40- غافیر

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 14 خولەک  656 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) حا، میم.

2) ئەم کتێبە لەلایەن خوای خاوەن دەستەڵاتی چازانەوە ناردراوە؛

3) کە لە گوناهان دەبوورێ و پەشیمانی قبووڵ دەکا و لە جەزرەبە توندوتیژە. چاکە هەر بە دەس خۆیەتی و جگە لە خۆی هیچ شت بۆ پەرستن نابێ و هەموو شت دێتەوە لای ئەو.

4) غەیرەز خودانەناسەکان، هیچ کەسێ لەسەر نیشانەکانی خودا کێشە ناکا. گەڕ و خولیان بە شاراندا، نەکا تۆ هەڵخەڵەتێنێ.

5) هۆزی نووحیش پێش ئەمانە و چەند کۆمەڵیش لەدوای ئەوان، بڕوایان بە خوا نەهێنا. هەر کۆمەڵێ پەلاماری پێغەمبەرەکەی خۆی داوە تا بیگرن و ئازاری دەن؛ بە قسەی هیچیش ویستوویانە جێ بۆ ڕاستی نەهێڵنەوە. ئیتر بە غەزەب گرتوومن؛ دەسا سزای من چلۆن بوو.

6) بەڵێنی پەروەرندەی تۆ لەسەر هەموو ئەوانەی خودانەناس بوون، وا هاتە جێ کە ئەوانە جەهەندەمین.

7) ئەو کەسانەی تەختی خوایان هەڵگرتووە و ئەوانەی بەدەوری ئەودان، بە سوپاسی پەروەرندەیان خەریکن و بڕوایان هەر بە وی هەیە و داوای بوردن بۆ خاوەن باوەڕان دەکەن: ئەی پەروەرندەی هەموومان! دیارە بەزەیی و زانینت هەموو شتی داگرتووە؛ ئەوانەی دەگەڕێنەوە و پەیڕەوی ڕێگەی تۆ دەبن، لە گوناهەکانیان ببوورە و لە ئازاری بە ئاگریان بپارێزە.

8) ئەی پەروەرندەی هەموومان! بیشیاننێرە ناو باغاتی هەمیشەیی، کە خۆت بەڵێنت پێ داون؛ ئەو کەسانەش کە لە باوانی ئەوان و هاولفیانن و بەرە و تۆرەمەی ئەوانیش – کە ئاکاری چاکیان بووە – وەل ئەوان بن؛ هەر خۆت خاوەن دەستەڵات و لەکارزانی.

9) لە خراپەش بیانپارێزە. هەر کەسێکی لە خراپە بیپارێزی، لەو ڕۆژەدا بەر بەزەیی تۆ دەکەوێ؛ کە ئەمەش سەرکەوتنێکی زۆر مەزنە.

10) هاوار لەو کەسانە دەکرێ کە خودایان نەناسیوە: بێگومان تووڕەییی خودا لەو ڕکەی خۆتان هەتانە، گەورەترە؛ چونکە ئێوە بانگتان دەکەن باوەڕیو بە خودا هەبێ، کەچی ئێوە حاشا دەکەن.

11) ئێژن: ئەی پەروەرندەمان! تۆ دوو جاران مراندووتین؛ دوو جارانیش ژیانت بە بەردا کردووین؛ پێ لە گوناهی خۆدەنێین، ئاخۆ دەرەتانێک هەیە؟

12) ئەمەتان بۆیە بەسەر دێ، چونکە هەرگا مەردم خوایان دەپەرست و هیچی تر نا، حاشاو دەکرد؛ بەڵام کاتێ شەریکیان بۆ ئەو دادەنا، ئێوە باوەڕتان دەهێنا. فەرمان تەنیا بۆ خودای بەرز و مەزنە.

13) هەر ئەو نیشانانی خۆیتان بۆ دەنوێنێ و لەو حەوایە بژیوتان بۆ بەڕێ دەکا. تەنیا کەسێ لەو ئامۆژگارییە تێدەگا، کە ڕووی هەر بەرەو خودا بێ.

14) دەسا ئێوە بە دڵپاکی هەر هانا بۆ خودا بەرن و دینی پاکژتان بۆ ئەو بێ؛ جا با خودانەناسانیش پێی تووڕە بن.

15) پلەی بەرز وا لای ئەون، خاوەن تەختە؛ بە فرشتەی تایبەتیدا وڵامی خۆی بۆ هەر کەسێ لە عەبدانی خۆی حەز بکا، بەڕێ دەکا؛ تا لە ڕۆژێ – کەتووشیان دێ – بیانترسێنێ.

16) ئەوێ ڕۆژێ – کە هەموویان دێنەوە دەر – هیچ شتێکیان لە خودا نهێنی نییە. لەو ڕۆژەدا فەرمانڕەوایی بۆ کێیە؟ هەر بۆ خودای تاک و تەنیای بە سەر هەموو شتدا زاڵە.

17) لەو ڕۆژەدا هەر کەس هەرچی کردوویەتی، سزای کاری خۆی دەبینێ؛ ئەم ڕۆژە هیچ غەدرێک نییە. خودا بەلەز بە کاروباران ڕادەگا.

18) تۆ لەو ڕۆژە بیانترسێنە کە لەنەکاو تووشی دەبن. لەو دەمەی کە هەموو دڵێک لە قوڕگان نزیک دەبنەوە و هەموو هەر پیش دەخۆنەوە. ئەوانەی ناهەقیکارن نە هیچ دۆستیان دەس دەکەوێ، نە کەسێ تکای بگیرێ.

19) خواش دەزانێ کێ چاوی غەیانی هەیە و چییان لە دڵدا شاردۆتەوە.

20) خوا بەڕاستی پێ ڕادەگا. ئەوانەی ئەوان هانایان دەبەنە بەر - غەیرەز خودا – هیچ کارێکیان لەدەس نایە. هەر خودایە کە بیسەریش و بینایە.

21) ئاخۆ ئەوان بە زەمیندا نەگەڕاون، تا بزانن چارەنووسی پێشینەکانی ئەوانە چتۆ بووە؟ لەوانە بەهێزتر بوون و لەو زەمینە شوێنەواریشیان زۆرترە؛ لەتۆڵەی گوناهەکانیان خوا گرتنی و کەس لەخودای نەپاراستن.

22) کە ئەوانە پێغەمبەریان بە نیشانەی ئاشکراوە هاتبوونە لا و بڕوایان پێ نەکردبوون؛ ئەوێ چاخێ خوا گرتنی. خوا توانایە و سزادانی توندوتیژە.

23) ] لەو بارەوە بە چەند نیشانەی خۆمان و بە بەڵگەیەکی ئاشکراوە، مووسامان نارد،

24) بۆ لای فیرعەون و هامان و بۆ لای قاڕوون. هەموو گوتیان: جادوگەرێ درۆزنە.

25) وەختێ لەلایەن ئێمەوە دینی ڕاستی بۆ دەرخستن، گوتیان: کوڕانی ئەوانەی وەل ئەو بڕوایان هێناوە، لەناو بەرن و ژنەکانیان بەزیندوویی بهێڵنەوە؛ بەڵام فێڵی خوانەناسان هەرگیز سەری نەگرتووە.

26) فیرعەون وتی: لێم گەڕێن مووسا بکوژم؛ با ئەو هاوار بۆ پەروەرندەی خۆی بەرێ؛ من دەترسم دینەکەتان بگۆڕێت و پشێوێنی لەم زەمینەدا بنێتەوە.

27) مووسا گوتی: هانا دەبەمە بەر کەسێ – کە منیش و ئێوەشی پەروەراندووە – بمپارێزێ لە هەموو خۆبەزلزانێ کە باوەڕی بە ڕۆژی قیامەتێ نییە.

28) پیاوێ لەخزمانی فیرعەون – کە باوەڕی بە خوا هەبوو، بەڵام باوەڕەکەی خۆی ئەشاردەو – گوتی: ئێوە چلۆن پیاوێ وەها دەکوژن، ئێژێ خوا پەروەرندەمە و لە پەروەرندەی خۆشیڕا، چەند نیشانەی زۆر ئاشکرای بۆ هاوردوون؟ ئەگەر دەڵێن: درۆ دەکا، وەباڵ درۆی بە ئەستۆی خۆی. ئەگەریش قسەی ڕاست دەکا، لەوانەی ئەو پێتان دەڵێ، هێندێکیانوو هەر بەسەر دێ؛ چونکە خودا مرۆی لە ڕادە لادەری درۆزن شارەزا ناکا.

29) گەلۆ! ئەمڕۆ فەرمانڕەوایی بۆ ئێوەس؛ لەم هەردەشا ئێوە زاڵن؛ ئەگەر خوا بە گژماندا بێ، ئەوسا کێ یاریمان دەکا؟ فیرعەون گوتی: چی خۆم بە چاکی دەبینم، هەر ئەوەتان پێش دەکەوم و هەر ئەو ڕێگەی کە من نیشانتانی دەدەم، ڕاستەڕێیە.

30) کاورای خاوەن بڕوا گوتی: گەلۆ! من لەوە دڵخورتم ئەو بەڵایەی بەسەر خەڵکی تر هاتووە، بەسەرتان بێ؛

31) وەک ڕووداوی هۆزی نووح و عاد و سەموود و ئەوانەی پاش ئەوان بوون. خوا نایەوێ ناهەقی لە عەبدان بکا.

32) گەلۆ! لێتان نیگەرانم لەوڕۆژەدا لێو بقەومێ کە دەبێتە هاوار هاوار.

33) ئەوێ ڕۆژێ کە هەمووتان بەرەو پاش دەگەڕێنەوە و هەڕادەکەن؛ کەس ناتوانێ لە خودا ڕزگارتان بکا. هەر کەسێکیش خودا ڕێگەی لێ بگۆڕێ، هیچ کەس نایخاتەوە سەر ڕێ.

34) لەمەو پێشیش یووسف بە چەندین بەڵگەوە هاتە ناوتان؛ کەچی ئێوە لە بەڵگەکانی دوودڵ بوون، باوەڕیتان پێ نەهێنا. وەختێ کە مرد، گوتتان: ئیتر پاش ئەو خودا هیچ پێغەمبەرێ نانێرێ. دەسا ئاوا هەر کەسێک دوودڵی بکا و لە ئەندازەی خۆی دەربچێ، خودا ڕێگەی لێ دەگۆڕێ.

35) ئەو کەسانەی کە بێ ئەوە بەڵگەیەکیان بۆ هاتبێ، لەمەڕ نیشانەکانی خوا کێشە دەکەن، لەلای خودا و باوەڕداران کاری زۆر نابەجێ دەکەن. خوا دڵی هەر خۆبەزلزانێکی زۆردار، وا مۆر دەکا.

36) فیرعەون گوتی: ئەی هامان! بچۆ قەڵایەک بۆ من ساز کە، بەشکوو بگەم بەو ئاسۆ دوورەدەستانە؛

37) ئاسۆکانی ئاسمانەکان؛ بڕوانمە خوداکەی مووسا. منیش دەڵێم درۆ دەکا؛ ئابەم جۆرە فیرعەون کاری گەندی خۆی بەجوان زانی و بوو بە لەمپەری سەر ڕێگەی. هەر فێڵێکی فیرعەون بۆ خۆی دۆزییەوە، بەفێڕۆ چوو.

38) ئەو کەسەی خاوەن باوەڕ بوو، گوتی: گەلۆ! شوێنم کەون، من ڕاستەڕێتان شان دەدەم.

39) گەلۆ! ئەم ژینی دنیایە هەر سەرێکە و دەبڕێتەوە؛ ماڵی ئەولا یەکجارییە.

40) هەر کەسێ خراپە بکا، هەر بە ئەندازەی خراپەی سزا دەدرێ. هەر کەسیش ئاکاری چاک بن – چ نێر، چ مێ – و باوەڕی بە خودا هەبێ، ئەوانە دەچنە بەهەشت و بێ ژمارە هەموو بژیوێکیان هەیە.

41) گەلۆ! چیمە، من دەمەوێ ڕزگارتان کەم، ئێوە لە منتان گەرەکە بچمە ئاگر؟

42) دەتانەوێ لە خودا حاشا بکەم و شتی وا بپەرستم و بیانکەم بە شەریکی خوا، کە هیچ زانستیم پێ نییە؛ کەچی من گەرەکمە ئێوە ڕوو بکەنە لای هەرە بەدەستەڵاتی گوناهـ بەخش.

43) بێگومان ئێوە دەخوازن من شتی وا بپەرستم کە لە دنیا و لە قیامەتێ هیچ کارێکی لەدەس نایە. هەموومان دەگەڕێینەوە بۆ لای خودا و ئەوانەی لە قاس دەردەچن، هەر تووشی جەهەندەم دەبن.

44) جائەو دەمە قسەی منتان دێتەوە بیر. کاری خۆم بە خوا دەسپێرم؛ خودا چاوی لە عەبدەکانی خۆی هەیە.

45) خوا ئەوی لە ئاکامی خراپی ئەو فێڵەی دەیانکرد، ڕزگار کرد و هەرچی سەر بە فیرعەونێ بوون، بەڵا دەناوەخۆی گرتن.

46) هەموو سپێدە و ئێواران دەیانبەنە سەر ئاور و ڕۆژێ کە سەڵا ڕادەبێ [فەرمان دەدرێ]: سا دەستەو بەستەکەی فیرعەون، زۆر بەتوندی ئازار بدەن.

47) کە ئەوسا لەناو ئاگردا کێشە دەگەڵ یەکتر دەکەن. بێهێزەکان بە خاوەن هێزەکان ئێژن: ئێمە شوێن ئێوە کەوتبووین، ئاخۆ ئێوە پێتان دەکرێ بەجێی ئێمە لەو ئاگرە، بەشێک بۆ خۆتان هەڵگرن؟

48) بەهێزە لەخۆباییەکان ئێژن: هەموو لە ئاگرداین. خودا بە کاری عەبدانی وا ڕادەگا.

49) ئەو کەسانەش کە چوونە ناو ئاگرەوە، لە گزیرەکانی ئاگر داوا دەکەن: لە بەر پەروەرندەی خۆتان بۆن وەپاڕێن، ڕۆژێکمان لەو ئازارە بۆ کەم کاتەوە.

50) ئێژن: ئاخۆ ئێوە پێغەمبەرەکانتان بە نیشانەی ئاشکراوە نەهاتە لا؟ ئێژن: بەڵێ. ئێژن: دەی خۆتان وەپاڕێن؛ دیارە نزای خوانەناسان، بەشی هەر بە فێڕۆ چوونە.

51) بێ گومانە ئێمە پێغەمبەرانمان و ئەو کەسانەی کە وا بڕوایان هێناوە، لە ژیانی ئەم دنیایەدا و لەو ڕۆژەشدا کە شایەتان ڕاس دەبنەوە، یاری دەکەین.

52) ئەوێ ڕۆژێ کە ناهەقان پاکانەیان سوودێکیان پێ ناگەیەنێ و گشتیان بەنەحلەت کراون و نالەبارتر ماڵیان هەیە.

53) ئێمە هۆی ڕێنوێنیمان دا بە مووسا و کارێکمان کرد کتێبەکە – بەکەلەپوور – بۆ تۆرەمەی ئیسڕائیل بمێنێتەوە.

54) کە ڕێگەیان نیشان دەدا و بیرەوەرییە بۆ کەسانی خاوەن ئاوەز.

55) خۆ ڕابگرە، بەڵێنی خودا دێتە جێ. بۆ گوناهت داوای لێبوردنێ بکە و هەموو بەیانی و ئێواران – بە شوکرەوە – هەر پەسنی پاکیی پەروەرندەی خۆت بدە.

56) ئەو کەسانەی لەمەڕ نیشانانی خودا کێشە دەکەن – بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیان بۆ هاتبێ – جگە لە فیز، هیچ شتیان لە دڵدا نییە و هەرگیز بە ئارەزوو ناگەن. سا تۆ: پەنا بە خوا ببە؛ هەر خۆی بیسەر و زانایە.

57) داهێنانی ئەم عاسمانان و زەمینە، لە وەدی هێنانی مەردم گرینگترە؛ بەڵام مەردم زۆربەیان ئەمە نازانن.

58) کۆر و چاوساغ وەکوو یەک نین؛ ئەوکەسانەش کە بوونە خاوەن باوەڕ و ئاکار چاکن، دەگەڵ خراپکارەکاندا نابن بەیەک. چ هەندکن ئەوانەی بیردەکەنەوە.

59) هاتنی ڕۆژی سەڵایە، هیچ گومانی تێدا نییە؛ بەڵام زۆرینەی ئەم خەڵکە بڕوا ناکەن.

60) پەروەرندەتان گوتوویە: لە بەرم بپاڕێنەوە، ئەوسا بە دەنگتانەوە دێم. ئەو کەسانەی – هەر لەبەر خۆبەزلزانین – نایانەوێ بمپەرستن، بە زەبوونی دەچنە دوڕجەهەندەمەوە.

61) هەر خودایە شەوی بۆ ئێوە پەیدا کرد، کە تێیدا بحەسێنەوە و ڕۆژیشی بۆ دیتن دانا. خودا چاکەی دەربارەی مەردم کردووە؛ بەڵام زۆربەی ئەم مەردمە ناسپاسن.

62) ئەم خودایە ئێوەی پەروەردە کردووە و وەدی هێنی هەموو شتە؛ لە غەیرەز ئەو هیچ شت بۆ پەرستن نابێ. دەی چۆن لە هەق کلا دەکرێن؟

63) هەر بە متەرزە ئەو کەسانەی لە نیشانەکانی خودا حاشا دەکەن، لەوەی ڕاستە کلا دەکرێن.

64) ئەو خودایە سەرزەمینی بۆ ئێوە کردە نشیمەن؛ ئاسمانیشی لەسەر بەرز کردنەوە. ئەو بیچمی بە ئێوەی داوە، لە هەموو بیچمێک جوانترە. بژیوی باشی پێ داون. هەر ئەوە خوای پەروەرێنتان. بەرزی و پیرۆزی بۆ خودا، کە پەروەرێنی دنیایە.

65) هەر زیندووە و لە غەیرەز ئەو هیچ پەرستوویەکی نییە. دەسا ئێوە بە دڵپاکی هەر هانا بۆ خودا بەرن و دینی پاکژتان بۆ ئەو بێ. سوپاس بۆ خودای ڕاهێنەری هەموو جیهان.

66) بێژە: من پاش ئەو بەڵگانەی لەلایەن پەروەرندەمڕا بۆم هاتووە، ڕێم نەدراوە ئەو شتانە بپەرستم کە [خوا نین و] ئێوە هانایان پێ دەبەن؛ هەر فەرمانم پێ دراوە خۆم بسپێرم بە ڕاهێنەری گش جیهان.

67) هەر ئەوە ئێوەی دروس کرد لە قوڕێک و لەپاشان لە تنۆکێک و پاشان لە خوێنێکی جەڵتە و پاشان دەتانهێنێتە دەر بە ساوایی و پاشان بەخۆدا دێن هەتا دەبن بە خۆرتێکی خورت و پاشان بە پیری دەگەن و هێندێکیشتان بەر لەوە پیر ببن دەمرن. هەتا دەگەن بە ئەو کاتەی کە بۆتان دیاری کراوە، شایەت [لە خۆتان] ڕامێنن.

68) هەر خۆیەتی ژینێ دەدا و دەشمرێنێ. هەر کارێکی گەرەکی بێ، هەر پێی ئێژێ: ببە و، دەبێ.

69) ئاخۆ ئەوانەت نەدیوە کە لە نیشانانی خودا کێشە دەکەن، چلۆن ڕێ لە خۆ دەگۆڕن؟

70) ئەو کەسانەی کە هەر بڕوایان نەهێنا بەم قورعانە و بەو شتانەی پێغەمبەرانمان بۆ ناردوون، زۆر ناخایەنێ تێدەگەن.

71) ئەوسا کە هەر یەک چەند تۆقی دەملدایە و بە زنجیر ڕایان دەکێشن،

72) بۆناو ئاوێکی زۆر گەرم و لەدوای ئەوە لەناو ئاگردا گڕ دەگرن.

73) ئەم جارە لێیان دەپرسن: کوان ئەوانە دەیانگوت شەریکی خودان؛

74) غەیرەز خودا. ئێژن: لەبەر چاومان ونن؛ خۆ ئێمە لەسەر دنیاش بووین، غەیرەز خوامان نەدەپەرست. خودا ئاوا خوانەناسان گومڕا دەکا.

75) سا ئەمە گۆڕی گیانتان بێ! چونکە ئێوە لە سەر زەمین بە ناڕەوا کەیفوو دەکرد؛ بادی هەواییتان دەنواند.

76) لە دەرگاکانی جەهەندەم بچنە ئەو دیو و تاهەتایە لەوێدا بمێننەوە. جێگەی خۆبەزلزانەکان چەند ناخۆشە!

77) سا بوێستە، چونکە بەڵێنی خوا ڕاستە؛ یان هێندێکت لەو بەڵێنەی پێیان دەدەین، نیشان ئەدەین، یان مەرگت بەسەردا دێنین. [هەرچۆنێک بێ] هەموو لایەک هەر دەهێننەوە لای خۆمان.

78) لە پێش تۆشدا گەلێ پێغەمبەرمان ناردن. سەربهوردی هێندێکانمان بۆ باس کردووی؛ هەیشن کە باسمان نەکردوون. هیچ پێغەمبەرێ ناتوانێ هەتا خودا ئیزنی نەدا، هیچ نیشانێک نیشان بدا. هەرگا فەرمانی خودا هات، دەبێ ڕاستی بە کاری مەردم ڕابگا و؛ هەرکێ لە سەر پڕوپووچن، تێدا دەچن.

79) هەر خودایە وڵساتی بۆ پەیداکردن، هەتا ئێوە سواریان بن و لێیان بخۆن.

80) گەلێک بەهرەی تریشیان بۆ ئێوە هەیە؛ ئەو نیازی لە دڵتاندا، لەسەریان پێکی دەهێنن و لەسەریان و لەسەر گەمیەش هەڵدەگیرێن.

81) زۆر لە نیشانانی خۆی، دەخاتە بەرچاوی ئێوە. ئێوە حاشا لە کام نیشانەی خوا دەکەن.

82) ئاخۆ هەرگیز بە زەمیندا نەگەڕاون کە بزانن ئاکامی پێشینەکانیان بە کوێ گەیشت؟ کە لەمانە زۆرتر و بەهێزتریش بوون؛ شوێنەواریشیان لە هەردا پتر ماوە. سا هەرچی کۆیان کردەوە، هیچ بەهرەیەکی بۆ نەدان.

83) کە پێغەمبەرانی ئێمە بە نیشانەی ئاشکراوە چوونە لایان، بەو هۆیە کە زۆر دەزانن، دڵیان خۆش بوو؛ کەچی ئەوەی ئەوان گەمەیان پێ دەکرد، دەوری لێدان.

84) کاتێ دیتیان بەڵای ئێمەیان دێتەسەر، گوتیان: ئیتر خوای تاقانە دەناسین و لەو شتانەی دەمانگوت: شەریکی خودان، حاشادەکەین.

85) پاش دیتنی سزای ئێمە، بڕواهێنان قازانجی پێ نەگەیاندن. ئەمە ڕێوشوێنی خودایە؛ دەربارەی هەموو عەبدانی هەر وا بووە. لەو کاتەدا هەر ئەوانەی خوانەناس بوون، زەرەریان کرد.