ئەی خاکی وەتەن بۆ چی نەما شێوەیی پارت
لە کتێبی:
دیوانی ناری
بەرهەمی:
ناری (1874-1943)
3 خولەک
1137 بینین
ئەی خاکی وەتەن بۆ چی نەما شێوەیی پارت؟
بۆ بوو بە شەوی زوڵمەت و تاریکە نەهارت؟!
بۆ باسی نەما دەفتەری ئەحکامی ئیلاهی؟!
بۆ یادی خودا وا لە گورێزا لە کەنارت؟
بۆ عاجز و بێزاری لە مەعشووقەیی تەقوا؟
بۆ پیرەژنی کۆنە هەوا بووبوو بە یارت؟
وەک بازی جەفاکاری ستەم پیشەیی نەمروود
بۆ تەیری سەفا، مورغی جەفا، بوو بە شکارت؟
سا بۆ چی نەکەم شیوەنی گوڵ، سیسە لە باغا؟
دڵ بۆ چی نەکەم لەت لەت و سەد پارە لە داغا؟
ئەی خاکی وەتەن، بۆچی نەما ڕەونەقی جاران؟
بۆ قاتییە ڕەسم و ڕەوشی سوحبەتی یاران؟
بۆ بێ ئەسەرە، ڕەونەقی بازاڕی دیانەت؟
بۆ حوسنی عەمەل هیچی نەما یەک لە هەزاران؟
بۆ دەنگی نییە جەزبەیی سۆفی لە سەحەردا؟
یا شوکری غەنی، سەبری فەقیران و هەژاران؟
کوا شۆڕشی دەروێشی و تەهلیلە شەو و ڕۆژ؟
کوا نەعرەیی دێوانە، وەکوو ڕەعدی بەهاران؟
عاجز مەبە لەم تەبعی کەچ و حاڵەتی بەد خووت؟
بێ پەردە، نەبێ بێ ئەدەبی، تف لە سەر و ڕووت
ئەی خاکی وەتەن بۆچی نەما سەیر و سەفاکەت؟
بۆ زێر و زەبەر بوو بە دەمێ، قەسری وەفاکەت؟
بۆ گوڵشەنی ئادابی مەحەببەت نییە ئەمڕۆ؟
بۆ سازە لە بۆ نەشتەری دڵ خاری جەفاکەت؟
بۆ دڵ بە دڵێ مەیلی نەماوە لە وەتەندا؟
بۆ ڕووی لە تەرەف قیبلە نەما قیبلەنوماکەت؟
بۆ قاعیدەیی بوغز و حەسەد سازە لە تۆدا؟!
بۆ پاکی شکا، پەنجەیی ئیحسان و عەتاکەت؟!
سا بۆچی نەبی تۆ بە زرێباری مەجووسی؟!
یا چیهرەیی تۆ دیدە نەبینێ بە عەبووسی!
ئەی خاکی وەتەن، یادی وەفا بۆچی نەماوە؟
بۆ بازی سپی عیلم و ئەدەب، باڵی شکاوە؟
بۆ ئەسپی قەناعەت، نییەتی قووەتی جەولان؟
بۆ هیممەتی ئەربابی کەرەم خەتتی کشاوە؟
بۆ سازی تەرەب تاری دووسەد لانییە ئیمڕۆ؟
بۆ ڕوشتەیی عیسمەت، لە دووسەد جێوە بڕاوە؟!
بۆ تازەیە کین و حەسەد و بوغز و عەداوەت؟!
بۆ کیسەیی دانەی گوهەر و چاکە دڕاوە؟!
بۆ عیلم و عەمەل بێ ئەسەرە ئەمڕۆ لە دنیا؟!
بۆ ئەهلی خودا پاکی هەموو جەرگی بڕاوە؟!
چون مەشرەبی تۆ مەتلەبە لای میللەتی عیسا
ترسم ئەوەیە عاقیبەتت ببیە کلێسا
ئەی خاکی وەتەن بۆ چی چەمەن چۆڵە لە بوڵبوڵ؟
وەجهی چییە بەم ڕەنگە نەما جیلوەگەریی گوڵ؟
بۆ ئایەتی جەمعییەتی خاتر لە وەفادا؟
مەنسووخە، پەرێشانە، وەکوو حوججەتی باتڵ
بۆ بووی بە تەڵە و داوی هەموو شێخ و مەلایە!
ئاڵاوی لە مل پاکی چ هوشیار و چ غافڵ
بۆ یادی نەما شۆڕش و غەوغایی قیامەت؟!
لای ئەهلی جیهان، پاکی چ بێ فەهم و چ عاقڵ!
گەر تۆبە نەکەی تۆ لە تەقازایی هەوەس زوو
دەک زێر و زەبەر بێ، وەکوو ئەو شارە کە ڕۆچوو
ئەی خاکی وەتەن غەفڵەتی بێ غایە هەتا کەی؟
مەشغووڵی هەوا و هەوەس و کایە هەتا کەی؟
بۆ یادی مەقامی ئەبەدی مەحوە لە دڵتا؟
شەوق و تەرەب و مەنزڵی بێ پایە، هەتا کەی؟
دنیا کە هەموو لەحزە هەم ئاغۆشی کەسێکە!
سوحبەت لەگەڵ ئەم فاحیشە ڕیسوایە هەتا کەی؟
بۆ خۆت کە دەزانی لە مەرگ نیتە هەڵاتن!
پەس ئەم هەموو تەفرە و شتە بێ جایە هەتا کەی؟!
نازیش مەکە ئەی نەفسی فرۆمایە بە تەدریس
نەک دەستی ئەتۆ، بێ بگرێ خایەیی ئیبلیس!