تابلۆی پێنجەم

لە کتێبی:
کاوەی ئاسنگەر
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 6 خولەک  810 بینین
«جێگا ژووری ڕازاوەی شاهانەی ئەژدەهاکە، لەسەر تەختەکەی دانیشتووە، گەلێ جۆر میوە و بابەتی خواردەمەنیی جیاوازی لە بەردەما دانراوە»
ئەژدەهاک:
بەتەنیا لەبەر خۆیەوە
ئەم دنیایە وەک کەنیزەک
لەبەر پێما ڕاکشاوە!
ئەم زەمینە پانوپۆڕەی!
لە بەردەمما ڕاخراوە!
ئەم هەموو مەردومە زۆرەی
وەک مێروولە
لەبەر چاوم دێن و ئەچن
هەتا ئەمرن
دەست لەسەر سنگی کڕنووشی
بۆم ئەوەستن!
ئەڵێم ئەم ژیانە هەمووی
وا ئەزانم
هەر بۆ خۆم دروست کراوە!
بۆ من، تەنیا بۆ من دانراوە
- پشوویەک -
ئەڵێن بەهەشتی ئەستێرە
قەشەنگترە لە هیی ئێرە
بڕوا ناکەم!
ئەڵێن چیت ویست لەوێ هەیە!
چیت داوا کرد!
لە بەردەمتا ئامادەیە!
وەکوو ئەڵێن:
ئەوە بەهەشتی ئەوێیە!
ئەگەر واش بێ ئینجا چییە!
سەیر نییە!
لێرەش هەیە، لای من هەیە
ئەڵێی خواردن لە بەر کردن!
ئەوە هەزار جۆرە چەشن
ئەڵێی ئافرەت بۆ ڕابواردن
هەڵبژێرە!
نەشمیلە بێت، یان کەڵەگەت
جرپن بێ، یان هێمن، بێدەنگ
سوور و سپی، یان گەنمڕەنگ
هەڵبژێرە!
بڕوا ناکەم بەهەشتی
دووری ئەستێرە
بگاتە بەهەشتی ئێرە!
بڕوا ناکەم!
- پشوویەک -
شەراب، سەما، کانیی ئاڵتوون
هەر لێرە هەن، هەر لێرەش بوون
- پشوویەک -
«لە دوای قەیرێ بیرکردنەوە و دەست بە دەستا دان»
بەڵام، بەڵام ئەم مردنە
تێکی داوە
ئەم مردنە ئێسکقورسە
تارمایی هەر لەبەر چاوە
بەتەنیا ئەو لە بەردەمما
ڕەپ وەستاوە
هەر تەنیا ئەو: داوای بووردن
لە من ناکا
هەر تەنیا ئەو کڕنووش نابا
- پشوویەک -
«زۆرتر بیر ئەکاتەوە و زیاتر ئەشڵەژێت»
مردن، مردن، واتە چاوم
ئەنووقێ و ئیتر نابینێ
ڕووناکی ئیتر نابینێ
کەس نابینێ، ڕەنگ نابینێ
ژنی شۆخوشەنگ نابینێ
هیچ نابینێ!
هەموو شتێ تاریک ئەبێ
تاریک وەک شەوەزەنگ ئەبێ!
هیچ نابینێ، هیچ نابینێ
- پشوویەک -
دڵم لە لێدان ئەکەوێ
گوێم کپ ئەبێ، هیچ نابیسم
نە قسەی خۆش، نە سۆز و ساز
نە گۆرانیی کچی دەنگخۆش
نە دەنگوباس!
نە خوڕەی ئاو، نە خوێندنی
باڵندەی چیا و دارستان
نە پێکەنینی شۆخی جوان
هیچ نابیسم، هیچ نابیسم
کاتێ مردم
ئەڵێم ئەگەر هات و مردم!
ڕووتەیەک یان
هەژارێکی. پیس و چڵکن
هەڵمئەگرێ
وەک پەڕۆیەک
فڕێم ئەدەن
ئینجا، ئینجا
خۆڵ بەسەر لاشەما ئەکەن!
پاش چەند ڕۆژێ
مار لە گەردنم ئەهاڵێ
ورد، ورد ئەمخۆن!
- پشوویەک -
ستەمە چۆن ئەم ئەنجامە؟
هەزار ساڵیش تەمەنم بێ
هێشتا کەمە
ئەم ئەنجامە زۆر ستەمە
زۆر ستەمە!
- پشوویەک -
«لەگەڵ قاقای پێکەنیندا»
بەڵام بۆچی ئەبێ بمرم
بە هێز بە زۆر
مردن ئەگرم!
لە زیندانا تونگی ئەکەم
من چۆن ئەمرم!
نەخۆش ئەمرێ
هەژار ئەمرێ
لاواز و دەردەدار ئەمرێ
برسیی ئەمرێ
بێدەرەتان، بێکەس ئەمرێ
من چۆن ئەمرم
- پشوویەک -
«مۆسیقایەکی ترسێنەر لێ ئەدرێ و تارماییی مردن دێتە ژوورەوە، لەپاش ئەوەی ئەژدەهاک چاوی پێی ئەکەوێ ئەشڵەژێ و لەبەر خۆیەوە»:
ڕاستی نییە، خەو ئەبینم
با ڕۆژیش بێ
لە تارمایی شەو ئەبینم
با ڕاستیش بێ
ئەژدەهاک لە چی ترساوە!
کێ لە بەریا نەلەرزاوە!
ئەم جانەوەرە «نیتی»یە
پاسەوانی مەینەتییە
با ئەویش بێ!
ئەژدەهاک لە کێ ترساوە!
«دەنگ هەڵئەبڕێ، دەست بۆ تارماریییەکە درێژ ئەکات»
کێیە؟ کێیە؟
بۆ ئەژدەهاک کڕنووش نابا
وا بێدەربەست ڕاوەستاوە؟!
کێیە؟ کێیە؟
تارماییی مردن:
دۆستم، دۆستم
هانێ دەستم
«دەست بۆ ئەژدەهاک درێژ ئەکات»
ئەژدەهاک:
دەست بۆ یەکێ درێژ ناکەم
تا نەیناسم
تا تێینەگەم!
تارماییی مردن:
چاک ئەمناسی
من نەناسی!
کێ ئەناسی؟
ئەژدەهاک:
تۆم نەدیوە!
تارماییی مردن:
لە ژیانا، لە دنیادا
کێ بەتەنیا
کڕنووش بۆ ئەژدەهاک نابا
لە بەردەمیا نەلەرزیوە
من ئەو کەسەم!
من ئەنجام و چارەنووسم!
هەر ئەمبینی
ئەژدەهاک:
وتت دۆستم!
تارماییی مردن:
دۆستیشم و خۆشەویستم!
ئەژدەهاک:
«ئانلیل» لە خەوا پێی وتووم
ئەوەی بۆ تۆ کڕنووش نابا
تێیگەیشتووم!
هەر مردنە
تۆ مردنی؟!
بەڵام، بزانە ئەژدەهاک
ناترسێنی
تارماییی مردن:
من میوانی دۆستی خۆمم
دڵگیر نابم!
هەر سەرێ تۆ سەریئەبڕی
بە دیاری بۆمی ئەنێری
هەر ئاواتێ تۆ ئەیکوژی
هەر بەهارێ تۆ ئەینێژی
هەر خوێنێ تازە بیڕێژی
خواستی منە
ڕاگرتنی دڵی منە!
ئەژدەهاک:
تێگەیشتم بۆچی دۆستی
لە کڕنووشا بۆم ناوەستی!
بەڵام ناتوانی زمانی
من ببەستی!
لە گوێ بخەی!
تۆ مردنی! ناوت هەیە!
بەڵام دەنگ و ڕەنگت نییە!
وەک من ژیانت تیا نییە!
تارماییی مردن:
لەگەڵ تۆدا
شەڕکردن لای من نەنگییە!
من میوانی دۆستی خۆمم
ئەژدەهاک:
وتت ئەنجام چارەنووسم
بۆ منیشە
گەر دۆستتم؟!
تارماییی مردن:
ئادەمیزاد لە دایک ئەبێ
وردە وردە بۆ گەورە بوون
هەنگاو ئەنێ!
دێتە کۆڕی ژیانەوە
ئەرک ئەکێشێ!
ئارەق و ڕەنج و تەقەلای
زۆر ئەڕێژێ
چاو ئەبڕێتە بەرزیی هیوا
دەست ئەکوتێ
قاچ ئەکوتێ
شان ئەکوتێ
دێت و ئەچێ
بەبێ سرەوتن، ئەڕەتێ!
بۆ نان، بۆ مناڵ، بۆ ژیان
ئەکەوێتە گەرمەوکێشە
بۆ تەمەنێ
کەمی خۆشە، زۆری ئێشە!
لە ئەنجاما دێ بۆ لای من
منی مردن!
ئەژدەهاک:
چارەنووسی منیش وایە!
یاخود جیایە؟
تارماییی مردن:
من پێم وتی
تۆ تارماییی گیانی منی
دۆستی گەورەی
ئەهرەمەنی
خۆت مردنی
بەڵام ئەمری!
ئەژدەهاک:
«بە شپرزەییەوە»
نابێ بمرم، ئەژدەهاکم
نابێ بمرم، نابێ بمرم!
وەک ئەم خەڵکە، تێیگەیشتووە
زەننەقیان بۆ لە من چووە؟
چیم کردووە!
تارماییی مردن:
ئەوەی ئەیکەم سووککردنی
باری ئازاری سەر شانە!
لە بێخەوە هەڵکەندنی
داری کرمۆڵی ژیانە!
ڕزگارکردنی ئینسانە
ئەوەی ئەیکەم
لەسەر داوای
سکاڵای دەمی خۆیانە!
ئەژدەهاک:
«بە مەرایییەوە»
هەر چۆنێک بێ ئێمە دۆستین
پشت بە یەکتری ئەبەستین
چاکتر وایە ڕێک بکەوین!
با ناحەز پێمان خۆش نەبێ!
لێک نەکەوین
تۆ بۆ من و من بۆ تۆ بم
چیت ویست ئەیکەم
بەڵام نەمرم!
تارماییی مردن:
بەڵێن نادەم
خواستی وا لە ئەستۆ ناگرم!
ئەژدەهاک:
هەر چیم هەیە بۆ تۆ و نەمرم!
تارماییی مردن:
خواستی وا لە ئەستۆ ناگرم!
ئەژدەهاک:
ئەوە قەڵام، ئەوە کۆشکم
تەنها نەمرم!
تارماییی مردن:
خواستی وا لە ئەستۆ ناگرم!
ئەژدەهاک:
«تاجەکەی لە سەری دائەگرێ»
ئەوە تاجم، ئەوە تەختم
ئەوە خەزنەی زێڕ و بەختم
هەمووی بۆ تۆ و، تەنها نەمرم
تارماییی مردن:
تۆش هەر ئەمریت!
ئەژدەهاک:
ئەوە ژنی تازە و جوانم
بەخشی بە تۆ و تەنها نەمرم
تارماییی مردن:
تۆش هەر ئەمریت!
«ئەژدەهاک دەست ئەکات بە هاوارکردن و تارماییی مردن ون ئەبێت».