دڵداریی جاران
ژیانەوەی چەند وێنەیەکی شیرینی کۆنە
لە کتێبی:
تریفەی هەڵبەست
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
5 خولەک
1867 بینین
١
پاش نیوەڕۆ، پاش ڕەنجدانیگێرمەوکێشەی ڕۆژی فەرمان
پاش وچانی
سەوا و مامەڵەی سەر دووکان
خۆشە گەڕان
بەناو کۆڵانی گەڕەکی
«سەرچیمەنا» تا «حاجی حان»
بۆ چاوبڕکێ لەگەڵ کچان
بۆ بینینی ئافرەتی جوان.
***
لەناو سنووقی بۆراقالەناو تاقا
ڕانکوچۆغەی تازەی جەژن
هاتەدەر بۆ لەبەرکردن.
کڵاش، بە چنینی وردی
هیی هەورامانە دەسکردی
لە پێ کرا،
تەواوی کرد: جلی کوردی.
***
ئاوێنەی چەسپی ناو دیوارچەسپێکی نزمی گێڕ و خوار
بە شانەی تەختە هەشت نۆ جار
بە نووشتاوەیی بۆی وەستا
ڕۆنێکی زۆر لەناو مستا
سەری لەبەردا داهێنرا
دەست ماندوو بوون
تا تاقەت چوون
خۆ ڕێک خرا.
***
لەبەر خۆوە بەستەی «هەی نار»ورتە ورتێتی لەسەر زار
ئینجا قەتار،
بۆ پشوودان
گۆڕیی بە «نازی چاوبازان».
***
بە پۆزێکی هەڵوێستەوەبۆ بەر دەرگا
سێوە لاسوور بە دەستەوە
بۆ سەر ڕێگا
یاری لەسەر دەس پێ ئەکا
باوە و وایە
مەعنای تیایە:
نیشانەی کوڵمی جوانانە
هی کچەکەی کانێسکانە.
***
بە کۆڵانا وەرە و بڕۆوای دەرئەخا ئیشی هەیە
بەڵام درۆ
بۆ بینینی ئەو کچەیە
کە دەمێکە شێتی بووە
لە دەستەی هەموو جوانانا
لەناو کیژی کانێسکانا
تەنیا ئەو بە دڵیا چووە.
***
تا شل ئەبێ هێزی ئەژنۆوەرە و بڕۆ
سەر ئەشێوێ، یەت و ئەچێ
هەنگاوی خواروخێچ ئەنێ
داپیرەی زیتی تەشیڕێس
لەبەر قاپی چاوی لێیە
پێئەکەنێ
ئەڵی «کوڕم ئەو کۆڵانە، کوا دەرئەچێ!»
تەریقبوونەوەی پاشە و پاش
ئارەق بە ناوچەوان ئەگرێ.
٢
هێشتا عەسرە، گەڕەک کڕەخەڵک نووستووی تێر و پڕە
بۆ کچانی زیندانی ماڵ
زیندانی ساڵ
فرسەتێکە بێنە دەرێ
بۆ ناو کۆڵان
بۆ گسکدان
بەر دەرگای ماڵ خاوێن ئەکەن
دوو سێ جار، ئاوڕشێن ئەکەن
بەڵام مەبەست یار بینینە
بزەی لێوێکی شیرینە.
***
هەتا دڵنیاییی تەواولەناو دڵا ئارام نەگرێ
هەتا تیشکی سەرنجی چاو
ناخی دەروون تا بن نەبڕێ
هەتا تەواو لە دەسبڕین
نەکرێ نەفرین
هەتا ڕاستیی نیازێکی پاک
دیاریی نەدا
کچ دڵی خۆی بە کوڕ نادا!.
بەڵام کاتێ دەرکەوت خواستی
پاکە وەکوو نیازی ڕاستی
ئەوسا ئیتر
بەر قاپی گر
چاوەڕوانە
بۆ بینینی ئێوارانێ
ئیشارەتێ، سەرنجدانێ
کچی دڵخواز پەرێشانە.
***
ئینجا ئیتر پەپوولەی دڵچۆن ڕازی دڵ
بگەیەنێ بە سوورەگوڵ؟
چۆن بیدوێنێ؟ چۆن پێی بگا؟
کەی بێ قسەی لەگەڵ بکا؟
بە کاغەز یان لەبەر دەرگا؟
کەس دیار نەبێ
هەلی هەڵکەوت بەکار بێنێ
ئەم هەڵوێستە زۆر گرانە
خەڵکیش زۆریان دووزمانە
چاکتر وایە بە نامەیە
سکاڵاکەی هەڵبڕێژێ
هەر دووراودوور لە خەیاڵا!
خونچەی لێوی هەڵبمژێ.
٣
لەسەر کاغەزێ تایبەتیکە لایەق بێ بە یاری جوان
کوێرەخەتی
حوجرەی جاران
کەمتر وشەی کوردیی پەتی
بەڵام ڕەوان
قسەی ساکار
هەڵئەبژێرێ بۆ مەتحی یار.
دەست پێ ئەکا، ئەڵی: «گیانم،
هەناوم، ڕۆحی ڕەوانم،
هێزی ئەژنۆم،
بیناییی هەردوو چاوانم
پەرێشانم
بەو پەنجانە
ساڕێژی کە زامی ژانم»
وشەی دووبارەی لەیەک چوو
ئێجگار زوو زوو
دێڕی شاشی ناڕێکوپێک
ئەخەنە ڕوو
لەگەڵ نووسینی دێڕێکا
پیاچوونەوە بەسەر یەکا
دڵداریی یەکەم جارێتی
یەکەم کچی بەهارێتی
بۆیە دوودڵە لە شێوەی
جۆری نووسین
بۆ نازەنین.
تا چەند جارێ
تا شێوەیەک دڵی ئەگرێ
کاغەز ئەدڕێ
دیسانەوە لە نووکەوە
سەری دێڕی یەکەم ئەگرێ
یەک لەسەر یەک
لە شیعری زۆر
لە فۆلکلۆر
بۆ وێنە وەک:
«سەر کە سەر ڕانم
ڕەگی حەیاتم
لە قەبرەکەشا
هەر بەتەماتم»
ئینجا نیشانە پێویستە
بۆ پێکانی ئەمی هەژار
دڵبریندار
بە تیری ئەو خۆشەویستە
با بیکێشێ:
وێنەی دڵێ تیر تێ چەقیو
ئەم پەڕ هەتا ئەو پەڕ سمیو
لە دامێنا خوێن تکە تک
لێی ئەبارێ،
دێتە خوارێ
هێشتا نیشانەیەک ماوە
بۆ گلێنەی ئەو دوو چاوە
چۆن دەریخا کە سووتاوە؟!
بە ئاگری جگەرەی دەست
لە چەند لاوە
کاغەزی یاری خۆشەویست
کونکون ئەکا
پەرێشانیی دڵی دەربەست
ئاشکرایە و دەریئەخا.
***
بەر لە کاغەز پێچانەوەشلەو عەترانەش
کە وا ئێجگار بۆنیان تیژە:
ئەیدا لە نامەی یارەکەی
هەتا بۆنی بەهارەکەی
بکا، شۆخە نازدارەکەی.
٤
دنیای ئارامی ئەوساکەئەتوت بەهاری ڕووناکە
خەڵکی دڵیان وەک بەفر بوو
سپی و بێگەرد
ڕق و کینە ناڵێم نەبوو،
بەڵام کەم بوو.
درەنگی بۆ شەوی نەبوو
شەوی شادیی خەوی نەبوو.
***
وەرز هاوینەتریفەی مانگ لەسەر سەربان
چرای کۆڕی دانیشتنە
لەپاڵ چیغا
سکاڵای دڵ هەڵڕشتنە
دەستەی کچان
بە دانیشتن یاخود چیچکان
ئەڵقەی خۆیانیان بەستووە
دیوی کۆڵانیان گرتووە
***
وا تاقمێ لەگەڵ کوڕیکۆڵان گری
دڵدار هاتن
سەر بەرەوخوار
بەرەو بەر دەرگای ماڵی یار.
یەن و ئەچن
تا بەر کەلاوەی ئەوبەری
بەرامبەری
کچان ئەگرن
بەدەم گۆرانی و بەستەوە
دەنگ هەڵئەبڕن
هەتا کیژی چاوڕەش هەست کا
حەز لە دەنگی خۆشەویست کا!
***
تینوێتیی نیگای گرفتاروا لە لای یار
بۆ ئەم کاتە
بۆ ئەو مەرام
قسەی بێدەنگ ئیشارەتە.
ئەوا نازدار
دەست بۆ سەروقژی ئەبا
واتە: سەلام
لە دڵخوازەکەی خۆی ئەکا!.
***
کەی ئەم ئەبێ بە بووکی ئەو؟!کەی دێتە دی خەیاڵ و خەو؟!
کەی بێ تەمەن خۆزگەی مەرام،
نەکا ناکام؟!
چۆن پێی بگا؟!
تکا و نزا لای کێ بکا؟!
نزا لای شەخسی پیرانە
گەورەی مردووی گۆڕستانە!
کە نزیکی بارەگاکەی
تەنیای «بینایی چاوانە».
***
بۆ تۆ لە دوورهاتووم لەوپەڕی شارەوە
سەرتبدەم:
ئەی «پیرمەسوور»
بۆ حاسڵ بوونی نیازی خۆم
ماچت ئەکەم
خۆڵت ئەخۆم
تو خوا ئەگەر ئاواتی دڵ
نابەمە گڵ؟
ئەگەر ئەم نیازەم سەر ئەگرێ
با ئەم بەردە بچووکەی دەست
کێلی پیرۆزی تۆ بگرێ!
***
پاڕانەوەی دوورودرێژنزا هەڵڕێژ
لە دەوری گۆڕ
بەسەزمانە، بڕوای وایە
کلیلی بەختی دڵداری
لەوێدایە!