تابلۆی حەوتەم

لە کتێبی:
کاوەی ئاسنگەر
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 13 خولەک  843 بینین
«جێگا ژووری ئەژدەهاکە و لەسەر تەختەکەی دانیشتووە و دوو پاسەوان لە پشتیەوە ڕاوەستاون و جادووگەریش لە بەردەمیا نووشتاوەتەوە»
«مۆدۆن»ی جادووگەر:
گەورەم هاتووم، سەر لە ڕێتم
قوربانی خۆڵی بەرپێتم
فەرمایشتت لە سەر سەرم
فەرموو بڵێ و من نۆکەرم
ئەژدەهاک:
ئەوەی ئەیڵێم ڕاست پێم بڵێ!
مۆدۆن:
بەڵێ گەورەم، فەرموو بڵێ
ئەژدەهاک:
درۆکردن
لەگەڵ منا، واتە مردن
مل هەڵکێشان، سەر پەڕاندن
تێگەیشتی!
مۆدۆن:
تۆ بمێنی و پایەدار بی
بۆ ئێمە گەورە و سەردار بی
هیچمان ناوێ
سەرمان ناوێ، ماڵمان ناوێ
تەنها هەر تۆ شکۆدار بی
ئەژدەهاک:
خەوم دیوە!
مۆدۆن:
خەو هیی تۆ بێ، فریشتەکان
ئینکی، سمکان
دڵنیام چۆنیان نووسیوە
فەرموو قوربان
«ئەژدەهاک هەڵئەسێت و دەس ئەکا بە گێڕانەوە»
ئەژدەهاک:
لە خەوما بوو، نەک بە ڕاستی
لە جێگەی گوڵ دڕکم ئەچنی
دەست و پەنجەم خوێناوی بوو
بەری دنیا تەماوی بوو
دارم ئەدی هەر بە سەوزی
وشکی ئەکرد!
قەڵام، کۆشکم چۆڵوهۆڵ بوو
گڕی ئەگرت
ئەمویست هاوار بکەم، بڵێم
بەڵام دەنگم دەرنەئەهات
ڕەوەگورگ ئەهاتنە سەر ڕێم
خۆر گیرابوو هەڵنەئەهات
لە ناکاوا شتێکی ڕەش
جانەوەرێ هاتە خوارێ
دەستی دامێ، فڕانمی
توند گرتمی
تا ئاسمانی سەر بردمی!
- پشوویەک -
بەڵام خەو بوو
کاتێ چاوم کردەوە، کات:
نیوەشەو بوو
- پشوویەک -
تۆ ئەڵێی چی بۆ ئەم خەوە؟!
ڕاست پێم بڵێ
«جادووگەر پاش بیرکردنەوە»
مۆدۆن:
گەورەی دنیا، پاشای جیهان
سێبەری گشت فریشتەکان
خەوتان مایەی خۆشبەختییە
نیشانەی بەرزیی سەرتانە
دوور لە تەنگانە و سەختییە
لێکدانەوەی بە دڵتانە
ئەژدەهاک:
چۆن بەدڵمە؟
مۆدۆن:
گوڵ لە خەودا ئەبێ بە دڕک
دڕکیش بە گوڵ!
خوێن ئاشتییە!
ئاشتیی ناو دڵ!
تەم: ڕووناکی و ئاوەدانی
گڕ:قوربانی
گورگ: هێزە بۆ سەرکەوتن
یان نەمردن!
خۆر لە خەوتا کە هەڵنەهات
مژدەیەکە بۆ ژیانێکی
پڕ فەڕ و هات!
ئەژدەهاک:
باشە، باشە
ئەی ئەو جانەوەرە ڕەشە
بۆ باس ناکەی فڕانمی
توند گرتمی
هەڵیگرتم تا ئاسمانی
سەر بردمی؟!
جادووگەری چاو پڕ لە فێڵ
ڕاست پێم بڵێ
ڕاست پێم بڵێ
مۆدۆن:
بەڵێ، بەڵێ
گەورەم بەڵێ
ئەو جانەوەرە ڕەنگ ڕەشە
فریشتەی هەموو ئاسمانە!
هەر چەند ڕەشە!
بەڵام لە دەروون و دڵا
ڕووناک، گەشە!
هەرچەند بە ڕوو ترسناکە
بەڵام مژدەی ئاسایشە
ئاسایش بۆ
ژیانی تۆ، بۆ تاجی تۆ
بۆ تەختی تۆ!
- پشوویەک -
فڕاندنیش بەرەو ئاسمان
مانای ئاواتە بۆ ژیان
وەرگرتنی مژدەیەکە
یان هاتنەدی خۆزگەیەکە
زۆر دەمێکە
شای گەورەمان پەرۆشێتی
خولیای دەروون و هۆشێتی!
ئەژدەهاک:
«بە پەلە»
زوو پێم بڵێ
کام مژدەیە؟
کام خۆزگەیە؟
زوو پێم بڵێ
مۆدۆن:
داری زڕت ئەژێتەوە
پەل ئەهاوێ، ئەڕوێتەوە!
بەری هیوا و ئاوات ئەگرێ
پاشای گەورەمان ئەژدەهاک
کوڕی ئەبێ!
ئەژدەهاک:
«بە سەر سوڕمان و خۆشییەوە»
کوڕم ئەبێ؟
کوڕم ئەبێ؟
مۆدۆن:
«بە دڵنیاییەوە»
بەڵێ گەورەم هەرگیز ساڵێ
وەرناگەڕێ
کوڕت ئەبێ
ئەژدەهاک:
«بە پێکەنینەوە ڕوو ئەکاتە یەکێک لە پاسەوانەکان»
بڕۆ، بڵێن با خەزنەدار
لە بەردەمما ئامادە بێ
هەر ئێستە بێ
«پاسەوانەکە بە پەلە ئەچێتە دەرەوە»
- پشوویەک -
«خەزنەدار و پاسەوانەکە دێنە ژوورەوە، خەزنەدار ئەنووشتێتەوە»
خەزنەدار:
قوربان، هاتووم سەر لە ڕێتم
ئەژدەهاک:
گوێ بگرە لێم:
لەگەڵ خۆتا
جادووگەری ڕاستگۆ بەرە
ڕێزی بگرە
بە پارسەنگی قورساییی خۆی
زێڕی بەرێ
هەر ئێستاکە دوا نەکەوێ!
خەزنەدار:
بەڵێ گەورەم، بەڵێ گەورەم
«لەگەڵ جادووگەرا ئەچێتە دەرەوە»
ئەژدەهاک:
«لەبەر خۆیەوە»
کوڕم ئەبێ
ئەژدەهاکی بچووک ئەبێ
کوڕم ئەبێ
گرێی دڵی دەیان ساڵم
ئەکرێتەوە
داری زڕم ئەژێتەوە
کوڕم ئەبێ
ئەژدەهاکی بچووک ئەبێ!
«پاسەوانێک دێتە ژوورەوە و ئەنووشتێتەوە»
پاسەوان:
گەورەم، گۆتۆی سەر لەشکری
ئازا و نەبەرد گەیشتە جێ
ئامادەیە و ئەو ئەیەوێ
بێتە بەر تەختی بزورگتان
بێتە لاتان
ئەژدەهاک:
با خێرا بێ
«پاسەوانەکە ئەچێتە دەرەوە گۆتۆی سەرکردە دێتە ژوورەوە»
«ئەنووشتێتەوە»
گۆتۆ:
دەست لەسەر سنگ، کڕنووش بردوو
ئامادە بوو
لەبەر دەمی شای گەورەدا
ڕاوەستام تا فەرمانی
بنێمە سەر هەردوو چاوم
خۆمی بۆ بکەم بە قوربانی
ئەژدەهاک:
گۆتۆی ئازا خۆشیت هانی!
تۆ بڕبڕەی پشتی منی
گەورەی گشت سەرکردەکانی
تۆ جێی بڕوای ئەژدەهاکی
پشتیوانی قەڵا و کۆشکی
گۆتۆ:
گیان لە سەر دەست چاوەڕوانم
سەر بەردەبازی فەرمانم
فەرمانێ بۆ مردنیش بێ
من بە ئاهەنگی ئەزانم!
ئەژدەهاک:
لەلای گۆتۆ، دەنگوباسی
چەتە و یاخی
ناو شاخەکان چۆن چۆنییە؟
هەواڵ چییە!
گۆتۆ:
هەواڵ مژدەی سەرکەوتنە
ڕێ لە یاخیبوو گرتنە
تیرەکانمان
پەیکانی سەر ڕمەکانمان!
نە خواری کرد، نە سەری کرد
یەک یەک نیشانەی تەواوی
خۆیانیان گرت
لە یاخیبوو زۆریان کوژران
بە دەستبەستەش گەلێ گیران
ئەژدەهاک:
هێناوتانن
لەگەڵ خۆتان؟!
گۆتۆ:
لە زیندانان!
ئەژدەهاک:
لە چەتەکان
هیچیان ماون، هیچیان دەرچوون؟
گۆتۆ:
هەر ئەوەندەی پەنجەی دەستن
ئەو کەمەشیان تەفروتوونان!
پشت بە یەکتر نابەستن
لە دوای گەڕانەوەم داومان
ناوەتەوە، بیانگرن
ئەژدەهاک:
لە ئەنجاما چی ترتان کرد؟!
گۆتۆ:
دڵنیا بووین، گەڕاینەوە
خۆمان سەرکەوتوو ماینەوە!
ئەژدەهاک:
ئەی ژمارەی کوژراوی تۆ؟
گیراوی تۆ؟
گۆتۆ:
کوژراوی من، تەنها دە بوون
گیراو نەبوون!
«ئەژدەهاک هەڵئەسێتە سەر پێ، کەمێ هاتوچۆ ئەکات، دوایی بە تووڕەییەوە ئەڵێت:»
ئەژدەهاک:
دڵم خەریکە لە گۆتۆش،
کرمێ ئەبێ
من وام نەویست، من وام ناوێ
هەموو، هەموو
ترسنۆک بوون!
سەرکردەی ئازا پێم ئەڵێ!
لە یاخیبوو هەندێ دەرچوون
لێشیان کوشتوون!
واتە ماون، نەفەوتاون!
کەچی پێم ئەڵێ سەرکەوتوون!
چۆن سەرکەوتوون؟!
چەند سەگێکی خوێڕیی کێوان
گۆتۆی سەرکردەمیان بەزان!
چاک سەرکەوتوون!
گۆتۆ:
گەورەم، نەبەزیوین، بەڵام
ئەژدەهاک:
بەڵێ، بەزین
من وا ئەڵێم ئێوە بەزین
ئێوە هەموو ترسنۆکن!
ئێوە ڕێوین!
- بەڵام -ی چی!
لەشکرێکی هەزار کەسی!
لەش زرێپۆش
تێر و پۆشتە
هەندێ برسی!
لێی بکوژێ!
واتە بەزی!
گۆتۆ:
گەورەم، وتم ئەوەی ماون
بە ڕێگەوەن ڕوو لە داون
هەر ئەوەندەی پەنجەی دەستن!
هاکا کەوتن
هاکا لە برسانا مردن!
ئەژدەهاک:
هەر وا ئەبێ درۆکردن!
گۆتۆ:
بەڵێن ئەدەم بە شای گەورە
گەورەی لەشکر
بەڵێنی پیاو
تەنها ماوەی دە ڕۆژی تر!
مۆڵەتم با
ڕێگەی گەشتێکی ترم با
برینی کۆن ساڕێژ ئەکەم
لە یاخیبوو ئەوەی ماوە
یەک، یەک
وەک سەگ
لە بەرپێتا ڕایانئەگرم
پەتیان ئەکەم
پاشای گەورەم، داوا ئەکەم
مۆڵەتم بە
ئەژدەهاک:
دە ڕۆژ زۆرە
مۆڵەتی من هەفتەیەکە!
- پشوویەک -
«لە سەر قسەکردن ئەڕوات»
بەڵام بەزەییی پێشێل کە!
ڕق بڕوێنە
خۆشەویستی دروێنەکە!
دەغڵ و دانیان
خۆیان و ماڵ و منداڵیان
بەیەکەوە بسووتێنە
من وام ئەوێ!
گۆتۆ:
بەڵێن ئەدەم
شای گەورەمان چۆنی ئەوێ
من وا بکەم!
ئەژدەهاک:
سبەی بەر لەوەی خۆر هەڵبێ
بارەگای شەڕ ئامادە بێ
بۆ کەوتنە ڕێ
دوای هەفتەیەک تاقە یەکێ
لەو یاخیبووانە نەمێنێ
من وام ئەوێ
گۆتۆ:
بەڵێن ئەدەم بە شای گەورە
یان وا ئەبێ، یان ئەم سەرە
بۆ خاک ئەبێ
ئەژدەهاک:
من وام ئەوێ!
گۆتۆ:
«لە دوای قەیرێ ڕاوەستان بە ترسەوە»
بەڵام شای گەورە ئەزانێ
کلک ناتوانێ
بێ سەری مار لە ناوا بێ!
سەر تیا بچێ!
هەموو شتێ دائەمرکێ!
هیچ نامێنێ!
ئەژدەهاک:
ئا بەو شێوەیە ڕسوا بوون
دەربەدەر بوون
خۆی کوشتنە
تازە ژیانی فەرەیدوون
هەر مردنە
لەگەڵ ئەوەشدا گەڕانمان
بۆ شوێنی ئەو
بۆ خوێنی ئەو!
هەر لە دووی سۆراخکردنە
دەس هەڵناگرین!
گۆتۆ:
جێگەی ونە، ڕێگەی ونە
ئەژدەهاک:
چارەنووسی هەر مردنە
- پشوویەک -
بەڵام نیازی ئەبێ چی بێ
بە هیوای چی
ئەخوا و ئەژی
من تێناگەم تۆ ئەڵێی چی؟!
گۆتۆ:
ئەیەوێ کڵاوی بابردووی
بگرێتەوە؟
ئەیەوێ خەوی ڕابردووی
دوێنێی مردووی
تاجی ونبووی
تەخت و بەختی لە دەست دەرچووی
بۆ بێتەوە
لەپاش ڕزین داری هیوای
بەر گرێ و بشنێتەوە
جارێکی تر بژێتەوە
ئەژدەهاک:
مەحاڵە بیبینێتەوە
ئەبێ تا ماوە فەرەیدوون
بەو داخەوە بتلێتەوە!
- پشوویەک -
«لە سەر قسەکردن ئەڕوات»
دوا هەواڵی نهێنیزان
وای ڕاگەیان
کە فەرەیدوون
وا لە ناوچەی پیرەمەگروون
چاوەڕوانین
دڵنیا بین
ئەوسا خۆمان ئامادە کەین
لە ناکاوا بە سەریا بەین
- پشوویەک -
بەڵام کە گرتم، نایکوژم!
ئەیکەم بە پەنگ
بە دنیادا ئەیگەڕێنم
ئا لێرەدا، لەم شوێنەدا
شا فەرەیدوون
وەکوو مەیموون
بۆ گاڵتە هەڵئەپەڕێنم!
گۆتۆ:
ڕسوا بوونی پیلانێکە
هەر ساتێکی مردنێکە
- پشوویەک -
سەرم بەرز و گەورەم ئەکەی
ئەگەر گۆتۆی جگەرسۆزتان
بۆ گرتنی بە ڕێ بکەی!
مایەی شانازیی ژیانمە!
کاری وەها بە من بکەی
ئەژدەهاک:
پەلە ناکەین، بە هێمنی
داو ئەچنین بۆ گرتنی
تۆ، بەیانی
بۆ گەشتی تەمێکردنی
دوا جاری یاخیبوو بڕۆ
من هەر ئەوەم ئەوێ لە تۆ!
گۆتۆ:
پاشای گەورە دڵنیا بێ
بەڵێنی ئەم جارەی گۆتۆ
ڕووڕەش نابێ
ئەژدەهاک:
من هەر ئەوەم ئەوێ لە تۆ
- پشوویەک -
تۆش بزانە چارەنووسی
ڕەش یان سپی!
بۆ من و تۆ
وەک یەک وایە، بە تەنیا نین
لە یەک جیا نین
گۆتۆ:
چارەنووسی ڕەش گۆڕ ئەکەین
بە دەستی هێز!
دەرگای نووشوستی مۆر ئەکەین
دوژمنی تەختی ئەژدەهاک
سەرشۆڕ ئەکەین!
ئەژدەهاک:
گەر وا نەکەین
گوناهـ ئەکەین
- پشوویەک -
«پاسەوانی بەر دەرگا دێتە ژوورەوە و ئەنووشتێتەوە»
پاسەوان:
لۆلۆی وەزیری دەستە ڕاست!
لۆلۆی خزم و جگەرسۆزتان
داوا ئەکات
بێتە بەر تەختی بزورگتان
بێتە لاتان
ئەژدەهاک:
با ئێستا بێ
با خێرا بێ!
«پاسەوان ئەچێتە دەرەوە»
«لە سەر قسەکردن ئەڕوات»
سەری ماری سڕبووی بێتین
لە گیانەڵاوی مەرگدایە
هەرگیز ناگاتەوە هاوین!
گۆتۆ:
زستانی سەختی بێئامان
بەستەڵەکی چیا و کوێستان
ڕەحم ناکەن!
ڕێگەی پیاوی کەوتوو نادەن!
«لۆلۆی وەزیر دێتە ژوورەوە و ئەنووشتێتەوە»
لۆلۆ:
ڕۆژی ڕووناک
دڵی ڕووناک
شا ئەژدەهاک
لۆلۆ لەبەر تەختی ئەوا!
دەست لەسەر سنگ ڕاوەستاوە
کڕنووش ئەبا!
چاوەڕوانی فەرمایشتی!
گەورەی ئەکا
ئەژدەهاک:
«ڕوو ئەکاتە گۆتۆ»
خۆشیم داوایە بۆ لۆلۆ
گۆتۆ:
پشت و هێزی کۆشکە لۆلۆ!
«ڕوو ئەکاتە لۆلۆ»
ئەژدەهاک:
دەنگوباسی لای تۆ چییە؟
لۆلۆ:
ئەوەی هەشبێ!
شایەنی باسکردن نییە!
بێبایەخن!
ئەژدەهاک:
ئەگەر بایەخیشی نەبێ
تۆ هەر بیڵێ
لۆلۆ:
ناحەزانی کۆشکی پاشا
چەند برسی و گێرەشێوێنێ
ڕۆژی دوێنێ
لەناو خەڵکا
کەوتبوونە قاو داخستن
قسەی بێجێ و بێڕێ کردن
دوای پشکنین
هەشت نۆ دەیەکمان لێ گرتن
ئێستا لە زیندانا بەندن!
ئەژدەهاک:
نەتانکوشتن؟!
لۆلۆ:
پەلە ناکەین، هەتا ئازار
هەتا زەبری قامچی و دار
نهێنییان ئەخاتە ڕوو
ئەوساش کوشتن!
خەڵاتیانە بۆ زوو مردن!
ئەژدەهاک:
زۆر بەدڵمە، زۆر بەجێیە!
گۆتۆ:
پیلانێکی ورد و نوێیە
گەورەم، لۆلۆ
عەقڵی دانای کۆشکی تۆیە
ئەژدەهاک:
«ڕوو ئەکاتە لۆلۆ»
وتت قسەی بێجێ و بێڕێ ئەکەن
قاو دائەخەن
خەڵک هان ئەدەن
قاو وەکوو چی؟!
چییان ئەوێ؟!
لۆلۆ:
«لەپاش دوودڵی و سڵەمینەوەیەک»
گەورەم ئەڵێن
وەکوو ئەڵێن!
نانیان ئەوێ
لابردنی باجیان ئەوێ
ئەژدەهاک:
«بە گاڵتەوە»
تاجیان ناوێ؟!
- پشوویەک -
گۆتۆ:
زیندان و مردنیان ئەوێ
ئەژدەهاک:
«بە ڕقەوە»
ئەیانناسم!
ماڵ بە ماڵ ئەیانسووتێنم
یەک بە یەک هەڵیانئەواسم!
چیم لێ کردوون؟
دەستم گرتوون؟!
برسییانە
پێیان بڵێ
کێ تا ئەمڕۆ لە برسا مرد؟!
- پشوویەک -
گۆتۆ:
گەورەم تا خۆم
هەتا لەشکری سبەینێم
ئامادە کەم ڕێم کە بڕۆم!
ئەژدەهاک:
تۆ سەربەستی
ئەڕۆی، بڕۆ
بەڵام بە دڵ چاوەڕوانین
مژدەی سەرکەوتنی گۆتۆ
زوو وەرگرین
لۆلۆ:
هەتا ئێمەش ئامادە بین
پاش هاتنەوە، پاش سەرکەوتن
ئاهەنگی خۆشی بگێڕین
چاوەڕوانین
گۆتۆ:
پاشای گەورە، لۆلۆی دانا
لە ئێستاوە دڵنیا بن
کە سەرکەوتن
وا لە دەست و هێزی منا!
«گۆتۆ ئەنووشتێتەوە و ئەچێتە دەرەوە»
- پشوویەک -
«ئەژدەهاک ماوەیەک بە بێدەنگی هاتوچۆ ئەکات»
ئەژدەهاک:
کێن ئەوانەی گرتووتانن؟!
لۆلۆ:
چەند کەسێکی
دۆست بە کوشتن و تاوانن!
ئەژدەهاک:
ناوم ئەوێ!
ناو نازانن؟!
لۆلۆ:
«پاش تۆزێ بیرکردنەوە»
ئەوەی بیرمە!
یەکێکیان ناوی گوردۆیە
کوڕی کاوەی ئاسنگەرە!
ئەژدەهاک:
گوردۆ، گوردۆ
وەچەی شەڕە!
لە نەژادی خێزانێکی دەربەدەرە!
لۆلۆ:
لە پارەوە هەتا ئەمڕۆ
لە کوڕانی کاوە شەشیان
گیران، کوژران
بەڵام دیارە عاریان نەنا
وەک خۆیان وان!
ئەژدەهاک:
تەنیا کوشتن!
ڕێگایە بۆ تەمێکردن!
دوا وەچەی شەڕ
ئەمشەو ئەبێ لە ناو بەرن
کاوەش بگرن!
لۆلۆ:
گەورەم ئەگەر کاوەش بگرین
ئەبێ ئیتر دۆش دامێنین!
ئەژدەهاک:
«بە سەرسوڕمانەوە»
دۆش دامێنین؟!
لۆلۆ:
بەڵێ گەورەم
تەنیا ئاسنگەر بزانێ
یان بتوانێ
کە تیر و ڕم
دروست بکا هەر کاوەیە
ئەو ئاسنگەری شارەزای!
ئەم ناوەیە!
چۆنی بگرین؟!
ئەژدەهاک:
«پاش قەیرێ ڕاوەستان»
گەر ئەو نەما پەک ئەکەوێ؟!
لۆلۆ:
هۆمان هەر ئەبێ تێیکەوێ!
بەڵێ گەورەم
گەر ئەو نەبێ
دڵنیام لەوەی پەکمان ئەکەوێ
دائەمێنین!
ئەژدەهاک:
کەواتە جارێ ناچارین
چاو بپۆشین
لۆلۆ:
بەڵێ گەورەم
پێویست ئەکا کاوە نەگرین
چاکتر وایە ئارام بگرین
وەکوو فەرمووت، چاو بپۆشین!
ئەژدەهاک:
«لەپاش قەیرێ بیرکردنەوە»
مادام وایە
جارێ گوردۆش هەر مەکوژن!
با هەر بەندی ناو زیندان بێ!
لەشی خۆراکی لێدان بێ
لەناو بردنی هەڵگرن
بۆ ئەو کاتەی پێتان ئەڵێم
هەتاکوو خۆم قسە ئەکەم!
لۆلۆ:
بەڵێ گەورەم!
تۆ چۆن ئەڵێیت من وا ئەکەم!
- پشوویەک -
«پاسەوانی بەر دەرگا دێتە ژوورەوە و ئەنووشتێتەوە»
پاسەوان:
گەورەم، پاشا
شاژن پیاوێکی ناردووە
بە پەلە ڕایسپاردووە!
داوات ئەکا
ئەژدەهاک:
«هەڵئەسێت و بە شپرزەییەوە»
بە پەلە داوای من ئەکا؟!
پاسەوان:
بەڵێ گەورەم، داوات ئەکا
«بە شڵەژاوییەوە ئەژدەهاک و لە دوایەوە لۆلۆ و پاسەوان ئەچنە دەرەوە»