تاسەی هیوام

لە کتێبی:
تریفەی هەڵبەست
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 3 خولەک  1830 بینین
ئەی دەروونی ناو گێژاوی دەریای دڵتەنگی
ئەی کسپەکەی خەم خۆرەوەی دنیای بێدەنگی
ئەی ئاوارەی، گۆشەگیری گۆشەی کۆنی خەم
ئەی تارماییی بێترووسکەی تاساوی ماتەم
تاکەی هەروا لەبەر دەرگای ماڵی مەینەتا
دەستەوئەژنۆ دائەنیشی لەگەڵ خەفەتا؟
تاکەی تەمەن ئەبەیتە ناو وەرزی وشکەوە
تاکەی هیوام ئەخەیتە ناو، داوی شکەوە؟
تاکەی لە شوێن کەلاوەکەی پەپووی ناسۆری
جێنیشتە بی، تاکەی بەرگی پاییز ناگۆڕی؟
دە پێم بڵێ، ئەی دەم بەقفڵی ژەنگ داخراو
ئەی دڵ تینوو، شنەی زەردەخەنە لێ تۆراو!
دە پێم بڵێ بۆچ لە ئاستی پرسیاری ڕوونا
گرژ ئەکەی ڕوو، لەژێر هەوری پەستی زەبوونا؟
دە پێم بڵێ، بۆچ هەر ئەبێ ڕووخساری ژیان
لە چوارچێوەی تەنگ و تارا پێم بدەی نیشان؟
بۆچ هەر ئەبێ، دەستی لەرزۆک بۆ چەنەی ماتی
سەرنجی وێڵ، بگرمە ڕێی ڕەش و نەهاتی؟
بۆچ هەر ئەبێ، لە چاوی خەم فرمێسک هەڵڕێژم
ئەم تەمەنەم وا بە کاڵی بۆ تۆ بنێژم؟
هەتا شل بوو ئەژنۆی مەراق ڕۆیشتی و گەڕای
کام قوژبنی ژیان تاریک بوو، تیایا خزای
کام ئاوازە، ناکام و پەست بوو گوێت بۆ ڕاگرت
کام هەواڵ کە پەڕەی ژاکاو بوو ڕێگەت پێ گرت
کام دڵ کە قاڵی ئەندێشە بوو پەنات بۆ برد
چەند پاییزی کوێرەوەریت بینی و بەڕێ کرد
چەند دراوسێی کۆن و تازەی هاودەردت ناسی
چەند ڕۆژگارت بە تەنافی شەوا هەڵواسی
چەند گوڵاڵەی نەوبەهاری ئاواتت وەران
چەندە بزەی دڵنیاییت لە ژیان تەران
چەند ئاهەنگت هەروا گۆڕێوە بۆ تەنیایی
چەند هەڵوێستی شادمانیت دا بە خۆڕایی
دەپێم بڵێ ئەی دەرونی خەڵوەتی ناکام
چاو بەستراوی ڕێگە ونبوو، واق و وڕی سەرسام
ئەی لەپاشا کوا بەرهەمی تەمەن؟ کوا ئەنجام؟
کوا گەنجێتی؟ کوانێ گەشەی شادی بۆ هیوام
کوانێ بەری تۆوی ساڵی چێنراوی ڕۆشتوم؟
کوا تریفەی مانگی عومری ئێستاکە ون بووم!
کوا ڕۆژانی هەرزەکاریی گوڕی جارانم؟
کوا خوێنگەرمی و تین و جۆشی دەمارەکانم؟
کوا پاشەڕۆژ بە پرشنگی ئاوات ڕووناک بوو؟
دە پێم بڵێ ئەو سەردەمە، بوونی تۆ چی بوو؟
غەیرەز بەوەی بە پاچی خەم گردی ژیانم
هەڵکەنی تیا گۆڕستانی مردووی ڕۆژانم
دەبا ئیتر ئەی دەروونی پیرەمێردی خەم
ڕوو وەرگێڕی بۆ بەهاری لاوێتیی تاسەم
دەبا ئیتر ئەو چەند ڕۆژەی ماوە لە تەمەن
بە شەرابی بەختیاری، خۆیان سەرخۆش کەن!
دەبا ئیتر بیبڕیتەوە ناڵەی ناسۆری
ئەم زستانەم بە نەورۆزی تازە بگۆڕی!