کە منداڵ بووم
بیرەوەرییە ڕابوردووە شیرینەکان، ئەم چەند وێنەیەیان بە شیعر پێ کێشام، یادگارە بۆ لەبیر نەچوونەوەیان.
لە کتێبی:
تریفەی هەڵبەست
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
5 خولەک
1592 بینین
١- گەڕەک:
قاپی تەختەی دوو دەروازەهەر تاکێ، نەخشی جیاوازە
دوو ئەڵقەڕێزی بەدەس قورس
گۆپکەی زۆری ئاسن و مس.
بۆ چاوەزار
بۆ تەماشای دیاری ڕێبوار
بەسەر دیواری دەرگاوە
ناڵێکی زل داکوتراوە
موورووی شینی تێ خراوە.
***
گوێسەبانەی نزمی نیشتوودرەختی ناو حەوشەی هەڵچوو
کۆڵانی تەنگ،
پەنجەرەی شووشە ڕەنگاورەنگ.
دووکانی دەرگا لەسەر ماڵ
نەخشی خەت خەتێنی مناڵ.
سەکۆی درێژی ناو داڵان
ئاوڕشێنی ڕێی بەر ماڵان.
مێوی سەر حەوزی بن فێنک
هێشووی پڕ چنگ.
گۆزەی ژێر سێبەری تەزیو
تۆوی هەڵوەریو
هێلانەی سەر پێشی هەیوان
بۆ کۆتری نەشیملە و جوان
تاشەبەفری پێشی دووکان
چیخ و مانگەشەوی سەربان.
***
ژووری گەورە، کەللەگی ناوچاک سواغدراو
بە چواردەورا ڕەفەی درێژ
چینی و کاشی لەسەر ڕیزە
بەرماڵی نوێژ
هەڵواسراوە، زۆر ئازیزە.
مەوجی سەرنوێنی هەڵچنراو
سەماوەری زەردی وارشاو
تاقی قووڵی زۆری دیوار
باڵائاوێنەی بەرەوخوار.
***
باڵەخانەی پێش تەختەبەنگسەوز و سوور ڕەنگ
بە چاو تۆزێ خوار و لاسەنگ
بەسەر حەوشەی ناو گەڕەکا،
ئەڕوانێت و کەشخە ئەکا!.
***
پاشماوەی کۆنە گۆڕستان،تاک تاک کێلی بەدەرەوە
مەرقەدی شەخس، ئایین پیران
بەیداخی سەوز بە سەرەوە.
شەویش مۆمێکی داگیرساو
لای کێلی ژوور سەر دانراو
دەوری مەرقەد ڕووناک ئەکا
نیزا بۆ پیاوی چاک ئەکا.
***
یان لە کەلاوەی چەپەکاکە زۆرن لەناو گەڕەکا
دیمەنی شەڕەکەڵەشێر
لەگەڵ یەکا
تا خوێن لە پۆپنە ئەتکا
تا یەکێکیان ئەکەوتە ژێر
تا لەتک و تاس ئەچۆوە
ئێوارەمان درەنگ ئەکرد،
چێشتەکانمان سارد ئەبۆوە.
***
=٢- شایی:ڕۆژی شایی هەر بەیانی
بەردەم دەرگا، ناو کۆڵانی
سەر، سەربانی
ماڵی بووکێ یان هیی زاوا
بەگشت ماڵی گەڕەک ئاوا
پڕ ئەبوو لە، جل زەرد و سوور
لە میوانی گەڕەکی دوور
لە مناڵەورتکەی گڕۆز
لە لاوی قۆز
لە ژنان و کچی گەڕەک
لە بۆنی خۆش
لە دەسگێڕی وردەفرۆش
کە قارس ئەبوون بە ناخوونەک!.
***
وا دەسبەردانی پیاوانەنۆبەی هەڵپەڕکێی ژنانە
بۆ لای سەر گوێسەبانە
کاتی گەرمەی سەرنجدانە!
سووراوی زۆر، سپیاوی خەست
خەنەی قاچ و، بازنی دەست
کەوای تاقە، چەفتەی سوورمە
ورشەی دەسماڵی تێل قرمە
هاڕەی خشڵی زۆری خواسراو
چاوی بە کل ئێجگار ڕێژراو
لەرزەی ئاشق بەنگ و کرمەک
ورشەوپرشەی کراسی خامەک
مێخەکبەنگی تا ناوک شۆڕ
پانی بەرزی ڕەنگ مەیلە و مۆر
گۆبەرۆکی سوخمەی گوڵ گوڵ
لە گوڵهێرۆ ملوانکەی مل
***
جووڵە جووڵی کابرای شایەربە دەس، بە سەر
پیا هەڵدانی بێ سەروبەر
دزە دزەی ئێمەی مناڵ
بۆ بەستنی لکی دەسماڵ
تا ببینین
تا پێکەنین
بەو ئەنجامەی کە دەسبەردان
دەسماڵی لەیەک ئەئاڵان!.
***
=٣- نانخواردن:مەنجەڵی گەورەی زنجیردار
بە چەند ژنێ ئەهاتە خوار
پڕە مەنجەڵ و لێوانلێو
تێ کە یاپراخی گەڵامێو
غەڵبەی قسە، بانگی مناڵ
تەقە تەقی قاپی بەتاڵ
بەرنەکەوتن، بۆڵەوخوتە!
لە مریشک و لە پشیلە،
کشە و ختە!
دەوریی فڕان
بۆ قوژبنی کەس پێ نەزان
گریانی مناڵ، نووکەنووک.
جێگەی سەغڵەت، حەوشەی بچووک.
لە دەر، لە قوژبنێکی کەلاوە
لەبەر سووریی ئەو هەتاوە
چەند سواڵکەرێ برسی و داماو
سەریان بە یەکەوە ناوە
لەسەر یاپراخی هەڵوەشاو!.
٤- بووک بردن:
لە ژوورەوە بووک ڕێک ئەخەنئەڵێن قەیرێکی تر ئەیبەن
وا هاتە دەر
تارا بەسەر
تارا: ڕەنگی ئەرخەوانی
بووکیش: پەریی کوردستانی
شەرم لەناو چاوی گەشا
جوانی وا لەناو باوەشا.
تکەی ئارەقی سەر گۆنا
قەترەی شەونمە لە خوێنا!.
دوو پەری دەستیان گرتووە
کەمێ پێش خۆیان خستووە
وەکوو بەهار
ڕازاوەیە بووکی نازدار
نەشمیلە و جوان
وەکوو کچی شیعری «گۆران».
***
بۆ تەماشای بووکێ کردنپاڵەپەستۆیە و ڕەتبردن
جێگە تا بێ تەنگتر ئەبێ
سەربان و دەر پڕتر ئەبێ
دەنگی غەڵبە و زووڕنا و دەهۆڵ
ئەگاتە چۆڵ!
هەنگاوی ورد، نەرمە ڕۆشتن
وەستانی زۆر، ئارەق ڕشتن
ئەوا بەرەو ماڵی زاوا
شایی و بووک پێکەوە ئەڕوا
هەر لەپاش هەشت نۆ هەنگاوێ
نووچدانێکی کەم، بۆ تاوێ
ئاوێنەی چوارچێوە تەختە
جیازی بەختە
پشت لە خەڵکی، ڕوو لە بووکە
دیمەنێکە ئێسکسووکە.
***
ماڵی ناو کۆڵانی سەر ڕێبۆ سەیر هاتوونە دەرێ
خۆزگەی کچی شوو نەکردوو
بە کزەوە مل لار گرتوو.
لە سەرنجی چاوا دیارە
ڕوو هێمنە
بەڵام دەروون بێقەرارە!
گۆمی ئارەزووی بێبنە.
چرپەی کوڕان بە گوێی یەکا
نەهێنیی قسە دەرئەخا!
لە پڕێکا پێکەنینێ
نەهێنیی دەرئەپەڕێنێ.
مناڵەورتکەی بێشومار
وەک گەڵای دار
هەتاکوو بن
زۆرتر ئەبن
نە بۆ بووکە و نە بۆ جوانی
نە بۆ هەڵپەڕکێ و گۆرانی
نە بۆ خۆشیی زەماوەنگە
نە بۆ کیژی شۆخوشەنگە
وا شوێن کەوتوون
لەپێشەوە پێ هەڵگرتوون
بۆ نوقڵی ترش و شیرینە
بۆ ماجوومی ناوقەد شینە!
بۆ نۆک و خورما و حەڵوایە
کە ناو بەناو عانەی تیایە!
***
=٥- کۆتایی:شاییی هەردوولا لەیەکدا
تێکەڵ بوون و لەیەکیان دا
زاوای مل قوتی پشتێن پان
چاوەڕوانە لەسەر سەربان
ڕیشی زبر و سەر تاشراوە
خۆ شۆراوە
جامانەی تازە بەستراوە.
کە بووک گەیشتە بەر دەرگا
سمێڵی ڕەش، بزە ئەکا!.
بە قامیشێ
تۆزێ قایم کە نەیەشێ
بە سەری بووکا ئەکێشێ.
گوڵدان، گوڵاو ئەپرژێنێ!.
نوقڵ مناڵ ئەورووژێنێ
کوڕ و کچی حەز لێ کردوو
فرسەتە بۆیان دوو بە دوو!
وردە وردە گەرمەی ئاهەنگ
لەگەڵ تاریکایی هاتندا
سارد ئەبۆوە بۆ کۆتایی
لەگەڵ دەرگا داخستندا
شەوی خامۆش، ماڵاوایی
ئەکرد لە گەڕەک و شایی.