زەرفی مینا شاهی من مەزرووفی ئەڵماسی دەوێ

لە کتێبی:
دیوانی ناری
بەرهەمی:
ناری (1874-1943)
 1 خولەک  2162 بینین
زەرفی مینا شاهی من مەزرووفی ئەڵماسی دەوێ
وەک کونی ماکینە دەرزی تیژ و ڕەققاسی دەوێ
قەتعی ڕێگەی دۆڵەسوور و کانی گەرمی بەرمووان
هیممەتی چابوک سواری قەومی بڵباسی دەوێ
بەحری قوڵزوم تەجرەبەی قووڵی بە هەر کەس ناکرێ
ئیمتیحانی بێخی دەریا شەخسی غەوواسی دەوێ
چاوی مێروو موشکیلە تەشخیسی ئەو بێ زەڕڕەبین
ماهی نەو دۆزینەوەی ئەو، زیادە ئیحساسی دەوێ
وەزعی بێ زەرفی لەبۆ تۆ، ئیشی بێ زەرفی نییە
بوو، کە شمشێری مجەوهەر، مەحفەزی خاسی دەوێ
موختەسەر زەرفی زەریف و شەمعدانی وەک بلوور
شەمعی کافووری میسالی بێ گرێ و ڕاسی دەوێ