41- فوسسیلەت

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 8 خولەک  541 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) حا، میم.

2) هاتۆتەخوار لەوکەسەوە کە دەهندەی دلۆڤانە.

3) کتێبێکە نیشانانی بەڕونی شی کراونەتەوە؛ بەزمانی عەرەبیە؛ بۆگرۆی مرۆی دەیزانن.

4) مژدەدەرو ترسێنەرەو زۆربەیان خۆیان لێ بواردو ئامادە نین کە بیبیسن.

5) گوتیان: لەوەی کە تۆ بۆئەومان بانگ دەکەی، دڵمان پۆششی لەسەرەو گوێمان کەڕەو پەردەیەک هەس لە نێوانی ئێمە و تۆدا. تۆ خەریکی کاری خۆت بەو، ئێمەش کاری خۆمان دەکەین.

6) بێژە: منیش مرۆیەکم وەکوو ئێوە؛ خودا فەرمانم پێدەدا پێتان بڵێم تەنیا خودایەکتان هەیە؛ ڕوتان هەر بەرەو ئەم بکەن و داوای بوردنی لێ بکەن. واوەیلا بۆئەوکەسانەی خودا بە تەنیا نازانن؛

7) ئوانە نە زەکات دەدەن، نەبڕوایان بەڕۆژی قیامەتێ هەیە.

8) ئەوانەی خاوەن بڕوان و ئاکارچاکن، هەروهەر پاداشیان هەیە.

9) ئاخۆ ئێوە لە کەسێکی کە بەدوڕۆژ ئەم زەمینەی وەدی هێنا، حاشادەکەن و هاوتای بۆپەیدادەکەن؟ ئەوە کە ڕاهێنەری هەموو جیهانە.

10) کەژو کۆشی لە زەمین بەرز کردەوەو پیتی تێ خست؛ هەر لەماوەی چوارڕۆژاندا، بۆهەرکێ بژیوی دەوێ – بە یەکسانی – بژیوی بۆدابین کردن.

11) پاشان ڕوی نا لەبەرزایی، کە ئەوسا هەر تاریکان بوو. بەوان و بە زەمینی گوت: خۆش یا ناخۆش، دەبێ بێنە بەرفەرمانم. گوتیان: وا بەخۆشی هاتین.

12) ئەوساکە حەوت ئاسمانی لە دوڕۆژدا وەدی هێنا؛ هەر عاسمانەی فەرمانی کاری خۆی بۆنارد. نزیکتر ئاسمانیشمان بە چرایان ڕازاندەوەو پارازتمان. خاوەن دەستەڵاتی زانا بڕیاری ئەوکارەی داوە.

13) ئەگەر هەر قبوڵیان نەکرد، بێژە: بەوهەورەتریشقەو دەترسێنم کە هۆزەکەی عادو سەموودی وەبەردا.

14) ئەوسا کە پێغەمبەرەکەمان – چ ڕوبەڕو، چ پاشملە – لێیان نزیک دەبونەوە کە: غەیرەز خوا مەپەرستن؛ وتیان: ئەگەر پەروەرێنمان مەیلی لێبا، فریشتەی دادەبەزاندن. ئێمە لەوەی کە ئێوەی پێ ناردراون، حاشادەکەین.

15) جا هۆزی عاد لەناڕەوا خۆیان لەو سەرزەمینەدا بەزل زانی. دەیانگوت: کوا؟ کێ لە ئێمە بەهێزترە؟ نەیاندیبو ئەو خودایەی ئەوانی دروس کردووە گەلێک لەوان بەهێزترە؟ هەروا بەنیشانەکانمان بێ بڕوابون.

16) ئەوسا ئێمە ڕەشەبایەکی بەهێزمان – لەوڕۆژانەدا کە شومن – ناردە سەریان؛ تا ئازاری ئابڕوبەریان – لەژیانی ئەم دنیایەدا – پێ بچێژین. بێ گومانە سووکایەتی ئازاری ئەولاش زۆرترەو کەسیش دەهانایان نایە.

17) ئێمە ڕێگەی بەرەوخۆمان شانی هۆزی سەموودیش دا. لەباتی شارەزابونێ حەزیان کرد هەرنابینابن. ئەوسا لەسۆنگەی ئەوکاری کە دەیانکرد، هەورەتریشقە گرتنی و ئازاری ئابڕوبەرەیان لێ هاتەدی.

18) ئەوکەسانەشمان ڕزگارکرد کە ببونە خوداناس و لە گوناهـ خۆیان دەپاراست.

19) لەوڕۆژەدا کە نەیارەکانی خودا بەرەو ئاگر هەموویان کۆدەکرێنەوەو دەستەدەستە بەڕێ دەکرێن،

20) وەختێ دەگەنەلای ئاگر، لە هەرکارێ کردوویانە، گوێچکەو چەم و هەموو پارچەپێستی لەشیان، لەدژیان شایەتی دەدەن.

21) [بەگلەییەوە] پێستانی خۆیان دەدوێنن: چۆن دژمان شایەتیتان دا؟ ئێژن: خوا وەزمانی هێناین، کە دەتوانێ هەموشت بێنێتە قسە؛ هەر ئەویشە هەوەڵجار ئێوەی دروس کرد، دەشوگەڕێننەوە لای ئەو.

22) لەوبارەوە کە گوێ و چاوو گش پێستی ئەندامەکانتان شایەتیتان لەسەربدەن، هیچ خۆتان حاشارنەدەدا؛ بەڵام ئێوە پێتان وابو خوا لە زۆرێ لەوکارانەی ئێوە دەیکەن، بێ ئاگایە.

23) دەربارەی پەروەرندەتان ئێوە واتان گومان دەبرد، کە تەرت وتونای کردن و چوونە ڕێزەی زیانباران.

24) ئەگەر ئەوان خۆڕاگرن، ئەوە ئاگر جێگەیانە. ئەر داوای لێ بوردنیش کەن، هەرگیز ڵێیان قبووڵ ناکرێ.

25) دۆستی واشمان [لە دنیا] بۆپەیداکردن، کاری ئێستەو ئایندەیان بۆخەمڵاندن. بۆ ئەمان و ئەو جنۆکەو مرۆڤانەی بەرلەوان بوون، بەڵێنی خودا هاتەجێ؛ لەبەرئەوەی زیانباربون.

26) خودانەناسەکان گوتیان: گوێ بۆئەم قورئانە مەگرن؛ قسەی بێتامی خۆتانی تێکەڵ بکەن؛ بەشکوو بەسەریا سەرکەون.

27) سا مەرج بێ ئەوکەسانەی خوانەناس بون، لە ئێمەوە جەزرەبەی دژوار بچێژن؛ لەوەی دەیانکرد، خراپتر ئازاریان دەین.

28) سزای دوژمنانی خودا هەر ئەمەیە؛ لەسۆنگەی حاشاکردنیان لەنیشانەکانی ئێمە، ئاگری لەبنە نەهاتو ئەنوایانە.

29) خودانەناسەکان گوتیان: ئەی پەروەرندەی گلامان! ئەودوکەسە لە جنۆکەو مرۆیەمان نیشان بدە، کە ڕێیان لە ئێمە گۆڕی؛ وەژێرپای خۆمانیان دەدەین با لەژێری ژێرەوەبن.

30) ئەوانەش کە گوتویانە: پەروەرندەمان خودایە و لە گفتیان لایان نەداوە؛ فرشتە دێنەلایان و پێیان ئێژن: نە بترسن، نە خەم بخۆن؛ مژدەتان بێ گەیشتونە ئەوبەهەشتەی کە بەڵێنتان پێدراوە.

31) ئێمە - لە دنیاولە قیامەت – دۆستی ئێوەین؛ لەبەهەشتا هەرشتێ ئارەزووی کەن و چی بخوازن، ئامادەیە.

32) پەزێرایی لە لایەنی گوناهـ بەخشی دلۆڤانە.

33) کێ لەوکەسە قسەی بەڕێ وجێ ترە، کە بەرەو خوا گازی دەکا و خۆشی ئاکاری پەسندەو ئێژێ: منیش یەکێ لە موسوڵمانانم؟

34) چاکەو خراپە هەمبەر نین؛ تۆ هەمیشە وەرامی چاکتر بدەوە، ئەوسا کەسێ کە لەگەڵ تۆدا دوژمنە، دەبێتە دۆستی نزیکت.

35) ئەم ئاکارەش هەر تووشی کەسانێک دەبێ کە بتوانن خۆڕاگربن؛ هەرکێش ئەوئاکارەی توش بێ، دیارە فرە بەختەوەرە.

36) هەر وەختێ لە شەیتانەوە دوچاری خەیاڵاتێک بوی، گورجێ پەنا بەخوابەرە؛ کە خۆی بیسەر و زانایە.

37) شەو و ڕۆژوو خۆرو مانگیش لە نیشانەکانی ئەون. نە بەرەوخۆر سوژدە بەرن، نە بەرەو مانگ؛ سوژدە بۆ خودایەک بەرن کە ئەوانی وەدی هێنا؛ ئەگەر هەر ئەو دەپەرستن.

38) ئەگەر ئەوان فیزیان نواند، ئەوی لای پەروەرندەتن – بەشەو و ڕۆژ – هەر پەسندی ئەو دەدەن و وەڕەزنابن.

39) لە نیشانەکانی ئەو زەوی دەبینی مات بوەو هەستی دەبەردا نەماوە. هەرگا بارانمان لێ باراند، ڕادەژێ و دەبوژێتەوە. ئەوی زیندووی دەکاتەوە، گیان بە بەر مردوش دادەکا. خودا توانای بە سەر هەموشتدا هەیە.

40) ئەوانەی کە سەبارەت بە نیشانانمان لەوەی ڕاستە، کلا ەبن، خۆ لە ئێمە ناشێرنەوە. ئاخۆ کێ لەکێ چاترە؟ ئەوکەسەی دەخرێتەئاگر، یان ئەوکەسەی ڕۆژی قیامەت بێ ترس دێ؟ چی خۆتان حەزدەکەن بیکەن؛ ئەو لەهەرچی ئێوە دەیکەن، چاوەدێرە.

41) ئەوکەسانەی ئەوکاتە قورئانیان بۆهات، دژی وێستان و بڕوایان پێ نەهێنا؛ کە کتێبێکی زۆربەرزو جێگەی ڕێزە.

42) پڕوپوچ لە ڕووی ناوەستێ – چ ڕوبەڕو، چ پاشملە – ئەمە کارزانێک ناردوویە کە هەر دەبێ پەسنی بدرێ.

43) ئەوانەی کە بەتۆی ئێژن، بە پێغەمبەرانی پێش تۆش هەر وتراوە. پەروەرندەت بێگومانە کە دەتوانێ گوناهکاران عافوبکاو بۆشی هەیە ئازاری بەژانیان بدا.

44) گەر ئێمە ئەم قورعانەمان بە عەجەمی بناردایە، دەیانگوت: چۆن نیشانی بەڕونی شی نەکراونەتەوە؟ خۆی عەرەبەو نیشانەکانی عەجەمین؟! بێژە: ئەمە بۆکەسانێ کە باوەڕیان پێ هێناوە، ڕێبەرو چارەی دەردانە؛ ئەوی بڕواشی پێ ناکەن، گوێ گرانن لەبیستن و چاویان لەدیتنی کوێرە؛ هەر ئێژی لەجێی دورەوە گازی دەکرێن.

45) کتێبیشماندا بە مووسا، کە لەسەری کێشەکرا. خۆ ئەگەر پەروەرندەی تۆ پێشوتر گفتی نەدابا، بەکاریان ڕادەگەیشتن. بێ سۆ ئەوان لێی دوودڵن و بەدگومانن.

46) هەر کەسێ کاری چاک دەکا و کەسێکیش خراپەدەکا، لەدژی خۆی کردویەتی. پەروەرندەت غەدر لەعەبدانی ناکا.

47) ڕۆژی قیامەتێ کەی دەبێ، ئەو دەیزانێ. بەروبوی هەموو ڕوەکێک کە لەشکۆفە دێنەدەرو هەر مێوینەیەک ئاوسەو چی لەزگداو چی لێ دەبێ، ئەو دەیزانێ. ئەوێ ڕۆژێ کە خودا بانگیان لێدەکا: شەریکەکانی من لەکوێن؟ ئێژن: لای تۆ ئەیدرکێنین؛ کەسمان ئاگامان لێ نیە.

48) ئەو شتانەی لە پێشوودا جێگەی هاناو هاواریان بوون، لێیان گوم بون و تێگەیشتون کە هیچ دەرەتانیان نییە.

49) مرۆ هەرچەند نزا بۆشتی باش بکا، وەڕەز نابێ. هەرگا خراپەشی تووش هات، هیچ ئاواتێکی نامێنێ و ناهومێدە.

50) ئەگەر لە پاش دەردو مەینەتێ تووشی دێ، تامی خۆشیمان پێ چەشاند، ئێژێ: ئەمە لەخۆم ڕایەو باوەڕناکەم قیامەت ڕابێ؛ خۆ ئەگەر بشمبەنەوە بۆنزیک پەروەرندەی خۆم، سوور دەزانم پتر چاکەم دەگەڵ دەکا. جا ئەوانەی دژی ئێمەن، لە هەر کارێ کردوویانە، خۆمان ئاگاداریان دەکەین و جەزرەبەی زۆر دژواریان پێ دەچێژین.

51) وەختێ ئێمە دەگەڵ مرۆ چاکەدەکەین، پێ نازانێ و فیزدەنوێنێ و من منیەتی؛ هەرگاش خراپەی تووش ببێ، بەپەناوە مل دەنێ لەپاڕانەوە.

52) بێژە: ئێوە بە من بێژن، ئەگەر ئەمە لە خواوەبێ و ئێوە باوەڕی پێ نەکەن، دەی کێ لەوە گومڕاترە هەتاسەر لاساری بکا؟

53) هاکا وامان کرد ئەوانە لەئاسۆکانی زەمین و عاسمانداو لەخۆشیاندا نیشانەکانمان ببینن؛ هەتا لێان ڕوون بێتەوە کە ئەوڕاستە. ئاخۆ هێندەیان بەس نییە، پەروەرندەت لەهەموشت ئاگادارە؟

54) باش بزانە کە ئەوانە لەدیداری پەروەرندەیان دوودڵن. باش بزانە خۆی دەوری لە هەرشت داوە.