78- نەبەء

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 3 خولەک  533 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) لە چی لە یەکدی دەپرسن؟

2) لە دەنگووباسەکەی مەزن؛

3) ئەوەی ئەوان لەسەری مشتومڕیانە.

4) نەخێر [هیچ پرسی پێ ناوێ] زوو دەزانن.

5) هەمیسان [پرسی پێ ناوێ] زوو دەزانن.

6) ئەدی ئێمە ئەم هەردەن نەکردە ڕایەخ؟

7) کەژ و چیاکانیش سینگان؟

8) ئێوەشمان جووت وەدی هێنا.

9) خەویشتانمان کردە هۆی حەسانەوەتان.

10) شەویشمان دانا بۆ پۆشاک.

11) ڕۆژیشمان کردە هۆی ژیان.

12) لە سەرووشتان حەوتی پتەومان دامەزراند.

13) چرایێ زۆر بە ورشەورشمان وەدی هێنا.

14) لەو هەورانە - کە بارانەیان پێوەیە - ئاوی بەخوڕمان داڕژاند؛

15) هەتا دەخڵ و ڕوەکی پێ بخەینە ڕوو.

16) دارستانی چڕ و پڕیش.

17) بێ سۆ ڕۆژی هەڵاواردن، کاتی بۆ دیاری کراوە.

18) هەر ئەو ڕۆژەی دە کەڵەشاخ دەمێندرا، ئەوسا پۆل پۆل پەیداو دەبێ.

19) ئەم عەزمانە دەکرێتەوە و دەرگا دەرگا دەبێتەوە.

20) کەژەکانیش لە شوێنی خۆ خزێنراون و گشتی بوونە تراویلکە.

21) بێشک دۆژەهـ بەرەگەیە؛

22) بۆ سەربزێوەکان، جێ گەڕانەوەیە.

23) لەوێدا بۆ ماوەیێ زۆر قەتیس دەبن.

24) لەوێدا نە خەو دەچێژن نە ڤەخارن.

25) مەگین ئاوەکوڵ و زووخاو.

26) پاداشێکی هەمبەر [بەکردەوەکانیان].

27) چون ئەوان هێڤیدار نەبوون لێپرسینەوەیەک هەبێ.

28) نیشانەکانی ئێمەیان - زۆر بە توندی - بە درۆ دانا.

29) ژمارەی هەموو شتیشمان هەر بە نووسراوی لەلایە.

30) سا بچەژن؛ ئەوی بۆتانی زیاد ئەکەین، هەر تەنیا جەزرەبە دانە.

31) بۆ پارێزگارانیش جێگەی بە ئاوات گەییشتن هەیە:

32) باغستان و ڕێزی ڕەزان.

33) پۆلە کیژی مەمک خڕی هاوتەمەنیش.

34) پیاڵەی پڕیش.

35) لەوێ هەوانتە نابیسن و یەکدیش ناخەنە درۆوە.

36) خەڵاتی پەروەرندەی تۆ، بەخششی بەسەروبەرە.

37) پەروەرێنی عاسمانەکان و زەمین و هەرچی لەناو ئەو دوانەیە؛ ئەو خودایەی ڕۆزی دەرە، هیچیان ناشێن بیدوونن و بیدوێنن.

38) ڕۆژێکی کە جوبڕائیل و فرشتەکان هەموو بە ڕێز ڕاوەستاون؛ نائاخێون مەگین کەسێ لەوڕا ودمی پێ درابێ، ئەویش قسێکی چاک بکا.

39) وێ ڕۆژێ ڕۆژی ڕاستییە؛ سا هەر کەسێ کە پێی خۆشە، با ڕێبازی گەڕانەوە بەرەو لای پەروەرندەی خۆی بگرێتە بەر.

40) ئێمە لە جەزرەبەیێکی کە نزیکە، ترسن وەبەر ئێوە ناوە. وێڕۆ مرۆ چاو بۆ ئەو شتە دەگێڕێ کە پێشە خۆی ناردوویەتی. هەر کەسیش خودای نەناسی هەر دبێژە: ئەی کاشکایە ئاخ بوومایە.