تۆ تەماشا کە برادەر لەم زەمانەی نابەکار

گیرانی ویساڵی بە دەستی ئینگلیزەکان
لە کتێبی:
دیوانی ویساڵی
بەرهەمی:
ویساڵی (1902-1973)
 2 خولەک  737 بینین
تۆ تەماشا کە برادەر لەم زەمانەی نابەکار
چۆن بە تیری خۆی ئەکا جەرگی هەموو کەس زامدار
عالەمی دنیا سەراسەر وا لە مەیدان میسلی گۆ
گشت بە چەوگانی فەلەک کەوتوون غەریبی دوور دیار
ئەهلی عیلم و سەیید و دەروێش و شێخ و سۆفییان
شاهـ و خونکار و گەدا، نۆکەر و هەم شەهریار
قازی و موفتی و ڕەئیس و کەیخودا و ئەهلی دێ
گشت بەجارێ دڵپەرێشانن لە چنگ فیتنەی دیار
ماعەلەینا لەشکری غەم وا جیهانی گرتووە
کەس نییە مەحفووز و سالم بێ لە مەکری ڕۆژگار
خۆ خوسووسەن مەردێکی وەک من، بێکەس و بێ خانومان
کەوتووم ئێستا بەبێ موونیس، زەلیل و لێوبەبار
هەر چی دادم کرد وەکوو فەرهاد لە چنگ زاڵی جیهان
زەڕڕەیەک نەفعی نەبەخشی بۆم بەجارێ ڕەنج خەسار
وا لە کونجی بێکەسیدا ماومەوە بێ هەم جەلیس
هەر وەکوو یەعقووبی کەنعانم لە حەسرەت ڕوویی یار
کەس نییە هەمتایی من گیرۆدەیی دامی بەڵا
گەر وەها مەعلوول و خەستەخاتر و هەم دڵفەگار
چونکە وەک یوونس ئێستا غەرقی دەریایی غەمم
فەرقی ڕۆژ و شەو نییە ئەسڵەن لەبۆ ئەمنی هەژار
من کە هەرچەندە بەدائیم بێنەوا و پڕ غەمم
گەر ببینم دەفعەیێ دڵدارێ بۆ دەفعی نەزار
موددەتێکە گەر وەکوو یوسف لە زیندانم ئەسیر
کەس نییە بارێ کەفارەت پێم بڵێ ئەی دەردەدار
هەر چی تێفکریم نەبوو مەردێ پەناهی بۆ بەرم
ئاخری ڕووم کردە دەرگای خالقی لەیل و نەهار
زۆر بە زیللەت کەوتمە دەرگا و بەدڵ پاڕامەوە
بەڵکە باری خوا بکا ڕەحمێ بە بەندی خاکەسار
ئەی ویساڵیناسناوی ئەدەبی تا نەمردووی شوکری نیعمەت بێنە جێ
تا لە دنیا و قیامەتدا نەبی بێ ئیعتیبار