بەینێکە

لە کتێبی:
تریفەی هەڵبەست
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  560 بینین
بەینێکە خولیای حەز و ئارەزووم
سەرگەرمی کۆڕی بەزم و ئاهەنگە
نەشئەی ئارامی دەروونی تینووم
وەکوو تریفەی سەر گۆمی مەنگە.
***
بەینێکە تیشکی ئاسۆیە گیانم
ئەگرێتە باوەش زۆر لەسەرخۆیە
وەکوو منداڵی، خەوی جارانم
هەموو ساتێکی پڕ لە ئۆخەیە.
***
دڵەی خامۆش و تاریکی دوێنێم
ڕووناکە ئەمڕۆ وەکوو بەهارە
هەنگاو بۆ بەرزیی سەر لووتکە ئەنێم
ناژی لە دڵما ناوی پەژارە.