هێشتا لە پشتی باوکا بووین

بەبۆنەی ڕاپەڕینەکەی ٦ی ئەیلوولی ١٩٣٠، بۆ هاوتەمەنەکانم، پێشکەشە.
لە کتێبی:
تریفەی هەڵبەست
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 2 خولەک  730 بینین
ئەوسا ئێمە هێشتا لەناو پشتی باوکا بووین
لە دەروونی غەیب و دنیای چاو تاریکا بووین
نە دەس و دڵ، نە تام، نە بۆ، نە ڕەنگ، نە هەواڵ
نە دەنگ و سەنگ، نە ناونیشان، نە خەو، نە خەیاڵ
هیچیان نەبووین، کە برووسکەی گیانی کوردستان
لەناو شەوا ڕۆژی ڕوونی نوێی دائەگیرسان
هیچیان نەبووین، کە ئەم کوردە قۆناغ بە قۆناغ
سووری ئەکرد سەنگەری ناو سنگی شاخوداخ
کە «ئەیلوول»ی گیان بڵێسەی بەر دەرکی سەرا
تەرمی ڕۆڵەی لەسەر دەستی هیوا ئەگێڕا
کە ڕاپەڕین بۆ ئازادیی سکی ئەسووتان
کە بازووی ژین، کۆتی مەرگی سەرشۆڕیی ئەشکان
کە فوارەی خوێن، لەشی خاکی تینووی سوور ئەکرد
کە تاریکی، لەژێر چنگی هەڵمەتا ئەمرد
کە هاواری کاروانی ڕێی، ڕوو لە لووتکەی بەرز
لە ناخەوە لەشی دنیای ئەهێنایە لەرز
کە تریفەی مانگەشەوی پاش ڕۆژی کوشتار
بەهێمنی ئەنیشتە سەر خامۆشیی ناوشار
کە «پیرەمێردکەس» کڵپەی شیعری لەسەر یارەدا
لە دڕکەزیی ڕق و کینەی دوژمن بەرئەدا
کە «بێکەسکەس»ی بیر ڕووناکی نەبەرد و ئازا
پشکۆی شیعری بەناو دڵی ڕەشا ئەچزا
ئێمە و باوکیش، هێشتا لەناو پشتی ژینا بووین
لە دەروونی ونی دنیا و، ڕێی نەبینا بووین
کە ئەرخەوان لەناو بەفرا، چاوی بەهاری
هەڵئەهێنا بۆ شەهیدی ناو کوردەواری
کە خۆری دەم زامی شەبەق لە کەژ و هەردا
لە خوێن چەپکێ گوڵی ئەکرد بە یەخەی کورددا.