وەرە نازداری خوێن شیرین
لە کتێبی:
دیوانی شێخ محەممەدی حیلمی
بەرهەمی:
شێخ محەممەدی حیلمی (1909-1985)
1 خولەک
603 بینین
وەرە نازداری خوێن شیرین
هەر دوو ئاهەنگی بگێڕین
تۆ بزەی سەرلێو پێکەنین
وەک گوڵی بەهار ڕازاوە
بە بەرگی ئاڵ و مۆر و شین
منیش بولبول بە سۆزی دڵ
چۆن دێتە ئاوازە بۆ گوڵ
بۆت دێمە سۆز بە جۆش وکوڵ
بۆت دێمە نەغمەی دڵ تەزێن
هەتا سپاردنم بە گڵ
تۆ جامێ مەی منیش خومار
تۆ شاهـ و من گەدای هەژار
تۆ پزیشک و من بریندار
من لە کێوان و تۆ لە شار
تۆ چاو لە خەو منیش بێدار
عالەم با هەر لێم بێزار بێ
گیانم ئیتر گازی بەدکار بێ
ژینی تاڵم با یادگار بێ
شیرینی لام زەهری مار بێ
دادم لە دەست ڕۆزگار بێ
بە یادی تۆ ڕۆژ وشەوم
ڕۆژ دڵگران شەو ناخەوم
بێ خاوەنە کۆچ و ڕەوم
خەزانی عومرم هەڵڕژا
بۆ تۆ ڕازی ئەموئەوم
بە بێ گوناهـ تاوانبارم
مەینەت بار بێ ئیش و کارم
دەردم ئاسان نییە چارم
لەش سووکم گرانە بارم
هەمووی بۆ تۆیە دڵدارم