مامۆستام گۆران

لە کتێبی:
تریفەی هەڵبەست
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 2 خولەک  1093 بینین
ئەی جێنزرگەی یارانی خامۆش
میری شاعیران نەکەی فەرامۆش
ئەی ئەرخەوانی ئازیزی سەیوان
ئاخۆ ئەزانی کێت بۆتە میوان؟
میوانی تازەت تەرمی «گۆران»ە
گەوهەری دنیای شیعری کوردانە
شابەستەی گیانی تازە هەڵبەستە
زیندووی ئەدەبی چرا بەدەستە
ئاوازی لێوی فریشتەی ژینە
خواوەندی وەسفی جوان و شیرینە
تریفەی هەستی مانگی نەورۆزە
لووتکەی هونەری بەرز و پیرۆزە
گیانی مەولەوی سەدەی ئێستایە
پەنجەی نەخشاوی وردی هیوایە
قیبلەی ئارامگای تاسەی دڵدارە
باڵائاوێنەی دڵی بەهارە.
***
گۆران ئەبینم: لەناو جوانییا
ئەژی لە ئاسۆی دەم بەیانییا
لە گۆمی مەنگ و لە خۆرنشینا
لە قژی زەرد و لە چاوی شینا
لە لووتکەی سپی و نزاری چڕا
لە هاژەی چەم و قەڵبەزەی خوڕا
لە باڵای بەرزی زۆر شۆخوشەنگا
لە دۆڵی کپی مات و بێدەنگا
لە بای خەزان و پاییزی زەردا
لە باڵەفڕێی پەپوولەی هەردا
لەناو هێلانەی سۆزی بولبولا
لە دەمی خونچەی سەر پۆپەی چڵا
لەناو جریوەی ئەستێرەی دوورا
لە ڕەنگی ئاڵ و پەمەیی و سوورا
لە بەرزیی کێوی سەر کەشکەڵانا
لە لەرانەوەی پەڕەی گوڵانا
لە نیگای مەستی ئافرەتی جوانا
سیاچەمانەی لای هەورامانا
لە عەتری بۆن و بەرامەی باخا
لە داروبەردی ڕێی قەرەداخا
لەو جوانییانەدا کە وەک وەنەوشە
لەبەر چاوانا ون و خامۆشە.
***
کەژاوەی شیعری بەهاری گۆران
ڕووناکە وەکوو ئاسۆی بەربەیان
هەتاکوو جوانی بژی و بمێنێ
گوڵاوی شیعری ئەو ئەپرژێنێ.