80- عەبەسە

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 2 خولەک  564 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) گرژ بوو، ڕووشی وەرگێڕا!

2) کە بێ چاوەکە هاتە لای.

3) تۆ چوزانی! بەشکە ویستی پابێتەوە.

4) یا پەند بگرێ و ئەو پەندە بەهرەی پێ بدا.

5) کە چی ئەوی خۆی بێ نیاز دەزانێ،

6) هەر بەوەوە خجڵ دەبێ.

7) ئەگەر پاکیش نەبێتەوە، گوناهێ لەسەر تۆ نییە.

8) بەڵام کەسێ بەهەڵەداوان دێتە لات،

9) هەر ئەویشە ترسی هەیە.

10) تۆ خۆتی لێ دەخافڵێنی.

11) قەت وا مەکە! چون ئەم نیشانانە پەندن.

12) کێ حەز بکا ئامۆژگاری لێ وەردەگرێ.

13) لە ناوەندی لاپەڕەکانی هێژادا،

14) بە پاکژی هەڵگیراون.

15) بە دەستی ڕاسپاردەگەلی،

16) هەڵبژاردەی بەئەمەگ [نووسراوەتەوە].

17) دەک ئەو مرۆیە بەکوش چێ، کە هیچی دەچاواندا نییە.

18) لە چی دروستی کردووە؟

19) لە دڵۆپێک وەدی هێنا و ئەندازەشی بۆ داناوە.

20) پاشان ڕێگەشی بۆ خۆش کرد.

21) جا مراندی و لە گۆڕی نا.

22) دوا جار هەر گا مەیلی لێ بێ، دیسان زیندووی دەکاتەوە.

23) بەڵام نەخێر! بە چی فەرمانی پێ داوە، هێشتا بەجێی نەهێناوە.

24) دەی با مرۆ بڕوانێتە خۆراکی خۆی.

25) ئێمە خۆمان ئاوەکەمان بۆ ڕژتووە، بە ڕژاندن.

26) پاشان ئەم هەردەشمان قەڵاشت، بە قەڵاشتن.

27) ئەوسا دانەشمان لێ ڕواند.

28) ڕەز و سەوزاییش هەروەتر.

29) بنە زەیتوون و دار خورماش.

30) باغستانی چڕ و پڕیش.

31) میوە و لەوەڕی چایەریش.

32) بۆ بژیوی خۆتان و ماڵاتەکەتان.

33) هەرگاش گوڕژنی بەقەوهات.

34) ئەوێ ڕۆژێ برا لە برای ڕا دەکا.

35) لە دایکیشی و لە باویشی.

36) لە هاوسەری و لە جگەرگۆشەکانیشی.

37) لەو ڕۆژەدا هەر کەسێ کاری خۆی هەیە و نایپەرژێتە سەر کەسی تر.

38) دیمی وا هەن - لەوڕۆژەدا - سوور و سپی دیاری دەدەن.

39) دەم بە پێکەنین و شادن.

40) هێندێ ڕوش هەن - ئەوێ ڕۆژێ - تۆزی مەینەتیان لێ بارن.

41) قورم و سیان دای پۆشیون.

42) ئەوانەن خوانەناسانی لە دین لادەر.