چوو
هەر ئاوارە، هیلاک، وێڵ بووم
بە دووی ئاراما شەوکێڵ بووم
سەرهەڵگرتوو
لەناو باوەشی سروشتا
ئەگەڕام بە شوێن بەهەشتا
بەڵام ئەنجام تێگەیشتم
کە لەوێشدا خۆمم نەدی
خۆم نەناسی!
- پشوویەک -
سەردەمێکی تری تەمەن
بۆ خوای دادپەروەری گەڕام
تا لە دیلی ڕزگارم کەن
تا بگەمە ڕۆژی ئەنجام
کڕنووشم برد!
مانگم پەرست، خۆرم پەرست
دەریام پەرست، گڕم پەرست
بەڵام ئەنجام هەر وێڵیی بوو
هەر تاریکی، هەر دیلیی بوو
- پشوویەک -
سەردەمێکی تر چاوی یار
باڵای شۆخوشەنگی نازدار
ئاواتم بوون، خولیای گیان بوون
هەوێنی هەموو ژیان بوون
بەڵام ئەنجام، نەگەیشتم
بەو هیوایەی کە من ویستم
- پشوویەک -
بەڵام لە گەڕان نەکەوتم
ورەی ئاواتم بەر نەدا!
هەتا بە ئارام گەیشتم
تاکوو کۆڵم بە دیلی دا
تا وێڵ بوونم بە قۆناغی
ئاوەدانیی ڕێگە گەیاند!
هەتا نائومێدی و ئاخی
سەرگەردانیم لە دڵا مرد!
- پشوویەک -
بیری ئازادیم دۆزییەوە
خۆم پێ ناسی
خۆی پێ ناسیم!
ڕووناکترین ڕێم بینییەوە
سەرکەوتنی ژینم تیا دی
زانی من کێم!
لە کوورەیا خۆم توانەوە
تا لەگەڵیا ژیامەوە
- پشوویەک -
لە ئینسانی دەور و پشتما
لە چوار دەورما!
لە چاوی برسی و هەژارا!
خۆمم بینی
لە گەردەلوولی ئازارا
لەگەڵیانا شەوم بڕی
لە خۆشەویستیی ئەوانا
بەهەشتم دی
کاوەم ناسی، گوردۆم ناسی!
کوردم ناسی!
- پشوویەک -
«کاوە بە جلی کارەوە دێتە ژوورەوە»
کاوە:
جێگەی گوردۆم
قەت ون نابێ
هەتا پشتکۆم
لەگەڵا بێ!
هەتا لەم چیا و کەژەدا!
تاقە کوردێ سەربەرز مابێ
ڕێم ڕووناکە
ئەو، گوردۆیە
خاکیش دایک و بڕواش باوکە
پشتی ڕاپەڕینم ئەگرن!
پشتکۆ:
نەک هەر تەنها بۆ ئیشکردن
وەک شاگردی ئاسنگەرێ
وەکوو شاگردی باوەڕێ
لەگەڵ تۆدام هەتا مردن
کاوە:
شاگردانی ڕێی سەربەستی
ئەو لەشکرەن!
چۆک بە ژێردەستی، دائەدەن
بۆ سبەینێی بەختیاریش
بەهاری ئاوات و مژدەن
- پشوویەک -
پشتکۆ:
گشت شاگردان
هەموو مەردان!
تینووین، تینووی ڕۆژی هەستان
چاوەڕوانی بانگێ ئەکەین
هەتا بە خوێن
گڕی سەرفرازیی خۆش کەین
کاوە:
«پاش قەیرێ بیرکردنەوە»
ناگاتەوە ڕۆژێکی تر
یان ئەوەتا کڵپەی ئاگر
بۆ سەرکەوتن بەسەر شەوا
ئەکەینەوە
یان ئەوەتا ئەبێ ئیتر!
نەڵێین پیاوین
پشتکۆ:
«بە خۆشییەکەوە نزیکی کاوە ئەکەوێتەوە»
ئەی من وەستا!
منیش خوێنم، گیانم، دڵم
وا لەبەر و لەپی دەستما
منیش ئامادەم بجەنگم،
لەگەڵ تاریکی و مردنا
ئەی من وەستا!
ئەی من چی بکەم لەگەڵتانا
کاوە:
گوێم لێ بگرە:
هەر ساتێ من کەوتمە ڕۆشتن!
شوێن پێی هەنگاوم هەڵگرە
یان پێکەوە دەست ئەکەینە
ملی مردن
یان سەرکەوتن
- پشوویەک -
پشتکۆ:
بە دوای وەستای خۆشەویستا
بە دوای تیشکی سەربەستییا
بە شوێن پێی ئازادیویستا
چەندن ژمارەی ئەوانەی،
سووتەمەنیی ئاگری جەژنن؟!
کاوە:
هەزارانن!
پشتکۆ:
تەنها، خەڵکی پێدەشت، شارن؟!
کاوە:
لە شارەوە هەتا لووتکەی
هەتا پلەی سەختی کێوان
تا نزاری چڕ و بێشەی
ساردی کوێستان!
پشتکۆ:
«لە دوای بێدەنگییەک»
بەڵام وەستا!
ئەمڕۆ ژیان ساردوسڕە
جووڵە کەمە، دنیا کڕە
دەنگ نابیسم لە هیچ لایەک
تا شەقەی باڵی باڵندە!
هەتا جووڵە و شنەی بایەک
کاوە:
لەپێش گەرداو هەڵکردنا
لەپێش شەپۆلی مردنا!
دەریا ماتە، ئاسمان شینە
ئەوەی بێخەم بێ زەمینە!
لە بێدەنگی وا بترسە!
لەپێش گەرداو هەڵکردنا!
پشتکۆ:
«لەدوای کەمێ بیرکردنەوە»
ئەوەی ویستم
ئێستا بە دڵ تێگەیشتم
- پشوویەک -
«لە سەر قسەکردن ئەڕوات»
باشە بازاڕی ئیشکردن
ئەمڕۆ بۆ کێ؟
ئەکەوێتە قۆڵ کوتاندن
کوورە بۆ کێ ئەدەمێنین؟
ئارەق بۆچی ئەڕژێنین؟
بۆ داس یان بۆ تیر و کەوان؟
بۆ بێڵ، بۆ پاچ؟
یان بۆ نووکی تیژی پەیکان؟!
کاوە:
هیچ کامێکیان!
پشتکۆ:
چی تر ماوە!
کاوە:
چەکوش ماوە!
هێزی دەستی هێرش ماوە
پشتکۆ:
کەواتە ئێستە ئیش ئەکەین؟!
کاوە:
هەتاکوو مردن ئیش ئەکەین
ئیستاش ئەبێ،
چەکوش فریای دەستی بڕوای
ڕاپەڕینی هەڵمەت بخەین!
پەلە بکەین
پێش چێشتهەنگاو
ئاسن لە بووتەی کوورەدا
ئەکەین بە ئاو
هەتا چەکوش دێتە بەرهەم
دەست هەڵناگرین!
پشتکۆ:
ئارەقی ماندوێتی ناسڕین
دەست هەڵناگرین
هەتا چەکوش دێتە بەرهەم
وچان نادەین
چەکوش فریای دەستی بڕوای
هەڵمەت ئەخەین!
وەستا لەگەڵتا ئامادەم!
بەڵێن ئەدەم
بەڵێنی پیاو کە نەسرەوم!
هەتا چەکوش دێتە بەرهەم
من ئەوەندە تێگەیشتووم!
بۆ ئامانجی گەل ئیش ئەکەم
لە خۆبوردووم!
کاوە:
ئەم چەکوشە!
یان چەکوشێک ئەبێت ناوی
ئەچێتە ناو، ناوی زیندوو
پشت لە دوای پشت بۆ شانازی
باسی ئەکەن نەوەی هاتوو
یان ئەوەتا ئەمیش ناوی
کوێرەوە بووی مێژوو ئەبێ
ون و مردوو!
- پشوویەک -
«لە تابلۆیەکی بێدەنگیدا کە ماوەیەک ئەخایێنێت دەست ئەکەن بە ئیشکردنێکی بێوچان و ئارەق ڕشتنێکی سەختی ماندوو بوون بۆ دروستکردنی چەکوشی ئازادی و ڕاپەڕین»
«دوای لێبوونەوە و دروستکردنی چەکوشەکە، بەدەم هەناسەسوار بوونی ماندوێتییەوە «کاوە» چەکوشەکە ئەگرێت بە دەستەوە و لێی ورد ئەبێتەوە و «پشتکۆ»ش لە کاوە نزیک ئەبێتەوە و چاوەڕوانی ئەوە ئەکات کە چی ئەڵێت»
کاوە:
«لەگەڵ چەکوشەکەیەتی»
مایەی ڕەنجی بێ پشوودان
تۆم بۆ ئەم دەستانە خوڵقان
ئەم دەستانە کە قڵیشیان
دەمیان بۆ تۆ کردۆتەوە
تا تۆڵەیان لە زۆرداران
بکەیتەوە
مایەی ژیانی تێکۆشان
تۆم بۆ ئەم دەستانە خوڵقان:
تینیان بەرێ، گوڕیان بەرێ
هێزی شاخوداخیان بەرێ
تا بتوانن هەڵتگرن
بۆ ئامانجی ڕووناکە ڕێ
هەڵتبڕن
- پشوویەک -
مایەی تەقەللای بێوچان
مایەی ڕەنجی بێ پشوودان
تۆ لە کوورەی ئاگری سوورا
ژیانت کرا بە بەرا
دوای توانەوە لە ئازارا
لە دایک بووی
ئێمەش وەک تۆ
ئەوە گوردۆ، ئەوە پشتکۆ
وەکوو هەموو ڕەنجدەرانێ
ئازار چاوی کردووینەوە
دەی ئەی دۆستی چەوسانەوە
با پێکەوە بگەینە جێ
جێگە لووتکەی ژیانەوە
- پشوویەک -
ئەی چەکوشی هێز و بڕوا
نیشانەی ڕەنج و توانا
دۆستت زۆرە،
جێگەت سەر گلێنەی چاوە
بەڵام هێشتا
تینوێتیی زاخاوت ماوە
تینوێتیی زاخاوی دوایی
ئەبێ هەر بە خوێن بشکێنی
خوێنی ناپاک
خوێنی تاوانی ئەژدەهاک
- پشوویەک -
پشتکۆ:
وەستا ئارام لە ناو گیانا
گەردی وەڕسبوونی لێ نیشت
چاوەڕوانیی دوورودرێژ
وا ئۆقرەی کوشت
کەچی هیچ دەنگێکم نەبیست!
کاوە:
من پێم وتی
یان ئەوەتا شەوەزەنگی
ئەمشەو ئەبێ بە چراخان
یان ئەوەتا هەر تاریکیی
مردن ئەبێ وەک گۆڕستان!
- پشوویەک -
«کاوە لە سەر قسەکردن ئەڕوات، دوای کەمێ بیرکردنەوە ڕوو ئەکاتە پشتکۆ»
گوێم لێ بگرە
هەر ئێستاکە پێ هەڵگرە
بڕۆ هەتا دووڕیانی
ئەو دیوی گرد
چاو هەڵبخە، چاوێکی ورد
هەر کاروانێکت بەدی کرد
پێشەنگەکەی «سوور» چووەوە
بێ ڕاوەستان
وەرامەکەم بۆ بێنەوە
زوو وەرەوە
پشتکۆ:
سەر لە پێناوا ئامادەم
چیت وت بیکەم
«بە پەلە ئەچێتە دەرەوە»
«کاوە بە دەم هاتوچۆکردنەوە»:
دوژمن ستەمە بتوانێ
ڕیشەی بڕوا دەربکێشێ
تەنیا پواز، پواز نەبێ
داری ئەم جارە ناقڵیشێ
من دڵنیام کاروان پاکە
دوور لە کەسانی ناپاکە
بەڵام گومان ئا لەم کاتە
هەبێ باشە، هەبێ چاکە
- پشوویەک -
«ڕوو ئەکاتە دانیشتووان»
گەر سەرکەوتین تاج بۆ کێ بێ؟
لە بیرتان بێ
- بەڵام قسەی خۆمان بێ -
هەموو ئەڵێین بۆ فەرەیدوون
هەر من ناڵێم با بۆ ئەو بێ
دیارە لێم ئەپرسن بۆچی!
ئەی بۆ کێ بێ؟
بیر و بڕوای من وا ئەڵێ
- بۆ کوردێ بێ -
خوێن بڕێژن، کورد قوربانی
مەردانە بێ
بۆچی ئەنجام بۆ «پارسێکی»
بێگانە بێ
با هەڵوێستیش دۆستانە بێ
من وا ئەڵێم لە بیرتان بێ!
«کاردای جووتیار بە ماتییەوە دێتە ژوورەوە و پێش ئەوەی قسە بکات، کاوە بەرەو ڕووی ئەچێت و ئەڵێت»:
کاوە:
هیچتان نەبیست؟
چی ترتان کرد؟
پێت نەوتن کەی ئەجووڵێین،
بەرەو جێگەی گفت و بەڵێن
«کاردا ماتیی دایگرتووە و وەرام ناداتەوە، کاوە لە سەر قسەکردن ئەڕوات»:
بێ وەرامی؟ وەکوو شتێ گرفتاری؟
وا ئەتبینم
بە ڕەنگوڕووتا پەست دیاری
چی ڕووی داوە؟ چی، پێم بڵێ!
ڕاست پێم بڵێ!
«کاردا ئەم جارەش هەر وەرام ناداتەوە»
کاوە:
وا تەقم کرد
وا شەقم برد
چی ڕووی داوە، مەیشارەوە
چی، پێم بڵێ؟
کاردا:
«بە قوڕگی پڕ لە گریانەوە»
چیت پێ بڵێم
دەنگوباسی جەرگ و دڵ بڕ؟
هەواڵی کۆستی کوتوپڕ؟
چیت پێ بڵێم
کاوە:
«بە شڵەژاوییەوە بەرۆکی کاردا ئەگرێ و ڕایئەوەشێنێ»
هەواڵی مەرگە؟! کۆستی کێ؟
زوو پێم بڵێ وا شەقم برد
کاردا:
کارون، کارون
کارونمان مرد!
کاوە:
«دەستی بەر ئەبێتەوە و تەواو سست ئەبێت و ئەچێتە ئەو لاوە بە دەنگێکی پڕ لە تاسەوە ئەڵێت»:
کارونمان مرد! کارونمان مرد؟
بانگدەری شاخ و کێومان مرد؟
«پاش تۆزیک بیرکردنەوە، لە پڕێکا بە خێرایییەوە بە دەنگێکی بەرزەوە لە کاردا ئەچێتە پێشەوە و ئەڵێت»:
بەڵام نەتوت
کارون چۆن مرد؟
کوژرا؟ گیرا؟ نەخۆشیی گرت؟
کارون چۆن مرد؟
کاردا:
دوێنێ، دوێنێ
لەو پەڕی زێ
زێی گەورەدێ.
کات دەمەو نیوەڕۆ ئەبێ
لەگەڵ سیانی ترا ئەبێ
لە ناکاوا تووشی بۆسەی
زوو نراوەی «گۆتۆ» ئەبێ
لەدوا شەڕێکی بێ پشوو
کارون و دوانیان ئەکوژرێ
تەنیا یەکێکیان دەرئەچێ!
بە دزەڕێ ئەویش هەڵدێ!
پێش قەیرێ بوو،گەیشتە جێ!
ئەو هەواڵە شوومەی دامێ!
کاوە:
خەم لە دەروونەوە ئاڵا!
کۆستی کارون
داخی گەورەی نا بە دڵا
بەڵام پێم مەڵێ کارون مرد!
مردن
واتە بیرچوونەوە
ئاوابوون و لێبوونەوە!
بەڵام هەرگیز ئازادیخواز
لە بیری گەل نەچوونەوە!
مردنی وا:- ژیانەوە،
ڕاپەڕین و هەستانەوە
دروست ئەکا!
کۆستی وەها: «سەربەستیی
خۆشەویست ئەکا»
- پشوویەک -
کاردای بەجەرگ با دەستی خەم
نەخەینە ژێر چەنەی دامان
نە زۆر نە کەم
هەڵینەدەین بە دوژمنان
پێمان شاد بن
با ئەم کۆستە ڕەشەی مردن
بۆ ڕووناکیی سبەی هاتن
تینمان باتێ بۆ پێشەوە،
بۆ سەرکەوتن
کاردا:
«دوای ئەوەی پشوویەک ئەدات و تۆزێ دێتەوە هۆش خۆ و قسەکانی کاوە کاری تێ ئەکەن ئەڵێت»:
چی بڕیار بوو بەجێ هێنرا
قسەی بەڵێن بە کردەوە!
بە ڕێ کرا!
گفتی زمان و گفتی دڵ
مەردانە هەمووی یەک خرا!
کاوە:
گشت ئامادەن؟
کاردا:
چاوەڕوانی تەقینەوەن!
کاوە:
ئەی چاوی پیس، چاوی دوژمن؟!
کاردا:
هەموو ونن!
گشت لەشکری بووک بردنن!
کاوە:
بووک بردنن؟!
کاردا:
لە دوێنێوە کۆشک ژاوەی دێ
لۆلۆ خەریکە بۆ «مزداک» ژن ئەهێنێ!
کاوە:
ئەم ڕێکەوتە
بۆ تۆڵەی داخ لە دڵ، بەختە!
ئەم هەڵکەوتە!
زێڕی وەختە!
کاردا:
ئەبێ بڕۆم چاوی دوایی
بە ناو ڕیزا بگێڕمەوە
تا وەرامی دڵنیایی
بەتەواوی ئەهێنمەوە!
کاوە:
چاوەڕوانم ئەمێنمەوە!
«کاردا ئەچێتە دەرەوە»
- پشوویەک -
«پشتکۆ بە پەلە خۆی ئەکات بە ژوورا، پێش ئەوەی قسە بکات کاوە ئەڵێت»:
کاوە:
ئادەی بڵێ
هەواڵ چی بوو؟ مژدەم بەرێ!
پشتکۆ:
وا کاروانێ
لە دوورەوە لە دوورەڕێ
دیارە بۆ ئێرە مل ئەنێ!
بریسکەی سووری پێشەنگی!
درەوشەی دێ
دەنگی زەنگی
ئەگاتە گوێ!
کاوە:
هەر ئەوەندەی پێشەنگی سوور!
کاروانی ماندووی دوورەڕێ
بگاتە جێ!
ئەوسا ئەزانیت چی ئەبێ!
چی ئەقەومێ!
پشتکۆ:
ئەبێ کاروان نیشانە بێ
نەهێنیی ئەم هەستانە بێ!
- پشوویەک -
«تابلۆی بێدەنگ:- مادیا دێتە ژوورەوە ئەچێتە پاڵ کاوەوە و دەست ئەکات بە چرپەچرپ لەگەڵیا ئەڕواتە دەرەوە، دوای ئەو کاردوخ دێتە ژوورەوە، دیسانەوە ئەمیش ئەچرپێنێ بە گوێی کاوەدا، ئەچێتە دەرەوە، ئنجا دوا بەدوای ئەمیش زێمری و زاماوا دێنە ژوورەوە ئەمانیش هەمان جووڵانەوەی ڕابردوو دووبارە ئەکەنەوەو ئەچنە دەرەوە. لەم تابلۆیەدا شانۆ وەک پوورەهەنگی بزووتنەوەی لێ دێ، مەبەست لەم تابلۆیەش نیشانەی دوا ئامادەبوونە بۆ ڕاپەڕین».
«قاوغی بێدەنگیی تابلۆی ڕابردوو، بە دەنگ و هەرا و غەڵبەی خرۆشاو و ڕاپەڕینی میللەت ئەشکێت، تا بێت وردەوردە دەنگەکە نزیکتر ئەبێتەوە و گەورەتر ئەبیسترێت، لەم کاتەدا ئەوەی لەسەر شانۆیە «کاوە و پشتکۆ»ن، پشتکۆ بە خوێنگەرمییەوە ڕوو ئەکاتە کاوەی وەستای و ئەڵێت»:
پشتکۆ:
«گوێ هەڵئەخات»
دەنگ ئەبیسم، وەستا دەنگە
دەنگی خرۆشاوی خەڵکە؟
گرمەی هەورە؟ یان چەخماخەی
ئاسمان سووتێنی برووسکە؟
وژەوژی ڕەشەبایە؟
یان گەرداوی ناو دەریایە؟
دەنگ ئەبیسم، دەنگە
کاوە:
کوڕم منیش چاک گوێم لێیە
ئەوە گرمە و ناڵەی هەوری
دەنگی خەڵکە
ئەوە چەخماخە و برووسکەی!
هاوبیرانی من و تۆیە
کوڕم منیش چاک گوێم لێیە!
پشتکۆ:
وەستا دەنگێکی بەسامە
کوانێ دەنگی خەڵک وایە؟!
کاوە:
کوڕم، میللەت کە برسی بوو
تینووی ڕۆژی سەربەستی بوو
داخ لە دڵی ژێردەستی بوو
دەنگی وایە!
پشتکۆ:
وەستا، ئەم دەنگە تاکوو بێ
بۆ نزیکی لای ئێمە دێ
کاوە:
گیانمان بە پیریەوە ئەچێ!
پشتکۆ:
کەواتە بۆچی ناجووڵێین؟
دەستەوەستان ڕاوەستاوین؟
کاوە:
کوڕم، بە بەڵێنی ئەوان
ئێمە چاوەڕوان کراوین!
نەوەستاوین
پشتکۆ:
وەستا، ئەی چەک: شمشێر، قەڵغان
تیر و کەوان
چی هەڵگرین؟ بە دەستی ڕووت!
بچینە وێزەی دوژمنان؟
کاوە:
لە زەخیرەی چەکی دوژمن
کە هەر خۆم دروستم کردن!
ساڵ زیاترە لە بەرەوە!
بە نەهێنیی ئەدزمەوە!
هەر بەو ڕم و تیرەی خۆیان
خۆیان ئەبێ بکوژمەوە!
پشتکۆ:
ئەی ئەوانەی وان بە ڕێوە
چییان پێیە؟
کاوە:
چی بە دەستەوە هاتبێ!
ئەگەر بەرد بێ، ئەگەر دار بێ
هەڵگیراوە!
پشتکۆ:
ئەی من، وەستا چی هەڵگرم؟
ڕمێ، شمشێرێ، هیچ ماوە؟
کاوە:
ئامادەیە، هەڵپەسێرراوە!
پشتکۆ:
لە کوێ؟ لە کوێ دانراوە؟!
کاوە:
لە گەنجینەی ژێر دووکانا
لە جێی دوژمن پێ نەزانا، دانراوە!
پشتکۆ:
وەستا دەبا دەریانبێنم
بە سنگمەوە، بە دڵمەوە
وەک کۆرپە بیاننووسێنم
یەک لە سەر یەک ماچیان بکەم!
کاوە:
دەریانبێنە!
بە شێنەیی بیانهێنە
ئا لێرەوە بچۆ خوارێ!
بنمیچ نزمە، سەرت نەشکێ!
داینەوێنە!
«پشتکۆ لەو جێگایەوە ئەچێتە خوارەوە کە کاوە بۆی دەستنیشان ئەکات، دەنگی خەڵکەکە زیاتر نزیک ئەکەوێتەوە، کاوە لەبەر خۆیەوە»:
کاوە:
ئەم تۆفانەی کە هەستاوە
چی خۆی لە بەر دەما ئەگرێ!
ئەم لێشاوە
کام تاریکیی ڕاناماڵێ؟
ئەم تۆفانە، مردن لووشە
چ زۆردارێ هەڵنالووشێ!
ئەم لافاوە ترسناکە!
چۆن قەڵای ڕەش داناپۆشێ!
- پشوویەک -
«پشتکۆ» بە باوەشێ ڕم و تیر و شمشێر و کەرەسەی ئەوسای جەنگەوە سەر ئەکەوێتەوە، دایانئەنێت و ڕوو ئەکاتە کاوە و ئەڵێت:
پشتکۆ:
وا هێنامن نامنە سەر دڵ
وەستا بڵێ چی هەڵگرم؟
چیم ئەدەنێ؟
کاوە:
هەر کامێکیان دەستیان بەیتێ
بەرامبەر دوژمن وەک یەکن
دەمی شمشێر، تیر و کەوان
سەری چەکوش یان نووکی ڕم
پشتکۆ:
ڕم هەڵئەگرم
«ڕمێک هەڵئەگرێ»
«دەنگی خرۆشاوی خەڵکەکە هەر لە نزیک بوونەوەدایە، کاردا و مادیا دێنە ژوورەوە»
کاردا:
دۆزەخی گەلی خرۆشاو
کوورەی غەزەبی داخراو!
کەوتوونە ڕێ بەرەو کۆشکی
شای حەپەساو.
مادیا:
هەزارانن، لە سەر دەستیان
گیانیان، دڵیان، هەڵگرتووە
یان سەربەستی یان مردنیان
بۆ ئەنجام هەڵبژاردووە
«کاوە دەست ئەکات بە خۆ کۆکردنەوە، بەر کۆشەکەی ئەکات بە سەری ڕمێکەوە، چەکوشەکەی هەڵئەگرێت، کاردا و مادیاش لەو چەکانەی دانراون هەر یەکەیان بابەتێک هەڵئەگرێت»
پشتکۆ:
ئەی پاسەوانانی کۆشکی
زیندە بە زۆر بە چاڵکردن
دەوروبەریان نەگرتووە؟!
کاردا:
چواردەوری کۆشکیان تەنیوە
لەسەر ئاگری ترس ئەژین!
کاوە:
«ڕوو ئەکاتە هەموویان»
وا ئەم بەرکۆشە لە سەر ڕم،
ڕمی تۆڵەسێن هەڵئەگرم
یان ئەبێتە ئاڵای ژیان
یان بە کفنی سووری گۆڕم
«کاردوخ و زێمری و زاماوا هەرسێکیان بە پەلە دێنە ژوورەوە»
کاردوخ:
کاتی قسە نەما، هیوا
چاوەڕوانی کردەوەیە
خوێن لە ئێمە داوا ئەکا!
زێمری:
پەلە ئەکا، بانگمان ئەکا
زاماوا:
داوای یەکێتیمان ئەکا
کاوە:
وا سوێند ئەخۆین
دوای سوێند ئەڕۆین!
«هەموویان لە یەکتر نزیک ئەبنەوە. دەستیان بە چەکەکانیانەوە بەرز ئەکەنەوە و لەیەکیەوە ئەئاڵێنن، دەنگی خرۆشاوی خەڵکیش هەر لە زیاد بووندایە. «کاوە» سوێندەکان ئەخوا و ئەوانیش بەکۆمەڵ ئەیسێننەوە.»
سوێندە، سوێندی کوردپەرستی
سوێندی سەرشۆڕیی نەویستی
سوێندی بڕوا و خۆشەویستی
سوێندی لە خۆ داماڵینی
بەرگی نۆکەری و ژێردەستی
سوێندە، سوێندی کوردپەرستی
سوێندە بۆ خۆری سەربەستی
***
سوێندە هەموو ئەیڵێینەوە
سوێندە کە ناگەڕێینەوە
***
سوێندە بەو خوێنانەی ڕژان
بوون بە چراوکی ڕێی ژیان
سوێندە بەو سکانەی سووتان
سوێندە بە فرمێسکی دایکان
سوێندە بەو زەردەخەنانەی
لەسەر لێوی کۆرپە کوژران.
***
سوێندە هەموو ئەیڵێینەوە
سوێندە کە ناگەڕێینەوە
***
سوێندە ئەیخۆین بەو زمانەی
بوونی کوردی پێ پژاوە
سوێندە ئەیخۆین بەو وڵاتەی
کوردستانی دایکی ناوە:
بە شاخوداخ و ڕووباری
بە بێشەی چڕ و نزاری
بە هەموو مشتە خۆڵێکی
بە ئاو و بەرد و داری
***
سوێندە هەموو ئەیڵێینەوە
سوێندە کە ناگەڕێینەوە
***
سوێندە بە ڕم، بە تیر، چەکوش
بە مەچەکی هەڵگرانی
سوێندە بە مەشخەڵی شۆڕش
بە کڵپە و گڕی سووتانی
سوێندە هەموو ئەیڵێینەوە
سوێندە کە ناگەڕێینەوە
«بەدەم وتنەوەی ئەم بەیتەی دوایییەوە لەگەڵ پەردە داکشاندا ئەچنە دەرەوە و لە هەمان کاتا دەنگی خرۆشاوی خەڵکەکە تەواو شانۆ پڕ ئەکاتەوە»