چاوەکەم کەی بێ زەمانێ زوو بە زوو
بۆ حاجی مەلا عەزیزی بالیکەدەری
لە کتێبی:
دیوانی ناری
بەرهەمی:
ناری (1874-1943)
2 خولەک
743 بینین
چاوەکەم کەی بێ زەمانێ زوو بە زوو
دابنیشین بێ غەمی دڵ، دوو بە دوو
دەفتەری ڕازی گلەی ڕۆژی فیراق
بێتە مەیدانی بەیانۆ، موو بە موو
چەندە خۆشە بۆ من و تۆ پێکەوە
وەک گوڵ و بولبول، بە شێوەی ڕوو بە ڕوو
وا بە تۆ موشتاقە چاوم، هەر وەکوو
گوڵ بە ئاو و لێو بە چایی و کچ بە شوو
گەر دەپرسی چۆنە ئەحواڵم! عەزیز
دوور لە تۆ باوی نەما، وەزعی بە ڕوو
مووی سپیم پێ خۆشە، چونکە قەت نەبوو
هەمدەمی ساحیب وەفا، غەیری پەموو
ناکوژێتۆ ئاگری دووریی بە شین
موشکیلە بکوژێتەوە، ئاور بە فوو
بۆ دڵی تۆ، چاوی من! دەرحەق بە من
بوو بە بەردی سەخت و بەرداشی کەتوو؟
وا لەبەر قیژەی قژاکەی بێ ئەدەب
مەخفییە ئەهلی ئەدەب وەک کوننەبوو
غەم لە دڵما بۆ نەمانی زیکری حەق
بێ زیارەت بوو بە شێخی سەرگەلوو
بۆ ژنی دنیا کە نیکاحم بڕی
بوو بە شاهید نەگبەت و غەم پێخەسوو
وەعزی من بۆ ئەهل و میللەت چاوەکەم
پووچ و بێ تەئسیرە وەک تەڵقینی جوو
وا لە قەیدی میحنەتا ماوم زەلیل
موددەعی من ڕوو بە ڕوو، سینەی هەنوو
کەعبە کەچ نابێ لە گوڵزاری سەفا
گەر کەرەم کەی تۆ بە ناریناسناوی ئەدەبی یەک دەسوو